riklam

سەرۆک بافڵ: راستکردنەوەی رێڕەو و هاوسەنگی هێز دەکەینە واقیع

کوردستان 03:59 PM - 2024-09-02
وێنەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەڕەی تایبەتی سەرۆک بافڵ

وێنەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی

یەکێتی سەرۆک بافڵ

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان جەختلە گوتاری سەنگین و راشکاوانەی یەکێتی دەکاتەوە، سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان و هەروەها سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی موژدەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا کە "سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە".

 

پاش کۆبونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێرلە راگەیەندراوێکدا وردەکاری کۆبونەوەکە و تەوەرەکانی ئاشكرا کرد کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

 

بەسەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەکە کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گوتاری سەنگین و ڕاشکاویی یەکێتی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان کرا.

 

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرەتا رووناکی خستەسەر رەوشی سیاسیی کوردستان و عیراق وە سیاسەتی یەکێتی لەبارەیانەوە، بەتایبەتیش ئەنجامی پەیوەندییە دیپلۆماسییە روو لە گەشەکردووەکانمان لە ئاستی عیراق و هەرێم و نێودەوڵەتیدا کە بۆتە مایەی دەسکەوتی گرنگ بۆ گەلەکەمان.

 

سەرۆکی یەکێتی روونیکردەوە سەرکەوتنی یەکێتییەکەمان و گەلی کوردستان، بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری پێکەوەژیان و خزمەتگوزاری ئاوەدانی کەرکوک و بەشداری و شەراکەتمان لە ئیدارەی موسڵ سەرکەوتنێکی گەورەیە کە دەبێ کارێک بکەین ئەم رۆحی سەرکەوتنە سەرتاسەری کوردستان و عیراق بگرێتەوە. هەروەک جەختی کردەوە ئەم سەرکەوتنانە بەرهەمی یەکبڕیاری و یەکڕیزیمانە، پێویستە بە قازانجی گەلەکەمان و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان بیخەینەگەڕ.

 

لەم بارەیەوە سەرۆک بافڵ موژدەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا کە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە.

 

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هەروا گفتوگۆی وردی دۆخی ئێستای کوردستانی کرد، بەتایبەتی دواکەوتنی مووچە کە کاریگەری زۆری کردۆتەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان. کۆبوونەوە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەربڕی و جەختی لە هاتنەسەرخەتی تیمی دانوستاندنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی کردەوە بۆ پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی ئەولەویەتی مووچە و تێکەڵنەکردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا.

 

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە هەولێر بەرێوەچوو، جەختی لە دابینکردنی کەشوهەوایەکی هێمن و مەدەنیانە کردەوە بۆ هەڵبژاردن کە هەموو لایەک بتوانێت بەرنامە و پەیامی سیاسی خۆی بگەیەنێتە جەماوەر، بەتایبەتی لاوانی دەنگدەری تازە.

 

لەم بارەیەوە کۆبوونەوەکە پشتیوانی خۆی بۆ گیانی بەرزی یەکێتییانەی هاوڵاتیان لە هەولێر و لە هەموو کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە ژیرانە و بەجۆش و خرۆشی حزبەکەی سەرۆک مام جەلال ئەم نەبەردییە دیموکراتییە بەرپا دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە قۆرخکاری دەسەڵات و نوێکردنەوەی حوکمڕانی کە لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت بەبێ جیاوازی. ئاماژەشی بەوەکرد کە یەکێتی چاوی لە ململانێیەکی دیموکراسییە و لەم پێناوەشدا ئامادەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە و هەرگیزیش رێگا بە دەستبردن بۆ پیرۆزییەکانی یەکێتی نادات و بە هێڵی سووری دەزانێ.

 

کۆبوونەوە بە ویستی سەوزەوە هانی جەماوەری دا کە پێکەوە بەرەو سەرکەوتنی گەورەی یەکێتی لە کوردستان بڕۆین و متمانەی گەلەکەمان بەدەستبێنینەوە.

 

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
٢ ی ٩ ی ٢٠٢٤

 

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket