riklam

نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران: پێگەی سلێمانی بۆ ئێران گرنگە

کوردستان 08:04 PM - 2024-09-12
سەرۆک بافڵ و سەرۆککۆماری ئێران  PUKMEDIA

سەرۆک بافڵ و سەرۆککۆماری ئێران

سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی و بۆ شاری سلێمانی بەتایبەتی گرنگی تایبەتی هەیە و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ئێران دەڵیت: "پەیامی سەرۆککۆمار بۆ هەرێم رونە و ئاماژەدانە بە رۆڵی گرنگی سلێمانی بە هاوتای هەولێر".

 

پزیشکیان: بۆ خاتری ئاشنایی و یه‌كێتی هاتووینه‌ته‌ سلێمانی

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لەسەر مەزاری سەرۆک مام جەلال لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن وتی: "من لە سابڵاخ لەدایک بوم و لەگەڵ ئەم ناوچەیە دەمانەوێت ئاشنایی و یەکێتی زیاترمان هەبێت، بۆیە پێم خۆش بوو سەردانی سلێمانی بکەم و لە نزیکەوە بیانبینم و تا پێکەوە بتوانین لەهەموو بوارەکاندا گرنگی زیاتر بە پەیوەندییەکانمان بدەین".

 

نوێنەری حکومەت لە تاران: بەهاوتای هەولێر، سلێمانی بۆ ئێران گرنگە

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "هاتنی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکێکی باشە، بۆ گرنگی دانی زیاتر بە پەیوەندییەکان، هەروەها سەردانی بۆ شاری سلێمانی سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە بۆ ئێران سلێمانی بە هاوتای هەولێر گرنگە".

"سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ شاری سلێمانی پەیامێکی سیاسییە و بەمانای ئەوە دێت، هەولێر و سلێمانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوتای یەک گرنگن بۆ وڵاتەکەی، بەڵام ئەگەر لەسەردانی سەرۆککۆمارەکانی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بڕوانین، زۆر جیاوازە لەم سەردانەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێم، چونکە پەیامی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێم پارێزگاری کردنە لێی"، نازم دەباغ وای وت.

 

وتەبێژی یەکێتی: هەمیشە ئێران پشتیوانی گەلی کورد بووە

کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو بارودۆخێکی دژوار و ناهەمواردا پشتیوانی گەلی کورد بوەو یەکێتیش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەهەوڵدا بووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەت و کۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگی زۆری هەیە و پتەوکردنەوەی پەیوەندییە لەمێژینەکانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، کەلەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال دامەزراوەو درێژەی پێدەدرێت".

"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە گشتی و ئێران بە تایبەتی داوە، چونکە هەمیشە وڵاتی ئێران پشتیوانی گەلی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە لە بارودۆخە دژوارەکاندا"، سەعدی پیرە وادەڵێت.

وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند: "دەتوانرێت سود لە پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران وەربگیرێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەبەر ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پەیوەندی گەورە و مێژووی هەبووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران".

 

لەتیف نێروەیی: جوگرافیای سیاسی سلێمانی وای کردووە ئێران گرنگی پێبدات

شاری سلێمانی بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیەکەی و بونی یەکێتی و پیگەی سەرۆک بافڵ جێگای گرنگی پێدانی وڵاتی ئێرانە و سەردانی ئەمڕۆی سەرۆککۆماری ئێرانیش ئەو راستییە دەسەلمێنێت.

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران سەلمێنەری ئەو راستییەیە کەلەسەر دەستی سەرۆک بافڵ پەیوەندییەکانی یەکێتی و وڵاتانی جیهان بەرەو گەشەپێدانی زیاتر چووە و جوگرافیای سیاسی سلێمانی وای کردووە ئێران گرنگی زیاتری پێبدات".

"ئێران سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی عیراقی لا گرنگە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەم خاڵەدا هاوبۆچونە لەگەڵ ئێران و رۆڵی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیش لەم پرسەدا گرنگ بووەو هەوڵەکانی هەمیشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان بووە"، لەتیف نێروەیی وادەڵێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-9-2024 مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەهەولێر کۆبوەوە، پاشانیش لەرێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەیشتە سلێمانی و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پیشوازی لێکرا، دواتر چەپکە گوڵی رێز و وەفای لەسەر مەزاری سەرۆک مام جەلال دانا، هاوکات لەگەڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەدەباشان کۆبوەوە.

 

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket