riklam

کۆمەڵە، مام جەلال ‌‌و دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ‌

کوردستان 10:28 AM - 2024-06-11
سەرۆک مام جەلال PUKMEDIA

سەرۆک مام جەلال

نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا*

هەرەسپێهێنانی شۆڕشی چەكداریی گەلی كورد بەو شێوە كتوپڕ و دراماتیكییە، رووداوێكی شۆكهێنەر بوو بۆ هەموو تاكێكی كورد، لە پێش هەمووشیانەوە بۆ دەستەبژێرە سیاسی‌ و رۆشنبیرەكەی. 

 

تەنانەت دوژمن ‌و نەیارەكانی شۆڕشەكەش چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد بەو رادەیە ‌و بەو خێراییە، بەبێ‌ هیچ ئیرادەیەكی بەرگریكردنی شۆڕشگێڕانە، سەركردایەتی شۆڕش ملكەچی خۆ بەدەستەوەدان بێت ‌و شۆڕشی گەلێك یەكسان بكات بە سفری ناو مێژوویەكی خوێناوی.

 

گومان لەوەشدا نییە كە گەلێكی ژێردەستە ناتوانێت هەر لە خۆڕا‌و خۆبەخۆ بەبێ‌ هەبوونی سەركردایەتییەكی بە ئیرادە و شۆڕشگێڕ بڕیاری دەستپێكردن یان درێژە پێدانی شۆڕشێك بدات. پرسیارە گرنگەكە لەو چركە ساتە تراجیدی ‌و مێژووییانەدا ئەمەیە: چی بكرێت بۆ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ‌ بەو شكستە مەزنە كە تاریكی ‌و رەشبینی سەرتاپاگیری بەسەر هەموو گەلی كوردستاندا هێنابوو؟ 

 

وەڵامەكە ئاسان بوو: دەبوا شۆڕشی چەكداری لە سفرەوە دەستپێبكرێتەوە، بەڵام لەوە گرنگتر، زۆر قورس ‌و نادیار، ئەمە بوو: كێ‌ ئیرادەی ئەوە دەكات لەو هەلومەرجە تاریكەدا بڕیارێكی مێژوویی‌ و چارەنووسسازی لەو چەشنە بدات؟ 

 

بە چ كەرەستە و توانایەكی مادی ‌و مرۆییەوە دەستپێدەكەنەوە؟ كامە سەركردایەتییە ئیرادەی لە ئەستۆگرتنی ئەو بڕیارە و جێبەجێكردنی دەبێت؟ 

 

بۆشایی سیاسی ئەگەر باڵی بەسەر گەلێكی ژێردەستەدا كێشا و ئەگەر لە كاتی خۆیدا لە لایەن سەركردایەتییەكی لێهاتوو ‌و شایستەوە پڕنەكرایەوە و وەڵامی پێنەدرایەوە، رەشبینی سیاسی ‌و تەسلیم بوون بە شكست لەحاڵەتێكی كاتییەوە دەبێتە دیاردەیەكی رەگ داكوتاو. ئیدی بەدوای ئەوەدا بەرپاكردنەوەی شۆڕش دەچێتە خانەی نزیك بەمەحاڵەوە، یان حەواڵەی داهاتوویەكی نادیار دەكرێت. 

 

ئا لەو هەلومەرجە هەستیارە مێژووییەی كوردستاندا دەبوا ئیرادەیەكی هۆشیار بێتە پێشەوەو بڕیار بدات، بڕیارێكی جەریئانە و شۆڕشگێڕانە. 

 

بەرپاكردنی شۆڕش ئەوەندەی پێویستیی بە هەلومەرجی بابەتییانەی شۆڕشگێڕانەی گونجاو هەیە، ئەوەندەش پێویستی بەسەركردایەتی ‌و ئیرادەی شۆڕشگێڕانە هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدرێ ‌‌و جێبەجێ‌ بكرێ ‌‌و بگاتە ئامانج. 

 

ئەمە گرفتی گەورە و سەرەكیی ئەو كاتەی شۆڕشی كپكراوی كوردستان بوو.

 

 

سەرهەڵدانی کۆمەڵە وەک فریادڕەس

 

لەو ساتە وەختە مێژووییانەی هەرەسپێهێنانی شۆڕشدا، تاكە رێكخراوی شۆڕشگێڕ كە بەنهێنی چەند ساڵێك بوو لە مەیدانەكەدا بوو، كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان (كملك) بوو. لە گەرمەی هەرەسهێناندا، سەركردە و كادیرەكانی كۆمەڵە لەسەرەتادا زۆر بەجیدی كەوتنە راوێژ بۆ جێبەجێكردنی ئەركی درێژەپێدانی شۆڕش. بەڵام هەرەسەكە ئەوەندە قووڵ‌ و فراوان‌ و هەمەگیر بوو، نزیك بەمەحاڵ بوو بتوانرێت لەو ساتەوەختەدا بەری پێبگیرێت. لە ئەنجامدا بڕیار درا رێكخستنەكان هەر بەنهێنی ‌و بەتەوژمێكی نوێوە بۆ ماوەیەكی نادیار بكەونە خۆیان بە ئاراستەی خۆ ئامادەكردن بۆ بەرپا كردنەوەی شۆڕشی چەكداری.

 

مام جەلال هاوکات لەگەڵ هەرەسەكەدا رای لەگەڵ ئەوەدا بوو بەهەر نرخێك بووبێت دەبوا شۆڕشی چەكداری بەردەوام بێت ‌و درێژەی پێبدرێ‌

 

 

هەر لە توانای مام جەلال-دا بوو 

 

هەر لەو سەروبەندەدا مام جەلال لە شامەوە وەك سەركردەیەكی دیاری جووڵانەوەی كوردایەتی، لەبەرامبەر ئەو بۆشاییە سیاسییە كتوپڕەی لە شەو و رۆژێكدا بەسەر بزووتنەوەكەدا داباری، ئۆقرەی لە خۆی بڕیبوو، كەوتبووە جموجۆڵێكی شەوانە رۆژییەوە بۆ وەڵامدانەوەی شۆڕشگێڕانە بەو بۆشاییە سیاسییە. 

 

دیارە ئەوەش بێ هۆ نییە، چونكە دەیزانی ئەگەر دەستبەجێ‌ و لە ماوەیەكی كورتی پێوانەییدا وەڵام بەو شكستە مێژووییە نەدرێتەوە، ئیدی وەڵامەكە حەواڵەی داهاتوویەكی نادیار دەكرێ‌‌ و دوژمنیش بەبێ‌ هیچ بەربەستێك پلانە شۆڤێنییەكانی خۆی لە كوردستاندا بۆ تێكشكاندنی هەتا هەتایی گیانی شۆڕشگێڕانەی خەڵكەكە دەباتە سەر، لەبەرئەوە، مام جەلال هاوکات لەگەڵ هەرەسەكەدا رای لەگەڵ ئەوەدا بوو بەهەر نرخێك بووبێت دەبوا شۆڕشی چەكداری بەردەوام بێت ‌و درێژەی پێبدرێ‌.

 

 

هەرەسی شۆڕش پێشبینی دەکرا

 

رەنگبێ‌ هەرەسهێنانی شۆڕشی چەكداری لە سیاقی مێژوویی خۆیدا و بەهۆی هەلومەرجێكی بابەتی‌ و خۆیی نەگونجاوی دیاریكراوەوە لە روانگە و دیدی كەسانی شۆڕشگێڕی وەكو مام جەلال، رووداوێكی چاوەڕوانكراو بووبێت‌، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەكراوبوو، ئەو راستییە تاڵە بوو كە بەدوای بڕیاری كۆتاییپێهێنانی خەباتی چەكداری لە لایەن بارزانییەوە، هەموو سەركردایەتی شۆڕشەكە و كادر ‌و فەرماندە سەربازییەكان، بە سەركردە چەپەكانیشەوە كە لە دەرەوەی سەركردایەتی کۆنەپارێز و داڕووخاوی پارتیدا بوون، ملیان بۆ ئەو هەرەسە دا، ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بووبێت، تەسلیمی دیفاكتۆكە بوون، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەڵوێستە پاسیفیستیانە، مام جەلال هەڵوێستێكی پێچەوانەی هەبوو.  لەو بارەیەوە دەڵێت:

 

(كارەساتەکە زۆر كاری تێكردم، سیاسەتی راستی ئەو دەمە ئەوەبوو كە برادەرانی كۆمەڵە لە شاخ بمێننەوە و خۆیان رێكبخەنەوە و دواتر منیش بگەڕێمەوە بۆ ئەوێ‌ و درێژە بە شۆڕش بدەین، تەنانەت ئەگەر ژمارەیەكی كەمیش بین. ئەگەر ئەو كاتە ئەوان ئەو بڕیارەیان بدایە و بیانناردایە بە شوێن مندا، لەو باوەڕەدا بووم كە شۆڕش درێژەی پێدەدرا. بەرەئی من ئەو برادەرانەی وڵات كە ئەو كات مەلا مستەفا بڕیاریدا واز بێنێت، هەڵەیەكی مێژووییان كرد كە تەواوبوونی شۆڕشیان قبووڵ كرد.

 

تەنانەت پرسیارێكیشیان بەمن نەكرد، رانەوەستان لەسەر ئەوەی كە رەئی من بزانن كە خۆم لایەنگری بەرگری ‌و بەردەوام بوونی شۆڕش بووم، بە رادیۆ ئەوەم بڵاوكردبۆوە، خەڵك دەیزانی كە بۆچوونم چۆنە و خەڵكم ناردبۆوە بۆ ناو كوردستان. لە 27-3-1975 هێرۆی خێزانم ناردەوە بۆ كوردستان كە هێرۆ گەیشتەوە، تەلەفۆنی بۆ كردم وتی هەموو شتێك تەواو بووە و بڕاوەتەوە. ئەگینا من بەتەمابووم لە 29ی هەمان مانگدا بگەڕێمەوە).

 

وەك پێویستییەكی مێژوویی و ئەركێكی شۆڕشگێڕانە دەبوا ئەو بەستەڵەكە سیاسییە تێكبشكێندرێ‌. 


ئەو رۆژەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی تیادا راگەیەندرا، لەسەروبەندی رۆژی دامەزراندنی كۆمەڵەی ماركسی لینینیی كوردستانیش بوو كە پێنج ساڵی تەمەنی بەرێخستبوو، ئەو رێكخراوەی كە خودی مام جەلال هەر لە دامەزراندنییەوە رابەرە رۆحییەكەی بوو

هەستانەوە و بەرگریی

 

مام جەلال لە پێشەوەی ژمارەیەكی بەرچاوی تێكۆشەرە دێرینەكانی شۆڕشی ئەیلول ‌و هاوشانی رێكخراوێكی چەپی چەشنی كۆمەڵە، نەك هەر لە بەردەم ئەو شكستە گەورەیەی شۆڕشدا چۆكی دانەدا، بەڵكو دەستبەجێ‌ بیرۆكەی دامەزراندنی رێكخراوێكی سیاسی شێوە نوێی هێنایە ئاراوە، رێكخراوێكی نیمچە بەرەیی ئەوتۆ كە بتوانێت ببێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو رێكخراوە سیاسی‌ و تێكۆشەرە سەربەخۆكان بۆ بەرپاكردنی شۆڕشێكی نوێی چەكداری لە نزیكترین ماوەدا. 

 

مام جەلال دركی تەواوی بەو راستییە كردبوو كە جێبەجێكردنی ئەو بیرۆكەیە هیچ دواخستنێك هەڵناگرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ناوەوەی وڵات كۆتایی بە خەباتی چەكداری هێنرابوو. بەوجۆرە، پاش تێپەڕبوونی كەمتر لە دوو مانگ و نیو، لە ئەنجامی زنجیرەیەكی نەپساوەی كۆبوونەوە و پەیوەندیی مام جەلال لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتییە سیاسییەكانی تاراوگە و ناوەوەی وڵات ‌و راوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵیاندا، لەسەر دەستی بەڕێزیان ‌و چەند هەڤاڵێكی نزیكی خۆی لە1 ی حوزەیرانی 1975 موژدەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەگوێی گەلی كوردستان ‌و نەیاران‌ و دوژمنانیدا درا. 

 

هەر بۆ مێژوو، ئەو رۆژەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی تیادا راگەیەندرا، رۆژی دامەزراندنی كۆمەڵەی ماركسی لینینیی كوردستانیش بوو كە پێنج ساڵی تەمەنی بەرێخستبوو، ئەو رێكخراوەی كە خودی مام جەلال هەر لە دامەزراندنییەوە رابەرە رۆحییەكەی بوو. 

 

ئیتر ئەوە بێ هۆ نەبوو كە كۆمەڵە وەكو رێكخراوێك راستەوخۆ بوو بە ئەندامێكی سەرەكی ‌و هەرە كارای ژێر چەترە نیمچە بەرەییەكەی یەكێتی ‌و بە تێكڕای سەركردە و ئەندامەكانییەوە بوونە كەرەستەی سەرەكی مرۆیی و مادی بۆ یەكێتی ‌و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی چەكداری. 

 

ئەوە راستە كە لە نێوان مانگی ئاب ‌و ئۆكتۆبەری 1975 دا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی بەغداوە زەبرێكی قورس بەر كۆمەڵە كەوت ‌و سەركردایەتییەكەی‌ و ژمارەیەكی بەرچاوی كادرەكانی خرانە زیندانەوە و ریزەكانی پەرت ‌و بڵاوبوونەوە، بەڵام هەر زوو بەزوو، لە دەستپێشخەرییەكی شۆڕشگێڕانەدا، بۆ فریاكەوتنی رێكخستنەكان، (چوار كادری كۆمەڵە كە بریتین لە شاسوار جەلال (ئارام) ‌و نەجمەدین عەزیز (سالار) ‌و حیكمەت محەمەد كەریم (مەلا بەختیار) ‌و ئازاد هەورامی (عادل) كۆمیتەی هەرێمەكانیان وەك سەركردایەتییەكی دیفاكتۆی كاتی دامەزراند ‌و توانییان فریای رێكخستنەكان بكەون ‌و درێژەش بە هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری بدەن. 

 

لە ناوەڕاستی 1976 دا كۆمەڵە ئەندامە چالاكەكانی خستەگەڕ‌ و مەفرەزەی چەكداری لـێ‌ پێكهێنان. 

 

زۆربەی هەرەزۆری مەفرەزە سەرەتاییەكانی ناوچەكانی سلێمانی ‌و كەركوك ‌و بەشێكی زۆری هەولێر، كۆمەڵە پێكیهێنان) (بڕوانە: ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، فەرید ئەسەسەرد، چاپی دووەم، 2013، ل613).

 

لە ئەنجامدا، تەنها دوای ساڵێك لە راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرەڕای ئەو زەبرە گەورەیەی بەر كۆمەڵەش كەوتبوو بەهۆی گرتن ‌و زیندانیكردنی هەموو سەركردەكانی‌ و بەشێكی بەرچاوی كادرە پێشكەوتووەكانی لەلایەن رژێمی بەغداوە، لە 10ی حوزەیرانی 1976 دا یەكەمین زەنگی دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ‌ بە رابەرایەتیی یەكێتی لێدرا و بڵێسەی خەباتی چەكداری لە چیاكانەوە جارێكی تر كڵپەی سەندەوە.

*لێپرسراوی بۆردی هۆشیاریی (ی.ن.ک)

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket