riklam

هەژارترین پارێزگا لە عیراقدا

بیروڕا 11:01 AM - 2024-09-10
 هاوكار قادر PUKMEDIA

هاوكار قادر

بیروڕا

 هاوكار قادر
 
"هەژارترین پارێزگا لە عیراقدا" تایتڵ و رستەیەك نییە هەروا بە ئاسانی بێتە بەر گوێ و بە چاو بخوێنرێتەوە و تێپەڕێت، بەڵكو دەبێت هەڵوەستەیەك بكرێت و وەك تاوانێكی ئابوری و مرۆڤایەتی تەماشای بكرێت. بەڵێ تاوان! چونكە ناكرێت لە وڵاتێكی وەك عیراق دەوڵەمەند بەسەرچاوەی سروشتی، خاوەن یەدەگێكی 100 ملیار دۆلاری، 150 تۆن زێڕ، پارێزگایەكی هەبێت نیوەی دانیشتوانەكەی لەخوار هێڵی هەژاریەوە بن.
 
هەژاری و چەرمەسەری دانیشتوانی پارێزگای موسەننا لە باشوری عیراق، بۆتە جێی سەرنج و پرسیار؛ بۆچی ئەوەندە هەژارە؟ بۆچی دوای 21 ساڵ لە عیراقی دوای دیكتاتۆری و نەمانی گەمارۆی ئابوری، هێشتا ئەو پارێزگایەی باشوری وڵاتەكە ناسنامەی هەژارترینی پێبدرێت؟، لە دوو دەیەی رابردودا داهاتی نەوتی عیراق زیاتر لە 1.5 تریلیۆن دۆلاربوە، بۆچی موسەننا لەبیری دەسەڵاتدا نەبوە؟ كێ بەرپرسە؟ تەنها حكومەتی عیراق یاخود حكومەتە خۆجێیەكانی؟ سروشت غەدریلێكردوەو هیچ سەرچاوەیەكی نییە خۆبژێوی بكات و چاو لەدەست و چاوەڕێی داهاتی ناوەند نەبێت؟.
 
موسەننا لەرابردودا؛ خاوەن شارستانێتییەكی دێرینی وەك سۆمەری بوە، كە رۆڵێكی گەورە و كاریگەری لە دیرۆكی دێریندا هەبوە، شاری وەركای ئاوەدان كردۆتەوە كە پێنج هەزار ساڵ پێش زایین لە باكوری خۆرهەڵاتی ناوەندی پارێزگاكە بونیادنراوە و چالاكی كشتوكاڵی تێدا كراوە.

ئەمرۆش كشتوكاڵ بەڕێژەیەكی كەم (یەكێك لە كەرتە گرنگەكانی رەخساندنی هەلیكار لە ئابوری)، چیمەنتۆ، نەوت، خوێ و خورما و مەڕوماڵات لە پارێزگاكەدا هەیە،  ئەگەرچی بەرهەمی زۆر نییە، بەڵام بەو مانایە نا كە خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و سامانی خۆی نەبێت، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی كەمە و بە گوێرەی  سەرژمێرییەكانی رابردو بێت تەنها لە سەروو 800 هەزار كەسی تێدا دەژین، دوای پارێزگای ئەنباریش، دووەم گەورەترین پارێزگای وڵاتە لەڕوی جوگرافییەوە، واتە 12%ی روبەری عیراق، بەڵام 85%ی خاكەكەی بیابانە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێكی پێشتری رۆژنامەی (گریق الشعب)، دانیشتوانی موسەننا هەژارترینن لە عیراقدا، كە بۆ ئەمەش پشتی بە ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بەستوە و گوایە لە عیراق 10 ملیۆن كەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، كە موسەننا بە تەنها 52%ی خەڵكەكەی لە ژێر ئەو هێڵەدان و ژیان و گوزەرانیان زەحمەت و قورسە، بە پێوانەی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی پارێزگاكە داهاتی رۆژانەیان كەمتر لە 2 هەزار و 500 دیناری عیراقییە.
 
خەڵكی موسەننا پەنایان بۆ هەموو لایەنێك بردوە بۆئەوەی بە هانایانەوە بچن، یارمەتیدەریان بن و لەو رەوشە ناهەموارە رزگاریان بكەن، هەرچەندە بەڵێنی زۆریان پێدراوە، بەڵام وەك خۆیان بۆ رۆژنامەكە قسەیان كردوە، تەنها قسەی بێ كرداریان گوێ لێبووە و كارێكی ئەوتۆیان بۆ نەكراوە.
 
ئەم زانیارییە پوختە بۆ تێگەیشتنە لە واقیعی پارێزگایەك لە باشوری عیراق، كە سەرەڕای زەبەلاحی بودجەی وڵات و داهاتی فرۆشی نەوت، بەڵام نیوەی زیاتری دانیشتوانەكەی لەوپەڕی نەهامەتیدا دەژین و لە رابردودا نە حكومەتە خۆجێیەكان و نە حكومەتی عیراقیش نەیانتوانیوە لە ئاستی چاوەڕوانی و خواستیاندا بن و لە هەژاری رزگاریان بكەن.
 
ئێستا لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێی خۆجێی موسەننادا، ئومێدێك هەیە بۆ كاركردن بە پلانێكی نوێ و بە ویستێكی جیاوازترەوە، ئەوەش وایكرد خودی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆمار بچێتە پارێزگاكە و بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و پسپۆڕان و ئەكادیمیست و جەماوەرێكی بەرفراوان  كۆببێتەوە و لە نزیكەوە بزانێت بۆچی 21 ساڵە هیچ بۆ ئەو پارێزگایە نەكراوە؟ بۆچی گەشەی ئابوری و سەقامگیری و دەستپێكردنی پرۆسەی ئاوەدانی نەگەیشتۆتە ئەو پارێزگایە؟ بۆیە هەم پێشنیاری خستەڕو، هەم سكاڵا و پێشنیار و دەردەدڵیی خەڵكەكەی وەرگرت و بڕیارە كاری لەسەر بكات.

سەرۆك كۆمار لەبەردەم جەماوەرێكی بەرفراواندا وتی؛ ناتوانین ئەو ئاڵنگاریانە پشتگوێبخەین، كە لەبەردەم ئەم پارێزگا ئازیزەدایە. بۆ ئێمە جێگای داخ و بە ئازارە ئەم پارێزگایە هەندێكجار لە سەرووی لیستی هەژارترین پارێزگاكانەوە بێت، دەبێت هەموومان كاربكەین بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە.
 
ئەو سەردانە دەكرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئایندەی پارێزگاكە و ئاوڕلێدانەوەی جدی. بەتایبەت، كە لەگەڵ بونی سامانی سروشتی، پارێزگا ناوچەی گەشتیاریی "ساوە"ی لێیە، كە دەریاچەیەكی سەرنجڕاكێشی هەیە، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنەوە پێویستی بە وەبەرهێنانێكی گەورەیە تا ببێتە ناوچەیەكی حەوانەوە لەو بیابانە وشكەدا.

ئەوەی گوزەر بە پارێزگاكانی باشوری عیراقدا نەكات، ئاستی بێ خزمەتگوزاری و دواكەوتنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و خراپی رەوشی ژیان هەست پێناكات، كە ئەوەش وایكردوە هەمیشە دەنگی ناڕەزایی بەرزبێت و داواكاری بۆ ژیانێكی باشتر و شایستە ببێتە پرسێكی رۆژانە. ئەم رەوشەی وڵاتیش بە گشتی لەكاتێكدایە، كە داهاتێكی زەبەلاحی فرۆشتنی نەوتی هەیە و بۆ نمونە ساڵی 2022 گەیشتە 115 ملیار دۆلار.

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket