riklam

قوباد تاڵەبانی: کارئاسانی بکرێت بۆ وەبەرهێنەران لە هەڵەبجە

کوردستان 01:04 PM - 2024-05-13
کۆبونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە PUKMEDIA

کۆبونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران، سەردانی ژوورى بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەى کرد و لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆکرا لەبارەى میکانیزمی چۆنێتی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابورى و بەرەوپێشبردنی لەپارێزگاکەدا.


لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژى دووشەممە 13ى ئایار بەڕێوەچوو،  هەڵسەنگاندن کرا بۆ پەرەسەندنەکانی بارى ئابورى لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجە و جوڵەی بازرگانی لەناوچەکەدا.


جێگرى سەرۆک وەزیران، ئاماژەى بەوەدا کەپێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەشارەکەدا بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر فەرمانگە حکومیەکان کارئاسانی بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروبارى وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خاوەنی پرۆژەکان لەهەڵەبجە.


جەختیشی کردەوە کە ئەکرێت وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا بکرێت بەتایبەت لە گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، چونکە ناوچەکە کەشێکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی پەرە بەو دوو سێکتەرە بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بە پڕۆژەی گەشتوکاڵ-دا و وتی: گەشتوکاڵ پڕۆژەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی بکرێتە سەرچاوەیەکی داهات و سێکتەرێک بۆ رەخساندنی هەلی کار لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە دەڤەری هەورامانەوە دەستمان بەو پڕۆژەیە کردووە.


هاوکات جێگرى سەرۆک وەزیران بەگرنگییەوە باسی لەوەکرد کە پێویستە پردێکی پەیوەندی لەنێوانی ناوەندە ئەکادیمیەکان لەزانکۆ و پەیمانگاکان فەراهەم بکرێت تا دەرچووی زانکۆکان هەڵگری ئەو بڕوانامانەبن کەپێویستن بۆ بازاڕى کار و بەم جۆرەش هەلى کارى زیاتر دەڕەخسێت.


هەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی بۆردێکی تایبەت بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی وەبەرهێنەران و کەم کردنەوەی رۆتین لەدامودەزگا حکومیەکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر و خێراتر خزمەتی شارەکە بکرێت.

 

هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک  وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە 13ى ئایارى 2024، گەیشتە پارێزگاى هەڵەبجە و لەیەکەم وێستگەشیدا لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدان، تاجەگوڵینەى رێز و وەفادارى بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دانا.


دواتر قوباد تاڵەبانی ئامادەى مەراسیمێک بوو لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجە کەبەبۆنەى یادی ٣٧ ساڵەى راپەڕینی خەڵکی هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور لەدژى بڕیارى بەزۆر راگواستنیان، رێکخرابوو.


هەر لەمیانی سەردانەکەیدا، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنى پشتیوانی هەڵەبجە کۆبوویەوە کەلەچەندین کەسایەتی و پیاوماقوڵى هەڵەبجە پێکهاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەى چۆنێتی پەرەپێدان و بوژاندنەوەى شارى هەڵەبجە لەڕووى ئابوورى و خزمەتگوزارییەوە، کەتێیدا ئامادەبووان ژمارەیەک داواکارییان سەبارەت بەچۆنێتی زیاتر خزمەتکردنی شارەکەیان خستەڕوو.


جێگرى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەدا: "حکومەتی هەرێمی کوردستان جددیە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوورى بەهێز بۆ شارەکە، چونکە هەموومان بەجۆرێک قەرزاری هەڵەبجەین کەهەرگیز لەئاست ئەو قوربانیدانەیدا نادرێتەوە".


پشتیوانی خۆشی بۆ ئەو  ئەنجومەنە دەربڕی لەپێناو رێکخستنی کارەکانی و هاوکاری ئیداری پارێزگاکە لەپێناو خزمەتکردنی باشتری شارەکە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket