riklam

قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی کۆریا: پەرە بە توانای گەنجان دەدەین

کوردستان 04:43 PM - 2024-05-29
قوباد تاڵەبانی و چۆی سونگ سوو نووسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی و چۆی سونگ سوو

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشور لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا سەبارەت به پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەت و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ کرا. 


لە کۆبوونەوەکەدا که رۆژی چوارشەمە ( 29ی ئایاری 2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی کۆریای باشوری کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هیوای خواست هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە ڕووی گواستنەوەی ئەزمون و شارەزاییەوە لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی بۆ کوردستان بەردەوام بێت.

باڵیۆزی کۆریای باشور هاوکاری و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دووپات کردەوە و ئامادەییشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەتدا.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا حکومەتی هەرێم لەم ساڵانەی دواییدا بە پەشتبەستن بە گەنجانی لێهاتوو و داهێنەری کورد، قۆناغی زۆر پێشکەوتووی لە بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتدا بڕیوە، وتیشی بەڵام هێشتا پێویستیمان بە هاوکاری وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک کۆریای باشور هەیە.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لەناو گەنجانی کورد کەسانی داهێنەری زۆر لێهاتوو لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازیدا هەڵکەوتوون، وتیشی ستراتیژ و پلانمان ئەوەیە زیاتر پەرە بە توانای گەنجانی داهێنەرمان بدەین و بەشدارییان بکەین لە دۆزینەوەی چارەسەری زیرەک بۆ کێشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان.

لەم چوارچێوەدا جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد کۆریای باشور هاوکاری هەرێم بێت لە پەرەپێدانی توانای گەنجانی داهێنەری کوردستاندا.

 

لەلایەکی ترەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ بنیامین هانا جێگری کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم کۆبووەوە و لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆ کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە رۆژی (29ی ئایاری 2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران، جەختیکردەوە کە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بکرێت.

سەبارەت بە کورسی کۆتاکان، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە بێ جیاوازی داکۆکی لە هەموو مافی پێکهاتەکان دەکەین، وتیشی: "هیچ کاتێک دژی کورسی کۆتای پێکهاتەکان نەبووین و ناشبین، بەڵکو خواست و هەوڵی ئێمە ئەوەیە پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان".

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم کرا. جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: "حکومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەکی نیشان داوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت" و وتیشی:" ئێمە نابینە کێشە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەدا" .

سەبارەت بە پرسی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکە و وتیشی:" وەفدی حکومەت ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات و مەبەستمانە بگەینە رێککەوتنی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی بودجە و موچە" .

لە تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی بونیادنانی زانکۆیەکی کوردی ــ ئەڵمانی لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی پشتگیری و ئامادەیی تەواوی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک بۆ کردنەوەی زانکۆکە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket