riklam

یەکێتی و گۆڕان: هەرێم و عیراق کێشەی مووچە چارەسەر بکەن

کوردستان 02:04 PM - 2023-11-25
کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان PUKMEDIA

کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک بافڵ

لە چوارچێوەی راسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 25-11-2023، وەفدێکی باڵای یەکێتی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی بگەنە خاڵی هاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەری کێشەی پشکی هەرێم و دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا.

هاوکات هەردوولا جەختیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا کردەوە و داوایانکرد ئاستەنگەکانی بەردەمی لاببرێن.

دەقی راگەیەندراوەکە

رۆژى شەممە (25/11/2023)، وەفدێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى و وەفدی یاوەرى لە مەکتەبى سیاسى، سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان لە شارى سلێمانى کرد و، لەلایەن وەفدی باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى مستەفا سەید قادر و وەفدی خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى پیشوازیان لێکرا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکى گرنگ و هەستیارى پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانى خەڵک و دۆسیەى سیاسى، ئیدارى و ئەمنى ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى  نەخشەڕێگایەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوى و ئاڵۆزیانەى لە ناوچەکە هەیە، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت.

هاوکات دۆخى ژیان و بژێوى هاوڵاتیان و کاریگەرى قەیرانى دارایی لەسەر موچەخۆران و مامۆستایان بەشێکى گرنگى کۆبونەوەکەى پێکهێنا، هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى بگەنە خاڵى هاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى موچە لەکاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ چارەسەرى کێشەکانى تەندروستى و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان.

کۆبونەوەکە، هەڵوەستەى لەسەر پرسى هەڵبژاردنەکان کرد، هەردولا جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، هەروەها هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردولا هاوڕابون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تا هانى زیاتری هاوڵاتیانى کورد بدات بۆ بەشداریکردنى کارا لە پڕۆسەکەدا.


یەکێتى نیشتیمانى کوردستان     بزوتنەوەى گۆڕان
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket