riklam

وتەبێژی کۆمسیۆن: دوو حزب و 20 کاندیدی نوێ بەشداری هەڵبژاردن دەکەن

کوردستان 11:13 AM - 2024-06-22
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق PUKMEDIA

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق

تەنها دوو رۆژ ماوە بۆ ئەو حزب و هاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆیانەی کە دەیانەوێت ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمسیۆن تۆمار بکەن، وتەبێژی کۆمسیۆنیش دەڵێت: "دوو حزب و 20 کاندیدی سەربەخۆی نوێ ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن تۆمارکردووە".

دەرگای خۆتۆمارکردن تا رۆژی 24ـی 6 کراوەیە

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەگەڵ درێژکردنەوەی کاتی خۆتۆمارکردن بۆ حزب و هاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆکان، تەنها دوو حزبی نوێ و 20 کاندیدی سەربەخۆ ناوی خۆیان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە".

"رۆژی 24ـی 6ـی 2024 کۆتا وادەیە بۆ ناو تۆمارکردن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی خۆتۆمارکردن پێشتریش درێژکرابووەوە"، جومانە غەلای وادەڵێت.

22 حزب و دوو هاوپەیمانێتی و 74 کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمارکردووە

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA لەیەکەم دەرگا کردنەوەی کۆمسیۆن بۆ ناو تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانی و کاندیدەکان کە رۆژی 14-3-2024 دوا وادەبوو 20 حزب و دوو هاوپەیمانێتی و 54 کاندید ناویان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان تۆمارکردبوو، بەڵام لەپاش دواخستنی هەڵبژاردن جارێکی دیکە کۆمسیۆن رۆژی 8-6-2024 تا 13-6-2024 و دواتریش لە رۆژی 13-6-2024 تا 24-6-2024، دەرگای ناو تۆمارکردنی کردەوەو پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ئامادەنەبوو بەشداری هەڵبژاردن بکات و ناوی خۆی تۆمارنەکردبوو، بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆن رەزامەندی نیشانداوە بەشداری هەڵبژاردن بکات.

بەوپێیەش تائێستا 22 حزب و دوو هاوپەیمانێتی و 74 کاندیدی سەربەخۆ، ناویان بۆ هەڵبژادنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق تۆمارکردووە و تەنها ماوەی دوو رۆژیش ماوە بۆ ناو تۆمارکردن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket