riklam

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: گەڕانەوەی هەولێر بۆ خەڵکە ماندووەکەی ئەرکی لەپێشینەمانە

کوردستان 06:54 PM - 2024-08-23
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ هەژماری تایبەتی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە فەیسبوک

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وتاری ئاشتبوونەوە ئاراستەی هەولێرییەکان دەکات و دەڵێت: " گەڕانەوەی هەولێر بۆ شوناسە راستەقینەکەی خۆی، بۆ خەڵکە ماندوو و خاوەن ناسنامەکەی بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمان دەزانین و بە هیچ نرخێک سازشی لەسەر ناکەین، بە پێداگرییەوە تا هێنانەدی سەرجەم دیدگا و ئامانجەکانمان کۆڵ نادەین بۆئەوەی چیدی نەهێڵین ئەم و ئەو بەناوی خەمی هەولێرەوە، خەمی زیاتر بۆ شارەکە بخولقێنن".

هەولیرییەکان هەست بە نامۆیی دەکەن لە شاری خۆیاندا

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی هەولێرییکانی کردووە رایدەگەیەنێت: "هەڤاڵان و دۆستان و لایەنگرانی یەکێتی لە هەولێر و دەوروبەری، خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان، تێکۆشەرانی بەڕێز، سڵاوی وەفاو خۆڕاگریتان ئاڕاستە دەکەم، هەر وەک لای هەمووتان ئاشکرایە قەیران و رووداو و تەنگەشەکان و گۆڕانکارییەکان هەموولایەکی تەنیوە، وا پێویست دەکات کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئێوە هەڵوێستە لەسەر ئەم تەنگەژە و قەیرانانە بکەین و نەهێڵین لەوە زیاتر پەرەبسەنن".

"وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیدگامان بۆ خۆشەویستانمان لەم شارە بێ نازە روون بووە، بەداخەوە دۆخی ئێستای شارەکەمان نادروست و ناهەموارە دۆخێکی خولقێندراو کە بەهۆی مامەڵەی نابەرپرسانەی هەندێک بەرپرس بەجۆرێک بەسەر ئەو خەڵکە بەشکۆیەی شارەکەدا سەپێندراوە کە هەست بە نامۆیی دەکەن لە شار و خاکی خۆیاندا"، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وادەڵێت.

گەڕانەوەی هەولێر بۆ شوناسە راستەقینەکەی ئەرکی لەپێشینەمانە

لە پەیەماکەدا ئاماژەی بەوەشداوە: "گەڕانەوەی هەولێر بۆ شوناسە راستەقینەکەی خۆی، بۆ خەڵکە ماندوو و خاوەن ناسنامەکەی بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمان دەزانین و بە هیچ نرخێک سازشی لەسەر ناکەین، بێگومان دەربازکردنی ئەم شارەش لەم دۆخە شێواوەی بۆی دروستکراوە ئامانجێکە نایەتەدی تا شارەکە لەو هەڕەشانە رزگار نەکەین کە بەرۆکی خەڵکەکی گرتووە، هەڕەشەیەک کە دەستەیەکی دیاریکراو لەپێناو ئابووری و دەستکەوتی کەسی خۆیاندا سەپاندویانە"، "ئێمە و ئیوەی بە ئەمەکی ئەم شارە تێکۆشەرە باش دەزانین گەر لە ئێستاوە هەنگاو نەنێین بۆ بەرگریکردن لە شارەکەمان و گەڕانەوەی شارەکە بۆ خەڵکە راستەقینەکەی، لە داهاتوودا دۆخەکە لەدەست هەموولایەک دەردەچێت و دۆخە نەخوازراوەکان دەبنە ئەمری واقع".

"وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان، بە گڕوتینێکی بەهێزەوە هاتوینەتەوە بۆلای برا و خوشک و کەس و پشتوپەنا و ئازیزانی خۆمان، بە پێداگرییەوە تا هێنانەدی سەرجەم دیدگا و ئامانجەکانمان کۆڵ نادەین بۆئەوەی چیدی نەهێڵین ئەم و ئەو بەناوی خەمی هەولێرەوە، خەمی زیاتر بۆ شارەکە بخولقێنن، پشت بەخودا و بە هیمممەتی هەموولایەک، دەست لەناودەست، پێکەوە پشتبەست بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەی هەڤاڵ مام جەلال جارێژکی دیکە ماڵی کاک کۆسرەت ئاوەدان بکەینەوە و وەک هەمیشە بیکەینەوە بەو چەترەی کە هەموومانی لەژێردا کۆدەکردەوە"، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وادەڵێت.

بەسەر تەنگەژەکاندا زاڵ دەبین

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ دەشڵێت: "هەڤاڵان و یەکێتییە سەربەرزەکان، دەرگاکەمان هەمیشە کراوەیە، بۆ هەر یەکێکتان و بۆ هەر هاووڵاتییەک، بۆ هەموو خەمخۆرێکی ئەم شارە، ماڵی کاک کۆسرەت دەکەینەوە ماڵی هەموو هەولێرییەک".

"هەولیرییە سەربەرزەکان، ئێمە دڵنیاین لەم ئەرکە پیرۆزەماندا بۆ ئاشتەوایی نێوان هەڤاڵانمان، بێ تەنگ و چەڵەمە و کێشە نابین، بەڵام بە هیممەتی هەموولایەک بەسەر تەنگەژەکاندا زاڵ دەبین، بۆ ئێمە ئاوێتەبوون لەگەڵ خەڵك، لەگەڵ خەون و خەمەکانیان بۆخۆی شەرەفێکی گەورەیە، خزمەتکردنیشیان بە ئەرکێکی نیشتمانی و ئایینی و نەتەوەیی دەزانین کە هەرگیز لێی لانادەین، بۆیە هەڤاڵان لەژێر ئەو پەیامەدا بۆ ئاشتەوایی لەنێوانماندا دەست لەناودەست ئامادەین بۆلای ماڵ بەماڵ و یەک بەیەکی خەڵکی ئەم شارە و دەورووبەری بچین و خزمەتیان بکەین، ببینە پشتوپەنای هەمووان، بچینە خزمەت خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان و تێکۆشەرەکان، بۆلای ئەوانەی کە دەزانم فەرامۆش کراون، بۆلای ئەوانەی کە بەشخوراون، بۆ گەڕەکە هەژارنشین و مافخوراوەکان، بۆلای هەمووان بێ جیاوازی"، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وادەڵێت.

پێکەوە ئومێد بگەڕێنینەوە بۆ بێ ئومێدەکان

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە پەیامەکەدا دەڵێت: "جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە، کە ئیوە وەک هەمیشە پشتوپەنای ئێمەن و ئێمەش وەک هەمیشە هەرچی پێویست بکات بۆ خزمەتکردنتان دڵنیابن درێغی ناکەین، پشتیوان بە خودا و بە پشتیوانی ئێوە درێژەپێدەری رێبازەکەی کاک کۆسرەت دەبین بۆ خزمەتکردنتان".

"ئومێدەوارین هەموومان پێکەوە بتوانین هەولێر بگەڕێنینەوە بۆ ئەو خەڵکانەی لەپێناو ئەم شارەدا هەموو قوربانییەکیان بەخشی، وەرن با هەموومان پێکەوە ئومێد بگەڕێنینەوە بۆ بێ ئومێدەکان، خەندە بگەڕینینەوە بۆ بێنازەکان، اب هەموومان پێکەوە رێگری بکەین لەو لێشاوەی کە دەیەوێت هەولیر بکاتە شارێک کە خودی هەولیرییەکان تێیدا هەست بە نامۆیی و نائاسودەیی خۆیان بکەن، دڵنیابن کە یەکێتییەکەمان بە ئێوەوە سەرکەوتووتر دەبێت"، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وادەڵێت.
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket