riklam

هۆکارەکانی دواکەوتنی ناردنی مووچە لەبەغداوە دەخرێتەڕوو

کوردستان 11:49 AM - 2024-08-21
دراوی 50 هەزار دیناری عیراقی، لۆگۆی وەزارەتی دارایی عیراق، لۆگۆی حکومەتی هەرێم PUKMEDIA

دراوی 50 هەزار دیناری عیراقی، لۆگۆی وەزارەتی دارایی عیراق، لۆگۆی حکومەتی هەرێم

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەخاتەڕوو کە خۆی لە ناوی دووبارە لە لیستی مووچە و نەبوونی بایۆمەتری بۆ هەندێک لەو ناوانەی لە لیستی مووچەدا هەیە و کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و زیادبوونی بڕی پارەی داواکراو بۆ مووچەی مانگی 7 بەراورد بە مانگی 6 دەبینێتەوە.

 

نەبوونی تەوتین بۆ مووچەخۆران مووچەی راگرتووە

لەبارەی هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێم، د. بڕیار رەشید ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "نەبوونی تەوتین و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هۆکارێکی دیکەیە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچە، کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە روونە و پێویستە سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە فیدراڵییەکانی عیراق تەوتینیان بۆبکرێت".

 

دارایی هەرێم: پێویست نەبوو مووچە رابگیرێت

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "سەبارەت بە دووبارەبونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدا، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی راگرتنی مووچە، پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە".

لەبارەی نەبوونی بایۆمەتری بۆ هەندێک لەو ناوانەی لە لیستی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمدا هەیە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عیراق کراوە، دارایی هەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو: "پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە، بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەموو هاووڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا".

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی: "بەشێکی تر لەو ناوە دووبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، وەهیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت، هاوکات کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە یەکێکی دیکەیە لەو کێشانەی کە دارایی عیراق مووچەی پێ راگرتووە، ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغدا درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە رێککەوتنی سیاسی".

وەزارەتی دارایی زیادبوونی تەمویلی مووچەی مانگی حەوت بەراورد بە مانگی شەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە: "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییان لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم بە عیراق جێبەجێ کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمیان بە هاوتاکراوی بۆ عیراق ناردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی، تەمویلی داواکراو نزیکەی ٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠ نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کەنزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە ".

 

ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دواکەوتنی مووچە دەکات

ئەمەش لەکاتێکدایە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی 8ـی 2024 بەڕێوەدەچێت، چەند بڕگەیەکی پەیوەندی بە دواکەوتنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێمەوە هەیە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت کە بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم لە یەکێک لە بڕگەکاندا، "دەرئەنجامەکانی لیژنەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی یەکگرتووی وەزیفی و خستنەڕووی کێشە و چارەسەر و ڕاسپاردەکان گفتوگۆ دەکرێت".

هەروەها لە بڕگەی دووەمدا، "کارەکانی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان، بۆ یەکخستنی یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایی و ڕێکارەکانی تایبەت بە داراییی گشتی و سیستەمی کارپێکراوی ژمێریاری، کە ئێستا بە گوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی ژمارە 6 ی ساڵی 2019 لە عێراق ڕێک خراوە، تاووتوێ دەکرێت".

 

زیاتر لە 40 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە

ئەمەش لەکاتێکدایە نزیکەی 50 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا ماوەی 31 رۆژە دارایی هەرێم لیستی مووچيی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی ئاڕاستەی دارایی عیراق کردووە، بەڵام حکومەتی عیراق بەهۆکاری ناوی دووبارە لە لیستەکان و زیادبوونی پارەی داواکراو بۆ مووچە بەراورد بە مانگی رابردوو و نەبوونی بایۆمەتری، تائێستا مووچەی تەواوەتی بۆ هەرێم نەناردووە و تەنها بڕی  ( ١،٤٢٦،٠٠٠،٠٠٠ ) تەنها یەک ملیارو چوار سەدو بیست شەش ملیۆنی وەک تەمویلی مووچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14) کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket