riklam

سەرۆک بافڵ: یەکێتی درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات

کوردستان 01:58 PM - 2024-09-04
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و د. فوئاد مەعسوم سەرۆککۆماری پێشووتری عیراق نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتی

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و د. فوئاد مەعسوم سەرۆککۆماری پێشووتری عیراق

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک بافڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی د. فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووتری عیراق و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی کرد.

 

لەدیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ باشتربوونی دۆخی تەندروستیی د. فوئاد مەعسوم دەربڕی و ستایشی رۆڵی مێژوویی و کاریگەری بەڕێزیانی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و رایگەیاند، یەکێتی بە وەفادارییەوە لە خەبات و ماندووبوونی ئێوە دەڕوانێت، ئێوە سەرمایەیەکی گەورەن بۆ ئێمە و هەوڵەکانتان لەپێناو سەرفرازیی کوردستان و بونیادنانی عیراقی نوێدا مایەی شانازییە.

 

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرەکانی، درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات، ئێوەش کە هاوڕێ و هاوخەباتی مام بوون، پاڵپشتی و پشتیوانیی ئێوە بەرز دەنرخێنین و بەشوێنپێی ئێوەدا هەنگاو بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر دەنێین.

 

سەرۆك بافڵ: هەوڵی ‌قۆناغێكی نوێی ‌حوكمڕانی دەدەین

 

لەلایەكی دیكەشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ لوقمان وەردی و سالار مەحمود، لێپرسراوانی مەڵبەندەكانی راپەڕین و گەرمیان كۆبووەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا دوایین ئامادەكارییەكانی یەكێتی لەو سنوورانە بۆ هەڵبژاردن تاوتوێكران و جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی یەكێتی و هێنانەكەی ‌حوكمڕانییەكی تەندروست.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی مێژووی پڕ لەسەروەری و شانازیی سنوورەكانی گەرمیان و راپەڕینی وەبیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێمە قەرزاری خەڵكی ئەو ناوچانەین و سەروەرییەكانمان لەسەر دەستی ئەوان تۆماركراوە، بۆیە پێویستە ئەو خزمەتەی لەو سنوورانە پێشكەشدەكرێت چەند هێندەی ئەو قوربانییانە بێت كە بەخشیوویانە لەپێناو كوردستان".

 

 وتیشی: "هەموو ئەندامێكی یەكێتی لەخزمەت خەڵكی ئەو سنوورانەدایە و هەموو ئۆرگانەكانمان بە روویاندا كراوەن، ئێمە دڵسۆزیی ئەوان لەیادناكەین و خزمەتكردنیان بەرپرسیارێتییەكە هەرگیز پشتی تێناكەین".

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گرنگیی پڕۆسەكە، سەرۆك بافڵ رایگەیاند: "هەرێمەكەمان لەبەردەم گۆڕانكاریی ریشەیی و هێنانەكایەی ‌قۆناغێكی نوێی ‌حوكمڕانیدایە، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەكان لەو چوارچێوەیە و لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەدا بێت".

 

سەرۆك بافڵ: خزمەتكردنی خاك و خەڵك ئەركی راستەقینەی یەكێتییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە هەڤاڵ پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد.

لەدیدارەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی پۆڵا سیروان تاڵەبانیی كرد كە پابەند بە ئامانجە باڵاكان، دڵسۆزانە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی بەجێگەیاندووە و داوایكرد لە داهاتووشدا بە هەمان رۆحییتەوە لەخزمەتەكانی بەردەوامبێت.

لەدرێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی كوردستان و راپەڕاندنی ئەركە رێكخراوەییەكان كرد و رایگەیاند: "ئەركی راستەقینەی هەموو یەكێتییەك، خزمەتكردنی خاك و خەڵكی كوردستانە، بۆیە پێویستە هەوڵی هەموولایەك لەو چوارچێوەیە و لەپێناو باشتركردنی ژیانی و گوزەرانی خەڵكدا بێت، ئێستاش كە بەرەو هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز هەنگاو دەنێین، بەرپرسیارێتی هەموومانە كار بۆ هێنانەكایەی حوكمڕانییەك بكەین كە خزمەتكاری هاووڵاتییان بێت نەك جیاكارییان لەنێواندا بكات".

 

سەرۆك بافڵ: سلێمانی لە دڵماندایە

لەلایەكی دیكەشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی كۆبووەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا دوایین ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن لە سنووری سلێمانی هەڵسەنگاندنیان بۆ كرا و جەخت لە پابەندبوون بە بنەما رێكخراوەییەكان كرایەوە بەشێوەیەك لە چوارچێوەی پاراستنی مافەكانی خەڵك و خزمەتی گشتیدا بێت.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵ و كاریگەریی سلێمانی كرد لە كۆی هاوكێشە و رووداوەكاندا و رایگەیاند، سلێمانی لە دڵماندایە، هیچ دەستكەوتێكی حزبی لە ژیانی هاوڵاتییەكی شارەكە گرنگتر نییە و هیچ هەنگاوێكیش نانێن ئەگەر لەخزمەتی خەڵكەكەیدا نەبێت. ئەوەی ئەم شارە و خەڵكەكەی بە كوردستانیان بەخشیوە زۆر زیاترە لەوەی كە بۆیان كراوە، ئەو جیاكاری و نادادییەش كە لە رابردوودا بەرامبەر شارەكە كرا، مەرامێكی شكستخواردوو بوو بۆ بێدەنگكردنی ئەو شارەی هەرگیز پشتی لە هەڵوێستە جوامێرانە و مەردانەكانی نەكردووە، بۆیە ئەمجارە پێكەوە لەگەڵ خەڵكە خۆشەویستەكەمان بە ورەیەكی پۆڵایین و ئیرادەیەكی تۆكمەوە بەرەو گۆڕانكاریی ریشەیی هەنگاودەنێین و قۆناغێك دەهێنینە كایەوە كە تێیدا مافی هەمووان پارێزراوبێت و ژیانی هاوڵاتییان نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەت و حزبییەكان.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket