riklam

بانگەشە و داوای کارتی دەنگدان لە زانکۆ و پەیمانگاکان قەدەغە دەکرێت

کوردستان 10:41 AM - 2024-08-28
باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەرشیف

باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 20ـی 10ـی 2024 بەڕێوەبچێت، بانگەشەی هەڵبژاردن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی حکومەتی هەرێم قەدەغەدەکرێت و لە نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاشدا ئاماژەبەوەکراوە: "هیچ لایەنێکی سەر بە وەزارەتەکەمان بۆی نییە داوای کارتی دەنگدان لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران بکات".

 

سەرپێچیکار سزادەدرێت

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کە ئیمزای د. توانا نەجەف محەمەدخان بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لەسەر و وێنەیەکی دەست PUKMEDIA کەوتووە، تێیدا هاتووە: "لەپێناو پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەکان و مافەکانی مرۆڤ، هیچ زانکۆیەک و دامودەزگایەکی تری سەر بە وەزارەتەکەمان، بۆ هیچ مەبەستێک رێگەپێدراو نییە داوای کارتی دەنگدان لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆکان بکات".

"بەپێچەوانەوە لایەنی سەرپێچیکار رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە"، لە نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە.

 

139 لیست ناویان تۆمارکردووە

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە رۆژی 20ـی 10ـی 2024 بەڕێوەبچێت، 139 لیست لە نێوانیاندا 2 هاوپەیمانی و 13 حزب ناویان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا.

هەروەها بۆ هەڵبژاردنەکە 124 کاندید ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بەجۆرێک 85 کاندیدی سەربەخۆ و 20 کاندیدی تورکمان و 19 کاندیدی مەسیحی، کاندیدە تورکمانەکان بەمشێوەیە بەسەر بازنەکاندا دابەشبوون، هەولێر 14 کاندید و سلێمانی 6 کاندید، هەروەها کاندیدە مەسیحیەکان بەمشێوەیە بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەشبوون، هەولێر 7 کاندید و سلێمانی 4 کاندید و دهۆک 8 کاندید.

 

نزیكەی 3 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە

 

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA کە لە کۆمسیۆنەوە دەستیکەوتووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەدەنگدانی گشتیدا 2 ملیۆن و 683 هەزارو 618 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەشێوەیەك لەپارێزگای هەولێر 933 هەزارو 115 دەنگدەرو لەسلێمانی یەك ملیۆن و 8 هەزارو 412 دەنگدەرو لەپارێزگای دهۆك 682 هەزارو 791 دەنگدەرو لەپارێزگای هەڵەبجەش 59 هەزارو 300 دەنگدەرە.

هەروەها لە هەرچوار بازنەكەی هەرێم بۆ دەنگدانی گشتی 173 ناوەندی تۆمار هەن، كە لەهەولێر 53 ناوەندو لەسلێمانی 74 ناوەندو لەدهۆك 41 ناوەند و لەبازنەی هەڵەبجەش 5 ناوەندی تۆمارە، هاوكات هەزارو 266 ناوەندی دەنگدانیش دەكرێنەوە كە لەهەولێر 498 ناوەندو لەسلێمانی 477 ناوەندو لەدهۆك 264 ناوەند و لەبازنەی هەڵەبجەش 27 ناوەندن، 6 هەزارو 318 وێستگەی دەنگدان بۆ رۆژی هەڵبژاردن بەڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە كە 2 هەزارو 213 وێستگەیان لەهەولێر و 2 هەزارو 373 وێستگە لەسلێمانییەو هەزارو 596 وێستگەی دیكە لەبازنەی دهۆكە، بۆ بازنەی هەڵەبجەش 136 وێستگە دەكرێنەوە.
PUKMEDIA

 

دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket