riklam

عه‌بدولباست خالید: ئه‌وانه‌ی داوای كورسی كۆتا ده‌كه‌ن گوزارشت له‌توركمان ناكه‌ن

کوردستان 04:22 PM - 2024-02-27
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی توركمان له‌ هه‌ولێر PUKMEDIA

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی توركمان له‌ هه‌ولێر

ئه‌نجومه‌نی سیاسی توركمانه‌كان له‌هه‌ولێر بڕ‌یاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی سه‌باره‌ت به‌ كۆتاییهێنان به‌ كورسی پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ستووریی ده‌زانن و ده‌ستخۆشی له‌و بڕ‌یاره‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پێیانوایه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی به‌ناوی توركمانه‌وه‌ داوای كورسی كۆتا له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی به‌ناوی پێكهاته‌ی توركمانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان بوون به‌كارده‌هێنران بۆ پشتیوانی له‌حزبێكی دیاریكراو و ناشرینكردنی پێكهاته‌ی توركمان".

بڕیاره‌كه‌ی دادگایی فیدراڵی یاسایی و ده‌ستوورییه‌

عه‌بدولباست خالید سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی توركمان له‌ هه‌ولێر له‌چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA كه‌ له‌داهاتوودا ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ رایگه‌یاند: "بڕ‌یاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی سه‌باره‌ت به‌ كۆتاییهێنان به‌ كورسی پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ته‌واو یاساییه‌ و ده‌ستخۆشی له‌و بڕ‌یاره‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ بڕ‌یاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ نه‌هێشتنی كورسی كۆتاكانه‌ نه‌ك دژی پێكهاته‌ی توركمان بێت".

"وه‌ك چۆن كورد له‌ عیراق نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مه‌ و له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پێویستی به‌كورسی كۆتا نییه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئێمه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان پێویستمان به‌ كورسی كۆتا نییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌شی به‌ناوی توركمانه‌وه‌ داوای كورسی كۆتا ده‌كه‌ن، گوزارشت له‌ پێكهاته‌ی توركمان ناكه‌ن و به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حزبی خۆیانه‌وه‌ن"، عه‌بدولباست خالید وای وت.

ئه‌وانه‌ی به‌ناوی پێكهاته‌كانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مان بوون به‌كارده‌هێندران

ئه‌وانه‌ی به‌كورسی كۆتا و به‌ناوی پێكهاته‌كانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان بوون به‌كارده‌هێندران بۆ پشتیوانی حزبێكی دیاریكراو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توركمانه‌كان له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌تێكی یه‌كگرتوودا كاربكه‌ن نابنه‌ پاشكۆی هیچ حزبێك.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی توركمان له‌هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "ئه‌وانه‌ی به‌ناوی پێكهاته‌ی توركمانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان بوون به‌كارده‌هێنران بۆ پشتیوانی له‌حزبێكی دیاریكراو و ناشرینكردنی پێكهاته‌ی توركمان، پێكهاته‌ی ره‌سه‌نی توركمان كه‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌هه‌ولێر نیشته‌جێن، ناتوانن خیانه‌ت له‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكه‌ن، هاوكات پێشێلكردنی مافه‌كانیشمان له‌هیچ لایه‌ن و كه‌سێك قبوڵ ناكه‌ین".

"ئه‌گه‌ر توركمانه‌كان له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی یه‌كگرتووداو بێ كورسی كۆتا به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن، بێگومان له‌ كورسی كۆتا زیاتر به‌ده‌ستده‌هێنن و ده‌بنه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی توركمانه‌كان، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا هه‌بووه‌و بووبوونه‌ پاشكۆ و كۆیله‌ی حزبێكی دیاریكراو"، عه‌بدولباست خالید وای وت.

یه‌كێتی داوای كۆتاییهێنان به‌كورسی كۆتاكانی نه‌كردووه‌

پێشتر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ڕ‌ێگه‌ی زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان سكاڵای له‌سه‌ر مادده‌كانی (1-9-15-22-36)ـی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دادگای باڵای فیدراڵی عیراق تۆماركرد، كه‌ خواستی بوو كورسی كۆتاكان كه‌ 11 كورسی بوو به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شبكرێن، به‌ڵام دادگای فیدراڵی دوای 11 جار دواخستنی دانیشته‌كانی له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی یه‌كێتی و به‌دواداچوونی وورد له‌سه‌ر كورسی پێكهاته‌كان، دواجار له‌ رۆژی 21-2-2024، بڕیاریدا كورسی كۆتاكان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و په‌رله‌مانی كوردستان بكات به‌ 100 كورسی كه‌ پێكهاته‌كان ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و 100كورسییه‌دا نوێنه‌ری خۆیان بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket