riklam

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی: شێواندنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان قبوڵ ناکەین

کوردستان 09:15 PM - 2024-09-07
کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق PUKMEDIA

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵدا یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە روفاتی شەهیدانی ئەنفالکراوی گەرمیانی تێدایە بەشێوەیەکی ئاشکرا و بەئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندارەکان و بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ هەڵبدرێتەوەو و بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: "هەر کردەوەیەکی شێواندنی گۆڕەکان قبوڵ ناکەین و بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان رووبەروی یاساییان دەکەینەوە".

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەچەند رۆژی رابردوودا کۆمەڵێ پەیوەندی و بەدواداچوونمان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندارەکان ئەنجامدا سەبارەت بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال لە بیابانی تەلشێخی سەماوە،  لەوانە بەرێوەبەری گشتی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق و نوێنەرایەتی رێکخراوی ICMP نێودەوڵەتی و پزیشکی داد، بەپێی کۆنوسێکی هاوبەشی نێوانیان مانگی یانزەی ئەمساڵ، بەرێوەبەرایەتی گشتی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق و نوێنەرایەتی رێکخراوی ICMP نێودەوڵەتی و پزیشکی داد بڕیارە یەکێک لە گۆڕەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا و بەئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندارەکان و بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ هەڵبدرێتەوەو رێکخراوی ICMP چاودێری دەکات".

"لەهەنگاوی یەکەمدا یەک گۆڕ هەڵدەدرێتەوە کە بەپێی خەملاندنی تیمەکان نزیکەی ٢٠٠ روفاتی تێدایە و شەهیدانی ئەنفالکراوی گەرمیانن و لەرووی رەگەزو تەمەنەوە تێکەڵن، هەروەها دواخستنی کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکانیش بەهۆی گەرمای ئەو ناوچانەوەیە، چونکە تیمەکان بەرگەی گەرمای بەتینیان نەگرتوە، هەڵدانەوەی گۆڕەکانیش بەیەکەوە نابن هەموویان بۆئەوەی پزیشکی داد فریای پشکنین و کارەکانی بکەوێ"، کاروان یاروەیس وادەڵێت.

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا: "سەبارەت بەپاراستنی گۆڕەکانیش تا تەواوبوونی پرۆسەی هەڵدانەوەیان، جەختمان کردەوە کە هەر کردەوەیەکی شێواندنی گۆڕەکان قبوڵ ناکەین و بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان رووبەروی یاساییان دەکەینەوە وەکچۆن پێشتر بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لەئەنجام نەدانی پشکنینی DNA سکاڵامان لەدژی پزیشکی داد لەلای داواکاری گشتی عێراق تۆمارکرد".
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket