riklam

کۆمسیۆن کۆتا تاقیکردنەوەی پرۆسەی دەنگدانی ئەنجامدا

کوردستان 11:08 AM - 2024-09-13
لۆگۆی کۆمسیۆن و پڕۆسەی دەنگدان PUKMEDIA

لۆگۆی کۆمسیۆن و پڕۆسەی دەنگدان

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق کۆتا تاقیکردنەوەی پرۆسەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکان پەسەند بکات و رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دیاری بکات.

 

دوای پەسەندکردنی کاندیدەکان رۆژی دەستپێکردنی بانگەشە دیاریدەکرێت

عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەلێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئێوارەی ڕۆژی 12-9-2024، كۆمسیۆن لەڕێگەی سیستمی گواستنەوەی دەنگەوە پڕۆسەی تاقیكردنەوەی رەسمی بۆ ناوەندی گواستنەوەی دەنگەكان کرد بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ".

"هەمانکات لەسەرجەم ناوەندەكانی دەنگدانەوە ژمارەو داتاكان بۆ سیستمی گواستنەوەی دەنگەكان نێدران، بۆ ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەباشی كاركردنی سیستمەكە دڵنیاببێتەوە، چونكە ئەمە كۆتا رێكاری كۆمسیۆن بوو بۆ  پڕۆسەی دەنگدان"، عیماد جەمیل وایوت.

سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق راشیگەیاند: "لە هەفتەی داهاتووەوە كۆمسیۆن ناوی كاندیدەكان پەسەند دەكات و رۆژی دواتر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستپێدەكات، لەئێستاشدا ناوی كاندیدەكان ئامادەن و سەرجەم رێكارەكانی تەواوكراون".

لەبارەی كاندیدە دوورخراوەكانیشەوە سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: "ئەو لایەنانەی كاندیدەكانیان دوورخراونەتەوە ناوی كاندیدی نوێیان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووە، بەڵام كاندیدە سەربەخۆ دوورخراوەكان هیچ كاندیدێكی دیكە لەشوێنیان دانانرێت".

 

لە کۆی 95 کورسی گشتی 29ـی بۆ ژن دیاریکراوە

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "ژمارەی کورسییەکان بەم شێوازە دابەشکراوە بەسەر پارێزگاکاندا، هەولێر 32 کورسی گشتی و 2 کورسی کۆتا کە نابێت رێژەی ژن لە 10 کورسی کەمتر بێت، هەروەها سلێمانی 36 کورسی گشتی و 2 کورسی کۆتا کە نابێت رێژەی ژن لە 11 کورسی کەمتربێت".

 

وتەبێژی کۆمریۆن ئاماژەی بەوەشدا: "دهۆک 24 کورسی گشتی و 1کورسی کۆتای بۆ دیاریکراوە کە نابێت رێژەی ژن لە 8 کورسی کەمتربێت، لە هەڵەبجەش 3 کورسی دیاریکراوە و کورسی کۆتای نییە و نابێت رێژەی ژن لە یەک کورسی کەمتربێت".

بەپێی زانیارییەكانی PUKMEDIA، تاوەكو ئێستا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە حەوت كاندید بەپێی ماددەی 21 لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992 ی هەمواركراو دوورخراونەتەوە، كە هیچ كامیان كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نین.

بڕیارە رۆژی 20ـی 10ـی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، كە 139 لیست لە نێوانیاندا 2 هاوپەیمانی و 13 حزب ناویان تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكەدا.

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket