riklam

قوباد تاڵەبانی: هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەری کێشەی بودجە و مووچەی هەرێم

کوردستان 06:16 PM - 2024-07-30
جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نوێنەرایەتیی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق نووسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نوێنەرایەتیی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئەندەرز ویبێرگ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و مارتن وار، کونسوڵی گشتیی پێشووتری بەریتانیا و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کە رۆژی سێ شەمە ( ٣٠ی تەموزی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، دواپێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یەکێتی ئەوروپا تاوتوێ کران.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی هەماهەنگی کردنی زیاتر کرا لەپرسی پەرەپێدانی سێکتەرە جیاجیاکان و ئەندەرز ویبێرگ، ئامادەیی یەکێتی ئەوروپای دەربڕی لەڕووی تەکنیکییەوە هاوکاری هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچوک کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە و داواشیکرد یەکێتی ئەوروپا بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

بەرپرسی نوێنەرایەتی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، بە گرنگییەوە باسی لەم دەستپێشخەرییەی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ تواناسازی گەنجان دەربڕی و ئامادەیی یەکێتی ئەوروپاشی دووپات کردەوە بۆ هاوکاریکردن لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا و هەردوولا هاوڕابوون کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەپێدانی ئابوری شارۆچکە و ناوچەکانی دەرەوەی شارە گەورەکان.

لە کۆبوونەوەی دووەمیشدا لەگەڵ کونسوڵی پێشووتر و کونسوڵی گشتیی ئیستای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆ و هەوڵی جدی هەیە بە ئاراستەی رێکخستنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەردوولا گەشبینین کە بە تایبەتی کێشەی بودجە و موچە بە شێوەیەکی یەکجاری و ریشەیی چارەسەر بکەین.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket