riklam

جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مەرجە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە

کوردستان 12:24 PM - 2024-05-13
دیناری عیراقی PUKMEDIA

دیناری عیراقی

تەسلیم نەکردنی داهاتە نانەوتییەکان و هەنگاونەنانی جددی حکومەتی هەرێم بۆ تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێم کە بڕیاری دادگای فیدراڵییە، ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی لە بەغداوە دواخستووە، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مەرجە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە".

 

بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کێشەی مووچە نامێنێت 

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "حکومەتی عیراق، حکومەتی هەرێم بە کەمتەرخەم دەزانێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە خۆی لە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و هەنگاونانی جددی بۆ تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکە حکومییەکان دەبینێتەوە".

"بەپێی بەدواداچوونەکانم، حکومەتی عیراق کێشەی لە پارەی کاش و لیستی مووچەخۆرانی هەرێم دا نییە و ناڕازی نییە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام داوای کردووە کە حکومەتی هەرێم بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات، بۆئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر ببێت"، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران وادەڵێت.

 

هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم وەک پێویست نین

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ ناکات، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

پێشتریش سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندبوو: "حکومەتی هەرێم هەنگاوەکانی بەدەمەوەچوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە خۆی لە جێبەجێکردنی تەوتینی مووچەخۆران و ناردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەبینێتەوە، وەک پێویست نەبووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە".

"لیستی مووچەخۆرانی هەرێمیش مانگانە کە بۆ بەغدا دەنێردرێت گرفتی زۆری تێدایە و ئەمەش جارێکی دیکە هۆکارێک بووە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم، کە چارەسەری ئەو کێشەیەش پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە"، سۆران عومەر وادەڵێت.

نزیکەی 40 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا 20 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی عیراق و لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەغدا مووچەی مانگی ئایار دابەشدەکات، بەڵام هەولێر چاوەڕوانی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانیەتی، هەروەها هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵێ وەک پێویست نین، ئەمەش بووەتە هۆکاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket