riklam

عیراق زیاتر لە نیوەی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەرناگرێت

کوردستان 04:39 PM - 2024-06-04
گەنمی جوتیارانی هەرێم دیار ئەبوبەکر

گەنمی جوتیارانی هەرێم

حکومەتی عیراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگرێت کە نرخەکەی دەگاتە 595 ملیار دینار و بە وتەی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمیش: "کشتوکاڵی عیراق بە پێداگری و هەوڵی زۆرمان ئەو بڕە وەردەگیرێت و وەک هەڵوێستێکیش کۆنووسەکەمان ئیمزا نەکردووە، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی جوتیاران ناچاربووین رازی ببین بەو رێژەیە".

بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆنە و بەوپێیەی عیراق 700 هەزار تۆن گەنم وەردەگرێت، ئەوا زیاتر لە نیوەی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەرناگیرێت و دەمێنێتەوە کە بەهاکەی دەگاتە 680 ملیار دینار بەگوێرەی نرخی دیاریکراوی هەر تۆنێک کە  850 هەزار دینارە.

لە سبەینیوە دەرگای سایلۆکان لە هەرێم دەکرێنەوە

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق دەیویست بە هەمان رێژەی ساڵی رابردوو گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگرێت کە 500 هەزار تۆن بوو، پاش ناڕەزاییمان و چەند جارێک سەردانیکردنمان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، توانیمان رێژەکە بۆ 700 هەزار تۆن بەرزبکەینەوە، هاوکات لە سبەینێوە 5ـی 6ـی 2024، سایلۆکان دەکەینەوە و دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکەین".

"لە هەرێمی کوردستان نزیکەیی 2 ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە کە بە نزیکەیی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم دەبێت و جوتیاران مافی خۆیانە حکومەتی عیراق گەنمەکەیان لێ وەربگرێت بەو نرخەی کە دیاریکردووە کە بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینارە، لە کۆبوونەوەکانیشماندا لە بەغدا تەئکیدمان کردووەتەوە کە پێویستە لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی گەنم ساڵانە مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێم بکرێت نەک دیاریکردنی رێژەیەکی جێگیر"، بێگەرد تاڵەبانی وادەڵێت.

حکومەتی عیراق نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنمی هەرێم وەرناگرێت

حکومەتی عیراق نیوە زیاتری گەنمی بەرهەمهێندراوی جوتیارانی هەرێم وەرناگرێت کە نزیکەی 800 هەزار تۆنە و بە نزیکەی 700 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.

بەپێی بەواداچوونێکی PUKMEDIA بۆ ئەمساڵ، حکومەتی عیراق ناتوانێت نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێندراوی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت کە بە نزیکەی 700 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.

لەوبارەیەشەوە وەزیری کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت: "دوای وەرگرتنی 700 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم، کەرتی تایبەت گەنمی جوتیاران دەکڕن، کە بێگومان نرخەکەی لەو پارەیە کەمترە کە حکومەتی عیراقی دەیدات بە جوتیاران".

عیراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت

حکومەتی عیراق بۆ کڕینەوەی 700 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران، پێویستی بە 595 ملیار دینارە، چونکە بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەداتە جوتیاران، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمیش ئاماژە بەوەدەکات: "ئەو گەنمەی حکومەتی عیراق لە هەرێمی وەردەگرێت، بەپێی خشتەیەک بەشێوەیەکی یەکسان دابەشمان کردووە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا".

عیراق گومانی هەیە

گومانێک لەلایەن عیراقەوە هەیە کە گەنمی هاوردە تێکەڵ بە گەنمی هەرێم بکرێت و بە عیراق بفرۆشرێتەوە، بەڵام وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: "بنەتۆوی گەنمی هەرێم دیارە و لیژنەیەک تایبەت کراوە بەو بابەتە".

گومانێک  لەلایەن عیراقەوە هەیە کە گوایە گەنمی هاوردەی هەرێم تێکەڵی گەنمی جوتیاران دەکرێت و بە عیراق دەفرۆشرێتەوە، لەوبارەیەشەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی بنەتۆوی ئەو گەنمەی جوتیارانی هەرێم دەیڕوێنن دیارە و لیژنەیەکی پسپۆر گەنمی هاوردە دەناسنەوە، ئەگەر گەنمی هاوردە لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی گەنمی جوتیاران بکرێت، بێگومان ئەو لیژنە پسپۆڕە لێی بەرپرسیارە".

لەبارەی گەنمی هاوردەشەوە غەریب ئەحمەد ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە عیراق گومانێک هەیە کە گوایە لایەنێک لەهەرێمی کوردستان گەنم لەدەرەوەی وڵات بە نرخی هەرزان هاوردە دەکات و تێکەڵی گەنمی جوتیارانی هەرێمی دەکات و پاشان دەیەوێت بە حکومەتی عیراقی بفرۆشێتەوە کەبەپێی بۆچونەکە زۆرترین هاوردەی گەنمەکە لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکن، لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەیەک بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە پێکبهێندراوە و پشتیوانییان لێدەکەین".

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنی زۆرترین رێژەی گەنمی بەرهەمهێنراوی جوتیارانی هەرێم جێگای خۆی گرت و دوای چەندین کۆبوونەوەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم کە لە پشکی یەکێتییە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق، رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە 500 هەزار تۆنەوە زیادکرا بۆ 700 هەزار تۆن و لە سبەینێشەوە جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان بکەن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket