riklam

ئەفسانەکانی دەوری هەڵبژاردن

بیروڕا 02:59 PM - 2024-04-03
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

بیروڕا

هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، راستییە جەوهەرییەکانی دیموکراسیین، ئەم راستیانە بە کۆمەڵێک ئەفسانە دەورە دراون و حیکایەتیان لە بارەوە دەکڕێت کە ئیشی هەموو مرۆڤێکی هوشیار، یان لانی کەمی هوشیاری هەبێت، ئەوەیە ئەم ئەفسانانە پوچەڵ بکاتەوە و رێی بژاردەی دیموکراسیی بکاتەوە.

یەکێک لەو ئەفسانانە ئیشی حزبە گەورەکانە.
حزبی گەورە بۆچی حزبی گەورەیە، یان بۆچی حزبی ئەزموندار و حوکمڕانە؟

حزبی گەورە ئەوەیە مەسئولیەتی گەورەی لەسەر شانە. دەبێ ئەزموون و قاڵبوونی خۆی لە تەنگژەکاندا دەربخات.
حزبی حوکمڕان چۆن بایکۆتی هەڵبژاردن دەکاو چۆن تەنگژە بۆ پرۆسەی دەنگدان دروست دەکات؟ ئەی مەسئولیەتی سەرشانی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمانەت و ئەمنیەتی فەزای گشتی لە کوێیە؟

ئەی خەڵک چۆن بە قەزاوەت و ناوبژیوانی حوکمڕانی ئەزموندار رازی بێت کە خۆی سکاڵا و دەفتەری شەکوای هەبێت؟
حزبی گەورە چۆن وەک حزبی تازە بابەت و تازە باو بێ هیچ ئیعتبارێک بۆ بەرپرسیارێتی گشتی، رێگە بە بۆشایی سیاسیی و دەستوری دەدا و رێگا بۆ قیل وقال و بەدحاڵی بوون و مەزەندەی هەڵە و خوانەخواستە هەڵسەنگاندنی خراپ دەخاتە سەر گازەرەی پشت؟

حزبی ئەزموندار و قاڵبووی ڕارەوەکانی حوکمڕانی و تۆڕێک پەیوەندی سیاسیی بە حیساب خاوەندارێتی لە دەیان دوکان و دامودەزگای حەریف دەکات، چۆن ئاوا دەشەمزێ و نایکەم و نابێ دووپات دەکاتەوە؟

حزبی گەورە چۆن بەم رەمەزان و کەشی تاعەت و رۆژووە جەماوەر و دەنگدەر، فەرمانبەر و شەقام تووشی دڵراوکێ و سەرگەردانی دەکا و لە کاری دونیایی وەکو هەڵبژاردن، لە ناوبژیوان و حەکەم و لایەرمەن و فیکە و رێنوێنی یارییەکە تەوەللا دەبێت؟

ئەی مەسئولیەت چییە ئەگەر بڕیار و سیاسەت و تەگبیری مەحکەم نەبێ؟
توخوا خەڵقینە ئەفسانەی وا لە هیچ مەملەکەتێکدا هەبووە کە حوکمڕان دەستبەردانی ئەرکی سەرشان و واجبی عەیان بێت؟
ئەی کێ دڵی حزبی جەوان بداتەوە و کاندیدی تازە زاوا چی بڵێ و لیستی خێر لەخۆ نەدیو شەکوای بباتە لای کێ؟
خۆ بەرپرسیارێتی هەر حکومەتایەتی و ئیمتیازەکانی (ئاغا و شێخ و دەوڵەت) نییە بە وەسفی کوردناسی هۆڵەندی ڤان مارتن برۆنسن؟

بەرپرسیارێتیی گەورەکان و قاڵبووەکان سەد قاتە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket