riklam

بەغدا کەمترین رێژەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت

کوردستان 11:47 AM - 2024-08-19
دراوی 50 هەزار دیناری عیراقی PUKMEDIA

دراوی 50 هەزار دیناری عیراقی

وەزارەتی دارایی عیراق بەشێک لە مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم کە بڕەکەی ملیارێک و 426 ملیۆن و 915 هەزار و 165 دینارە، کە دەکاتە 0.14٪ـی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەراورد بەو بڕەی کە بەغدا مانگی 6 بۆ دارایی هەرێمی ناردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە 42 رۆژلەمەوبەر مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 6ـیان وەرگرتووە.

بەپێی زانیاری میدیاکان کە لە زاری وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی (دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان) نێردراوە.

بەپێی بەدواداچوونی PUKMEDIA، مانگی شەشی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عیراق بە سێ جار بڕی 991 ملیار و 383 ملیۆن و 531 هەزار دیناری بۆ دارایی هەرێم نارد، بە بەراوردی ئەم مانگە کە یەکەم بەشی مووچەی مانگی 7ـی ناردووە، کە بڕەکەی ملیارێک و 426 ملیۆن و 915 هەزار و 165 دینارە، بڕەکەی زۆر کەمە و لەکاتێکدا لە مانگی 6ـدا یەکەم وەجبە 338 ملیار و 18 ملیۆن دیناری ناردبوو.

ئەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی دارایی عیراق بۆ مووچەی مانگی (تەمووز/7) ناردویەتی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینارە کە دەکاتە 0.14٪ـی ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا مانگی (حوزەیران/6) ناردبووی کە بڕەکەی 991 ملیار و 383 ملیۆن و 531 هەزار دینار بووە، کەواتە هێشتا 900 ملیار دینار ماوە بۆ کۆی مووچەخۆران بنێردرێت.

ئەو مووچەی کە بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە بەم شێوەیە دابەشبووە؛

797 ملیۆن و 306 هەزار و  175 دینار بۆ مووچەی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.
255 ملیۆن و 603 هەزار و 190 دینار مووچەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە.
374 ملیۆن و پێنج هەزار و 800 دینار، بۆ مووچەی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان.

مووچەخۆرانی هەرێم 42 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم نزیکەی مانگێکە لیستی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێمی بە مەبەستی وردبینی لە لیستەکەدا بۆ دارایی عیراق ناردووە.

دارایی عیراق بۆ مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێم بڕی 991 ملیار و 383 ملیۆن و 531 هەزار دیناری بۆ دارایی هەرێم نارد، بەڵام بە سێ جار پارەکەی رەوانەکرد بەجۆرێک؛

جاری یەکەم 338 ملیار و 18 ملیۆن دینار
جاری دووەم 421 ملیار و 760 ملیۆن
جاری سێهەم 231 ملیار و 605 ملیۆن و 531 هەزار دینار

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA کە لە ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەستیکەوتووە، لەگەڵ ئەوەی مووچەخۆرانی عیراق مووچەی مانگی 7ـیان وەرگرتووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی 8ـیش وەردەگرن و عیراق کێشەی پارەی نەختینەی نییە، بەڵکو دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە ناشەفافی لیستی مووچە و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە لەبارەی تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم کە تائێستا حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی بۆنەناوە.
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket