riklam

لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیە دەستبەكاردەبێت

کوردستان 10:54 AM - 2023-11-26
تەحسین نامیق لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA

تەحسین نامیق لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ یەك شەممە 26-11-2023، بە ئامادەبوونی سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی  و ئەندام و كادیرانی مەڵبەندی كۆیە، لە مەڕاسیمێكی تایبەتدا ئاڵوگۆڕی پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا.

 

لەپاش ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان ئەبوزێد ساڵح لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند:  "لەماوەی رابردوودا مەڵبەندەكەمان خزمەتی سەرجەم چین و توێژەكانی كردووە و هەوڵمانداوە دەستی خزمەت بگەیەنینە سەرجەم گوند و ناوچەكانی سنوورەكە، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ خزمەتكردنی خوێندكاران سەرجەم داواكارییەكانیانمان گەیاندووەتە سەرۆكی یەكێتی بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆك بافڵ زیاتر لە ملیارێك دیناری بۆ تەرخانكردوون".

راشیگەیاند: "بۆ برەودان و پشتیوانی وەرزشكاران، 209 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە بۆ وەرزش تەرخانكراوە، ئەمە جگە لە نوێكردنەوەی یاریگاكان، هاوكات بۆ ئاوڕدانەوە لە كەسوكاری  شەهیدان و تێكۆشەران چەندین كەس دامەزرێندراون، لەڕێی ئیدارەی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانيشەوە، توانراوە 183 ملیۆن دینار بۆ سیستمی ئاودان و سەوزكردنی دوو سایدی هەیبەت سوڵتان دابینبكرێت و رێگای 31 گوند و چەندین كۆڵانی تەق تەق و كۆیە قیرتاوبكرێن".

وتیشی: "هاوكاری كەرتی تەندروستی لە سنوورەكە كراوە، ئەمە جگە دابینكردنی دەرمان و كەرەستەی پزیشكی و ئۆكسجین بۆ كاتی كۆرۆنا و سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید و ناردنەدەرەوەی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات، لێرەشەوە دەست لە پۆستەكەم هەڵدەگرم و داوا لە لێپرسراوی نوێی مەڵبەند دەكەم ماندوونەناسانە درێژە بە كاروانی خزمەت بدات ".

لە مەڕاسیمەكەدا تەحسین نامیق لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "روانگەی من بۆ دەستنیشانكردنی ئەركەكانم كاری رێكخراوەییە، بەڵێن دەدەم وەك یەك تیم كاربكەین و هەموو ئەو هەڤاڵانە یەكێتی ئاشت بكەینەوە و دەستبخەینەسەر برینەكانمان، تا دەسەڵاتێكی كاریگەربین و لەو رێیەوە بەرنامەكانی حزبەكەمان جێبەجێ بكەین، بۆیە هیوادارم لە ئاست پێداویستی و بەرپرسیارێتیدابم".

هەر لە مەڕاسیمەكەدا سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "ئامانجمان لە گۆڕانكاری لە لێپرسراوی مەڵبەندەكاندا، بۆ گەشەپێدانە بە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جێبەجێكردنی كارنامە و راسپاردەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتییە، بێگومان كۆیە لەڕووی مێژوویی و جوگرافیشەوە بۆ یەكێتی گرنگە،  لە رووی نیشتمانییەوە یەكێتی لە كۆیە لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەش ئەركە نیشتمانییەكانی جێبەجێ كردووە، لە داهاتووشدا باشتر ئەركە كۆمەڵایەتییەكانی جێبەجێ دەكات لەڕووی خزمەتكردنی خەڵك و پشتیوانی كردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران".

راشیگەیاند: "سوپاسی ئەبوزێد ساڵح دەكەم كە لەرابردوودا وەك لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیە یەكێتیانە ئەركەكانی جێبەجێكردووە و وەك تێكۆشەرێكی دێرین دڵسۆزانە لە ئاستی ئەركە حزبییەكاندا بووە، هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین لە داهاتوودا، هاوكات تەحسین نامیق لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیە ماندووبوون نازانێت و لە هێنانەدی ئامانجەكانی یەكێتش كۆڵنەدەرە و پشتیوانی دەبین".

 

لەچوارچێوەی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی حزب و لەسەر راسپاردەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی 12-11-2023، مەكتەبی سیاسی كۆبووەوە و بڕیاریدا، زیاد جەبار بە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی و سالار مەحمود بە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی گەرمیان و عومەر حاجی ئەحمەد بە لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوور و تەحسین نامیق بە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیە و جەمال یوسف بە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستبەكاربن و د. مەجید حەمە ئەمین وەك لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی هەولێر بمێنێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا گۆڕانكاری لە پۆستی هەریەك لە مەڵبەندەكانی سۆران، راپەڕین، شارەزوور، سلێمانی، گەرمیان و كۆیە كراون.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket