riklam

مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەنێوان هەرێم و عیراقدا گیردەخوات

کوردستان 11:40 AM - 2024-07-09
مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە PUKMEDIA

مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە

زیاتر لە 90 رۆژە بەشێک لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە و بەراورد بە مووچەخۆرانی مەدەنی دوو مووچەیان دواکەوتووە و دارایی عیراقیش داوای لیستێکی نوێی پڕ زانیاری هێزە ئەمنییەکانی لە دارایی هەرێم کردووە بۆئەوەی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان بنێرێت، ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پێویستە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان پاک بکرێتەوە و زانیاری تەواوی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەغدا بنێردرێت، چونکە ئێمە بەشێکین لە عیراقی فیدراڵ و دەستوور پارێزەری مافەکانمان دەبێت".

لەماوەی رابردوودا چەند جارێک دارایی عیراق داوای زانیاری زیاتری هێزە ئەمنییەکانی لە دارایی هەرێم کردووە و حکومەتی هەرێم زانیارییەکانی ئاڕاستەی بەغدا کردووە، بەڵام لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کە لەلایەن هەرێمەوە بۆ بەغدا نێردراوە لە ئاست خواستی دارایی عیراقدا نەبووە و جارێکی دیکە داوای لیستێکی پڕ زانیاری دیکەی کردووە و بەوهۆیەشەوە مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەنێوان هەرێم و عیراقدا گیری خواردووە.

لیستی مووچە دەبێت پاک بکرێتەوە

باڵامبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ناردنی مووچەی وەزارەتە مەدەنییەکان و راگرتنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتە ئەمنییەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان وەک پێویست نییە و دەبێت هاوشێوەی لیستی مووچەی مەدەنی پاک بکرێتەوە".

"ئەگەر حکومەتی هەرێم پێی وایە دارایی عیراق بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بیانوویان پێدەگرێت، دەرگای دادگای فیدراڵی کراوەیە و پێویستە لەڕێی دادگاوە فشار بخاتە سەر حکومەتی عیراق، بەڵام بێدەنگبوون لەم هەنگاوە ئەو راستییە دەخاتەڕوو کە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانمان بندیوار و هێزی وەهمی تێدایە کە تەنها خزمەت بە لایەنێک دەکات"، باڵامبۆ محەمەد وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا: "پێویستە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان پاک بکرێتەوە و زانیاری تەواوی هێزە ئەمنییەکان وەک ئەوەی لە رێنماییەکانی دارایی عیراقدا هاتووە بۆ بەغدا بنێردرێت، چونکە ئێمە بەشێکین لە عیراقی فیدراڵ و دەستوور پارێزەری مافەکانمان دەبێت، هەموو ئەوانەشی پێیان وایە ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەکان مەترسییە بۆسەر قەوارەی هەرێم، راست نییە چونکە ناکرێت وەک رابردوو مووچە بە هەڕەمەکی بدرێت".

ناکرێت مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکرێتە بارمتەی عینادی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی

پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکجاری چارەسەری کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکات، چونکە ناکرێت مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکرێتە بارمتەی عینادی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی.

سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "دواکەوتنی مووچەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی جیاجیا جێی قبوڵ نییە و پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بۆئەوەی هێزە ئەمنییەکان لەوە زیاتر نەبنە قوربانی لیستی ناڕێکی مووچە".

"ناکرێت مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکرێتە بارمتەی عینادی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی، لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکانمان پارێزەری خاک و نیشتمانمانن و لەوپێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە"، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی وادەڵێت.

چارەنووسی دوو مووچە دیارنییە

بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم پێکهاتوون لە (هێزەکانی یەکەی 70 و 80، ئەنجومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش، هێزەکانی زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان، پاسەوانی وەزارەتی ناوخۆ) لە ماوەی 92 رۆژدا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە، کە بە دیاریکراوی لە رۆژی 8ـی 4ـی 2024 دا مووچەی مانگی سێ و لە رۆژی 12ـی 6ـی 2024 دا مووچەی مانگی چواریان وەرگرت، تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە، بەمشێوەیەش زیاتر لە سێ مانگە یەک مووچەیان وەرگرتووە و زیاتر لە حەوت مانگیشە چوار مووچەیان وەرگرتووە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket