riklam

عه‌موو، دامه‌زرێنه‌ر و تێكۆشه‌رێكی كۆڵنه‌ده‌ر

کوردستان 04:42 PM - 2024-06-13
عه‌بدولڕ‌ه‌زاق فه‌یلی PUKMEDIA

عه‌بدولڕ‌ه‌زاق فه‌یلی

شەش ساڵ به‌سه‌ر ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی تێكۆشه‌رو سه‌ركرده‌ی ناسراوی یه‌كێتیی و كوردایه‌تیی پێشكه‌وتنخواز و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، هه‌ڤاڵ عه‌بدولڕ‌ه‌زاق فه‌یلی تێپه‌ڕ‌ده‌بێت و یاد و یاده‌وه‌ریی له‌ دڵ و ده‌روونی هاوڕ‌ێ و هه‌ڤاڵه‌كانیدا وه‌ك ساته‌وه‌ختی كشانی ئه‌ستێره‌ی ژیانی، هه‌ر دره‌وشاوه‌و ره‌ونه‌قداره‌، وه‌ك ته‌مه‌نی دوورودرێژو پڕ‌ به‌ره‌كه‌تی له‌خزمه‌تی شۆڕ‌شی نوێ و له‌خزمه‌تی دیپلۆماسییه‌تی دۆسێی ره‌وای مه‌سه‌له‌ی كورددا، شایان و شایه‌ت و زیندووه‌.



هه‌ڤاڵ عه‌بدولڕ‌ه‌زاق فه‌یلی جوامێری ریزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردانی فه‌یلی، له‌ نه‌سلی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ بوو ژیان و گیان و سه‌روماڵی بۆ سه‌رخستنی رزگاریی كوردستان و ره‌وایی مه‌سه‌له‌ی كورد، ته‌رخانكردبوو. له‌ رۆژگاری لاوێتی و خوێندكاریدا له‌به‌غدا، فه‌یلی؛ شاسوارێكی ئازاو به‌ جه‌رگی بزووتنه‌وه‌ی لاوان و خوێندكارانی كورد بوو. شه‌وق و زه‌وقی ژیانی پایته‌ختی به‌ دژواری رێگه‌ باریك و تاریكه‌كانی به‌ره‌نگاریی دیكتاتۆری و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ته‌عریب و ته‌سفیر و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، گۆڕ‌ییه‌وه‌. ئاوێزانی چیا و دۆڵه‌كانی خه‌باتی كوردایه‌تی بوو. ئاواره‌یی و تاراوگه‌ و وێڵبوون به‌دوای چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كوردی هه‌ڵبژارد. تا له‌ وه‌رچه‌رخانه‌ مێژووییه‌كه‌ی كوردایه‌تیدا، له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی و مامۆستای هه‌موو تێكۆشه‌ران، مام جه‌لال و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی دامه‌زرێنه‌ردا، شه‌ره‌فی دامه‌زراندنی یه‌كێتی پێسپێردرا. 



دۆست و یاری كوردایه‌تیی هاوچه‌رخ له‌ دیاری توڵه‌یتوڵه‌وه‌ تا رزگاریی یه‌كجاره‌كی كوردستان، تێكۆشه‌رو رێبوار و سه‌ركرده‌ی ئه‌و بواره‌ بوو.



هه‌ڤاڵ عه‌بدولڕ‌ه‌زاق فه‌یلی له‌ هه‌موو ئه‌و كاروانه‌ دوورودرێژه‌ی خه‌باتدا به‌گیانی لاوێتی و وره‌ی شۆڕ‌شگێڕ‌ و هێمنی و سه‌بری ئینقلابی دیپلۆماتكاردا، وێستگه‌ به‌ وێستگه‌ی خه‌باتی یه‌كێتی سه‌رخست. له‌ هه‌ر كوێ ئه‌ركی پێسپێردرابێ، له‌ وه‌زاره‌ت تا دیپلۆماسی و زیاره‌ت. تا ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ته‌ونی دیپلۆماسی به‌ ده‌وری وتاری حه‌كیمانه‌ی یه‌كێتی و ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌رۆك مام-دا، درێغی نه‌كردووه‌ و له‌ هیچ قوربانیدانێك سڵی نه‌كردۆته‌وه‌. ته‌نانه‌ت نه‌خۆشی و دژواریی رێی چاره‌سه‌ریش رێی ئه‌و كاروانه‌ی لێ نه‌گرت.



عه‌موو، كه‌ ناوی خۆشناوی ناو هه‌ڤاڵه‌كانی بوو له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی دا، تا دوا رۆژی ژیانی، له‌ خزمه‌ت و خه‌بات نه‌كه‌وت. تا دڵی له‌ لێدان كه‌وت وه‌فاداری كوردایه‌تی و وه‌فاداری یه‌كێتی و وه‌فاداری سوێنده‌كه‌ی چایخانه‌ی توڵه‌یتوڵه‌ بوو. تا ئه‌و رۆژه‌ی كۆچی یه‌كجاریی رۆحی به‌رزه‌فڕ‌ی بۆ لای مامی گه‌وره‌ و هه‌ڤاڵانی كۆچكردوو و شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان، له‌ شه‌قه‌ی باڵی دا.



یادت به‌خێر عه‌موو، ناو و ناوبانگ و خه‌باتت تا ئه‌به‌د ده‌مێنێت و باعیسی مانه‌وه‌ی ئه‌م یه‌كێتی-یه‌ بێت كه‌ 44 ساڵه‌ مه‌یدانی چۆڵ نه‌كردووه‌ و شۆڕ‌شی ئاوایه‌.

 

ژیاننامه‌ی فه‌یلی.....


ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌ دایكبووی ساڵی1945ی شاری به‌غدایه‌.

 


خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ خوێندگه‌یه‌كی فه‌یلییه‌كان و دواناوه‌ندی له‌ خوێندنگه‌ی قه‌شه‌ یوسوعییه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ به‌غداد ته‌واو كردووه‌ و دواتریش له‌ زانكۆی حیكمه‌ له‌ به‌غداد ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیزی خوێندووه‌.

 


ژیانی سیاسی عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی له‌ ساڵی 1959دا ده‌ستپێده‌كات، كاتێك له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردو به‌ھۆی بچووكی ته‌مه‌نییه‌وه‌ وه‌رگرتنی وه‌ك ئه‌ندام بۆ ساڵی 1961 دواده‌كه‌وێت. له‌م سه‌ربه‌نده‌دا وه‌ك خوێندكار كاری له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستاندا كردووه‌.

 


پاش ھه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ‌ له‌ كوردستان و له‌به‌ر یه‌ك ھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سكرتارێتی یه‌كێتی قوتابیان خۆی و چه‌ند ھاوڕ‌ێیه‌كی له‌ به‌غداد سكرتاریه‌تێكی كاتیان بۆ یه‌كێتی قوتابیان دامه‌زراند.

 


له‌ ھاوینی ساڵی 1963دا به‌ گومانی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌كانی پارتیدا ھه‌یه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت، به‌م ھۆیه‌شه‌وه‌ ساڵێكی خوێندنی له‌ ده‌ست ده‌چێت.

 


ساڵی 1964 دوا به‌ دوای كوده‌تاكه‌ی عه‌بدولسه‌لام عارف ئازاد ده‌كرێت و ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ خوێندنه‌كه‌ی.

 


ساڵی 1967 خوێندنی زانكۆ ته‌واو ده‌كات و ھه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌ رۆژنامه‌ی نور كه‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ به‌غداد ده‌ری ده‌كرد وه‌ك ژمێریار دامه‌زرا.

 


ساڵی 1970 له‌ فه‌رمانگه‌ی پوخته‌كردنی توتن له‌ به‌غدا به‌ فه‌رمانبه‌ر داده‌مه‌زرێت.

 


ساڵی 1971 دوا به‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی ھه‌ردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتارێتی یه‌كێتی لاوانی كوردستان و بۆ ساڵی دواتر ده‌بێته‌ سكرتێری گشتی لاوانی كوردستان.

 


ساڵی 1974 له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كورد و رژێمی به‌عس په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕ‌شه‌وه‌ ده‌كات و تا ھه‌رسی شۆڕ‌ش له‌ كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت.

 


له‌ دوای ھه‌ره‌سی شۆڕ‌ش له‌ ساڵی 1975 له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ ده‌گیرسێته‌وه‌و ھه‌ر ئه‌و ساڵه‌ وه‌ك نوێنه‌ری قوتابیانی كوردستان له‌گه‌ڵ عادل موراد ده‌چێته‌ سوریا

 


ھه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌ سوریا په‌یوه‌ندی به‌ مام جه‌لاله‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ سه‌رگه‌رمی پڕ‌ۆژه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو. وه‌ك دوو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر به‌شدار ده‌بن له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا.

 


له‌و ماوه‌یه‌دا لێپرسراوێتی به‌ڕ‌ێوه‌بردنی كه‌مپی قامیشلۆی پێ ده‌سپێردرێت و كه‌ كه‌مپێك بوو، بۆ مه‌شق پێكردنی مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان له‌ چوارچێوه‌ی پڕ‌ۆژه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چكداری له‌ كوردستان.

 


له‌ ساڵی 1977  سوریا جێده‌ھێڵێت و له‌ به‌ریتانیا ده‌گیرسێته‌وه‌.

 


له‌ ساڵی 1979 ده‌چێته‌ سوریا و له‌وێ له‌ رێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ بۆ كوردستان و له‌ ناوزه‌نگ ده‌گیرسێته‌وه‌.

 


له‌ ساڵی 1981دا به‌ھۆی گرژبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و یه‌كێتی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 9 مانگ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت.

 


له‌ ساڵی 1983دا ئازاد ده‌كرێت و له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ سوریا.

 


له‌ ساڵی 1984 سوریا جێده‌ھێڵێت و روو ده‌كاته‌ وڵاتی سوید.

 


له‌ دوای راپه‌ڕ‌ین و له‌كۆتایی ساڵی 1992 ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ كوردستان له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی سلێمانی پله‌ی كارگێر مه‌ڵبه‌ندی پێ ده‌درێت و لێپرسراوێتی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی گرته‌ ئه‌ستۆ.

 


له‌ سالێ 1999 ده‌چێته‌ به‌ریتانیا و ده‌بێته‌ كارگێری مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ رێكخراوی ئین دایت كار ده‌كات كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ جینۆساید  و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی.

 


ساڵی 2000 ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ كوردستان تا ساڵی 2005 وه‌زیری په‌ویوه‌ندییه‌كان و ھاوكاری بوو له‌ ئیداره‌ی سلێمانی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان.

 


ساڵی 2009 ده‌بێته‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای مه‌كته‌بی رێكخستن.

 


ساڵی 2010 لێپرسراوێتی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی له‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێ ده‌سپێردرێت.

 


له‌رۆژی 13-6-2018 به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌شاری سلێمانی كۆچی دوایی ده‌كات و هه‌ر له‌سلێمانیش به‌خاكده‌سپێدرێت.

 


PUKMEDIA   

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket