riklam

قوباد تاڵەبانی بۆ وەزیری کشتوکاڵ: پەرەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت

کوردستان 11:24 AM - 2024-05-15
قوباد تاڵەبانی بەنداوی شەوگێڕی بەسەرکردەوە نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی بەنداوی شەوگێڕی بەسەرکردەوە

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران چەند پرۆژەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەسنورى کۆیە بەسەرکردەوە و بەهەوڵێکی گرنگی لەقەڵەمدان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابورى.

رۆژى چوارشەممە 15ى ئایارى 2024 ، لەو سەردانەیدا جێگرى سەرۆک وەزیران، هاوڕێ لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوی شەوگێڕی بەسەرکردەوە و دەستخۆشی لەهەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد بۆ بنیاتنانی بەنداو لەناوچە جیاوازەکاندا و بەهەنگاوێکی گرنگی لەقەڵەمدا بۆ رووبەڕووبونەوەى کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

هەرلەوبارەیەوە و بەلەبەرچاوگرتنی تواناى بەنداوی شەوگێڕ بۆ گلدانەوەى 1.3 ملیۆن مەترەسێجا ئاو و سەررێژبوونی لەمساڵدا، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا و بنیاتنانی بەنداوەکانی بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێم و زامنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

دواى گوێگرتن لەسودەکانی بەنداوەکە بۆ گەشتیارى و کشتوکاڵ و سامانی ماسی بۆ گوندەکانی سنورەکە، جێگرى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەکرد: "دەبێت هانی برا جوتیارەکانمان بدەین کە شێوازی کشتوکاڵى پێشکەوتوو بگرنەبەر لەپێناو کەمتر بەفیرۆدانی ئاو، بەتایبەت کەمکردنەوەى ئەو بڕەى پێویستە بۆ ئاودانی بەرووبوومەکان و زیاترکردنی ئاستی بەرهەمى کشتوکاڵى جوتیاران".

قوباد تاڵەبانی لەدووەم وێستگەشدا، ئامادەى رێورەسمی بەکارخستنی پرۆژەى کارگەى ئالیکی تەبارە بوو لەکۆیە و گرنگی وەبەرهێنانی لەم بوارەدا دووپاتکردەوە و بەهەنگاوێکی پێویستی زانی بۆ زامنکردن و پاراستنی سامانی ئاژەڵ.

لەرێورەسمەکەدا گرنگی بەگەڕخستنی کارگەکە خرایەڕوو لەرووى بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەى تێچووى کڕین و هاوردەکردنی ئالیک، هەروەها لەڕووى خۆراکیی و سودەکانی بۆ پاراستنی تەندروستی ئاژەڵى.

جێگرى سەرۆک وەزیران، لەمیانی بەسەرکردنەوەى بەشەکانی کارگەکەدا ئاماژەى بەوەکرد کە کارگەکانی ئالیک دەکرێ ببنە باشترین بزوێنەرى پیشەسازی پەلەوەر و ماسی و  ئاژەڵى، لەرێى سودوەرگرتن لەبەرهەم و پاشماوەى کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی گونجاو بەپێى ستانداردی جیهانی و پێکهاتەى خۆراکی جگە لەوەش ببنە هۆکارێک بۆ دابینکردنی دەرفەتی هەلى کار بۆ هاوڵاتیانی سنورەکە.

قوباد تاڵەبانی داواى لەوەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد کە ئاسانکارى زیاتر بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە پرۆژانە بکەن لەپێناو پڕکردنەوەى پێداویستی ناوخۆ و کەمتر پشت بەستن بەهاوردەکردنی ئالیک لەدەرەوە، هاوکات زامنی ساغکردنەوەى بەرهەمى جوتیاران و کەمکردنەوەى تێچووى بەرهەمهێنانی گۆشت و پەلەوەر و ماسی کەدواجار بەدابەزاندنی نرخەکانیان لەبازاڕدا دەکەوێتەوە بۆ کەمکردنەوەى بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان.

قوباد تاڵەبانی: شاری کۆیە خزمەتی زیاتری دەوێت

لەلایەکی دیکەشەوە قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆک وەزیران لە شارى کۆیە لەگەڵ ژمارەیەک لەدادوەران و دواتر لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگە و یەکە ئیدارییەکانی سنورەکە کۆبۆوە و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارى بەهاووڵاتیان و گۆڕانکاری پێویست لەپۆستە ئیدارییەکان تاوتوێکران.

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ى ئایارى 2024، بەئامادەبوونی تاریق حەیدەر قایمقامی کۆیە بەرێوەچوو، دۆخی ئێستاى شارەکە گفتوگۆی لەبارەوەکرا بەئامانجی کاراترکردنەوەى پرۆسەى ئاوەدانی و خزمەتگوزارى لەگەڵ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ ئەو گرفت و  ئاستەنگانەى کەرووبەڕووى دانیشتوانی شارەکە دەبێتەوە. 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ئەوەى دووپاتکردەوە:"کە لەپێناو چالاککردن و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەکۆیە، دەبێ بەدواداچوونی پێویست بکرێت بۆ دیاریکردنی کەم و کورتی و گرفتە سەرەکیەکان و چارەسەرکردنیان تا وەبەرهێنەران بتوانن رۆڵى خۆیان ببینن".

لەم پێناوەشدا قوباد تاڵەبانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کەهەموو هاوکاریی و کارئاسانییەک پێشکەش بکەن بە وەبەرهێنەران و کاربکەن بۆ کەمکردنەوەى رۆتین لەفەرمانگەکان لەپێناو خێراترکردنی بەجێگەیاندنی کاروبارەکانی وەبەرهێنەران و خاوەن سەرمایەکان بۆ خستنەوەگەڕى پرۆژەکان لەکۆیە. 

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەى بەوەشکرد:"شاری کۆیە لێمان دەخوازێ کەخزمەتی زیاتری بکەین بۆیە لەم سۆنگەیەشەوە لەهەر شوێنێک و لەهەر پۆستێکدا پێویست بەگۆڕانکارى بکات ئەنجامی دەدەین لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان. لەوبارەیەوە بە بەرپرسانی ئیداری شارەکەی راگەیاند کە دەبێ باش بن لەگەڵ خەڵک و وەکو خزمەتکار مامەڵە بکەن چونکە ئەوان ئیشیان ئەوەیە خزمەت بکەن".

هاوکات لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لەمیکانیزمی چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕەوی بۆ سەر زەوی و موڵک و ماڵی گشتی کرا.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket