riklam

رزگاركردنی‌ خه‌ڵك له‌م دۆخە خراپەی ئابووری

بیروڕا 01:02 PM - 2024-04-03
سۆزان ئەنوەر PUKMEDIA

سۆزان ئەنوەر

بیروڕا

 سۆزان ئەنوەر  

سه‌باره‌ت به ‌ئه‌ركەکانی‌ سه‌رشانی‌ حكومه‌ت، ده‌توانین بڵێین لەم کاتەدا له‌ پێشترینیان، دابینكردنی‌ بژێوییه‌كی‌ سه‌ربه‌رزانه ‌و سه‌رده‌مییانه‌یه‌ بۆ هاووڵاتیان. ‌ 

ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ جدی‌ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نه‌كاته‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ خۆی‌، ورده‌ ورده‌ متمانه‌ی‌ لای‌ خه‌ڵك نامێنێ و بناغه‌ی‌ سیاسی‌، واتا قاعیده‌ی‌ سیاسی‌ خۆی‌ له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌و كات‌ زۆر به ‌ئاسانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ناحه‌ز و نه‌یاری‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، ده‌توانن كاریگه‌ری‌ دابنێن له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی ئینتمای‌ ئه‌و خه‌ڵكه.‌

 

ئه‌و دۆخە‌ نالەبارەی كه‌ ئێستا هاووڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پیایدا تێپه‌ڕده‌بن دەره‌نجامی‌ بێ پلانی‌ و ئه‌نجامی‌ حساباتی‌ هه‌ڵه،‌ گورزێكی‌ كوشنده‌یه‌ له‌ بیری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانی‌ و له ‌ئینتمای‌ خۆ به‌ كورد زانینی‌ هاووڵاتیی كورد. 

پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كه‌ حاڵی‌ حازر له ‌دوو حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ كوردستان خۆی‌ ده‌بینێته‌وه،‌ زۆر به‌ جدی‌ بێته‌ مه‌یدان و ‌دڵسۆزانه‌ و ‌به ‌چاوێكی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ به‌خۆیاندا بچنه‌وە و قسه له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی‌ ئه‌م دۆخە بکەن ‌و بیر له ‌ده‌رفه‌تی‌ چاره‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌، تا كار له‌ كار نه‌ترازێ و هه‌رێمی‌ كوردستان تووشی‌ چاره‌نووسی‌ ئیماراته‌كانی‌ بابان و سۆران و باقی‌ ئیماراته‌كانی‌ تر نه‌بێت له‌سه‌رده‌می‌ عوسمانیدا، ئه‌و ئیماراتانه‌ ئه‌گه‌ر پشتیوانیی‌ میلله‌تیان هه‌بوایه‌، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان له‌گه‌ڵیاندا بوونایه،‌ ئاوا به ‌ئاسانی‌ شكستیان نه‌ده‌هێنا و له‌سه‌ر ساحه‌ی‌ سیاسی‌ بزر نه‌ده‌كران. 

ئه‌گه‌ر راپرسییه‌كی‌ ئازاد بكرێت له ‌كوردستان له 90٪ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ دۆخی ئابووری‌ و بژێوی‌ ناڕازییه‌، ئه‌مه‌ زه‌نگێكی‌ مه‌ترسیداره‌ و وا له بەشێک لە ‌سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم ده‌كات به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ پاساوه‌كه‌ به ‌سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه ‌و یاخود به ‌به‌رنامه ‌و پیلانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ بێننه‌وه‌، با به‌شێك له‌و بەرپرسیارێتییە‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ خۆیان و دان به ‌هه‌ڵه‌كه‌یاندا بنێن و داوای‌ لێبووردن له ‌خه‌ڵكی‌ كوردستان بكه‌ن، داوای‌ لێبووردن له ‌هه‌زاران گه‌نجی‌ بێكار بكه‌ن كه ‌خوێندنی‌ زانكۆیان ته‌واو كردووه ‌و ده‌رفه‌تی‌ كاركردنیان نییه، داوای‌ لێبووردن له ‌خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدان و زیندانیانی‌ سیاسی‌ و تێكۆشه‌ری‌ دێرین  بكه‌ن كه‌ له‌پێناوی‌ گه‌لی‌ كوردستان خه‌باتیان كردووه‌ و بێنه‌وه‌ به‌ خۆیاندا و هه‌ندێ له‌و ئیمكانیاته‌ی‌ حزبه‌كان هه‌یانه‌ بیخه‌نه‌ ناو بازاڕه‌وه‌، ئه‌و كورت هێنانی‌ بودجه‌ و مووچه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر رۆژەی‌ بچن له ‌ده‌رگای‌ وه‌زیرێك و به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ گشتی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ بده‌ن، چونكه‌ ئەگه‌ر دڵسۆزی‌ میلله‌ته‌كه‌ت نه‌بی به‌ته‌مای‌ فه‌رمانڕەوایانی‌ به‌غدا دڵسۆز بن؟ ئه‌م سیاسه‌ته‌ ئه‌گه‌ر به‌غداش په‌یڕەوی‌ كردبێ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خۆی‌ بیانووی‌ داوه‌ به‌ده‌سته‌وه ‌و خۆی‌ كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌ حساباتیدا خۆی‌ به‌رنامه ‌و پلانی‌ نه‌بووه،‌ بۆیه‌ پشكی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م برسیكردنه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان .

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket