riklam

سەرۆک بافڵ لە واشنتن: ئامانجمان داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی تۆکمەیە

کوردستان 09:16 PM - 2024-05-15
سەرۆک بافڵ و دانیال شاپیرۆ PUKMEDIA

سەرۆک بافڵ و دانیال شاپیرۆ

سەرۆک بافڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ جۆفری پیات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، پرسی وزە، ئابووریی هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی هەماهەنگیی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان، عیراق و ئەمریكا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی ئەمریكا دووپاتكردەوە تاوەكو سەرمایەكانیان بەگەڕبخەن و بەشداربن لە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ رایگەیاند، ئامانجی ئێمە داڕشتنەوەی سیاسەتێكی نیشتمانیی تۆكمەیە بۆ بەرەوپێشچوونی كەرتی وزە، بەشێوەیەك ئەم سەروەتە نیشتمانییە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك، بەهێزتركردنی وڵات و گەشەكردنی بوارە جیاوازەكان.

 

 سەرۆک بافڵ لە واشنتن: باوەڕی تەواومان بەپێکەوە ژیانی سەرجەم نەتەوەکان هەیە

 

هاوکات بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ مارتن مانا سەرۆکی دامەزراوەی کۆمەڵگەی کلدانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەخت لە قووڵکردنەوەی گیانی ئاشتی و تەبایی کرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی رۆڵ و کاریگەریی پێکهاتەکانی کرد لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و پاراستنی کولتووری لێبوردەیی و ئەو فرەڕەنگییەی هەرێمی کوردستان شانازیی پێوەدەکات.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ هەڵوێستی یەکێتیی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد:" باوەڕی تەواو و نەگۆڕمان بە پێکەوەژیانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانە و دەمانەوێت بەشداریی چالاک و رۆڵی کاریگەرییان هەبێت لە کۆمەڵگە، بۆ ئەمەش هەوڵی تەواومان داوە و زەمینەی لەبارمان رەخساندووە تاوەکو نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان بکەن و تێکەڵی ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان نەکرێن".

 

 

 سەرۆک بافڵ لە واشنتن: پێویستە روبەڕووی تیرۆر ببینەوە

 

لەلایەکی ترەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پنتاگۆن لەگەڵ دانیال شاپیرۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەپێناو پاراستنی ئاشتی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی رۆڵی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوەکرد، بەگرنگییەوە لە بەردەوامیی هەماهەنگییەکان و سەرخستنی گفتوگۆکانی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عیراق دەڕوانین و پێویستە هەموومان پێکەوە رووبەڕووی هەڕەشەکان و مەترسییەکانی تیرۆر ببینەوە.

لەبارەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوە و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە، سەرۆک بافڵ رایگەیاند:"پشتیوانییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین، هیوادارین لە داهاتووشدا هاوکار و هەماهەنگبن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە و پاراستنی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket