riklam

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکات

کوردستان 04:32 PM - 2024-05-28
سەرۆککۆمار و سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

سەرۆککۆمار و سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

وەفدێکی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و داوا لە سەرۆککۆمار و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات پرسی مووچەی مامۆستایانی و کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەستەکان چارەسەربکرێت، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت: "چاوەڕوان دەکەین بە نیشتمانیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەو کێشانە چارەسەر بکات".

سەرۆککۆمار: گرژییەکان کاریگەرییان نەبێت لەسەر خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان

د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق ئاماژەی بە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی خەرجکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان کرد و راشیگەیاند: "پێویستە گرژییە سیاسییەکان کاریگەرییان نەبێت لەسەر بژێوی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەم توێژە گرنگە لە کۆمەڵگەدا، ئەویش بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، سەرەڕای دەستەبەرکردنی مافی کارمەندان و مامۆستایانی پەروەردە و فێرکردن، لەنێویاندا مامۆستایانی وانەبێژ لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی دابەشکردنی سامان لەنێوان عیراقییەکاندا".

هەروەها لە دیدارەکەدا تیشکخرایەسەر رۆڵی پێشەنگانەی مامۆستا لە پەروەردەکردنی نەوەکان و باشترکردنی پرۆگرامی خوێندن، بە شێوەیەك کە ئاسایش و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و رێزگرتن لە بیروباوەڕ و ئایینەکان لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا گەشەپێبدات.

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێن

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داواکاری مامۆستایان و وانەبێژان و گرێبەستەکان دەگەیەنێتە سەرۆککۆمار و لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێی وایە حکومەتی هەرێم و عیراق پێویستە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکەن.

عەبدولواحید محەمەد سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆککۆمار و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لایەنی پەیوەندیداری دیکە کۆبووینەوە و داواکارییەکانی مامۆستایان و وانەبێژان و گرێبەستەکانمان پێگەیاندن و داومان کرد چارەسەری خێرا بۆ پرسی مووچەی مامۆستایان و بەڕەسمیکردنی وانەبێژان و گرێبەستان بدۆزرێتەوە".

"پێویستە هەردوو حکومەت پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیبن لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەرچی زووە تەوتین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بکرێت"، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وای وت.

ئاماژەو بەوەشدا: "پرسێکی دیکەی گفتوگۆکەمان لەگەڵ سەرۆککۆمار بابەتی دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستان بوو کە لەئێستادا بەهۆی چەند گرفتێکەوە راگیراوە و داوای چارەسەرمان کرد".

یەکێتی لە هەوڵی دامەزراندنی یەکەمی زانکۆکانی هەرێمدایە

نزیكەی 11 هەزار دەرچووی یەكەم لە زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكانی 2017-2018 تا 2022-2023  هەیەو فراكسیۆنی یەكێتیش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵ بۆ دامەزراندنیان دەدات تا دەرچووە یەکەمەکانی هەرێم لەو مافە بێبەش نەبن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket