riklam

لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور دەستبەكار دەبێت

کوردستان 12:07 PM - 2023-11-25
مەڵبەندی 9ی رێکخستنی شارەزوور هەژماری تایبەتی مەڵبەندی 9ی رێکخستنی شارەزوور

مەڵبەندی 9ی رێکخستنی شارەزوور

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ شەممە 25-11-2023، بە ئامادەبوونی سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەندام و كادیرانی مەڵبەندی شارەزوور، لە مەڕاسیمێكی تایبەتدا ئاڵوگۆڕی پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا.

لە مەڕاسیمەكەدا عومەری حاجی ئەحمەد بە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور دانرا، پێزانینیش ئاڕاستەی ئاسۆس عەلی وەك لێپرسراوی پێشووی مەڵبەند كرا لەپای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا جێدەستی دیاربووە و لەگەڵ ئەركە حزبییەكەیدا خزمەتی شارەزووری كردووە.

لەپاش ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان، ئاسۆس عەلی لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی شارەزووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: "سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە پشتیوان و هاوکارنان بوون، هەروەها لە داهاتوودا هەموو پشتیوانییەکی لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور دەکەم ".

"پیویستە هەموو راسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێ بکرێت و پابەندی بڕیارەکان دەبین، هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو بەرهەمە ببینین کە لەم سنوورە هەنگاومان بۆناوە"، ئاسۆسۆ عەلی وایوت.

هەر لە مەڕاسیمەكەدا سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: "ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتی دا نەریتێكی سروشتییە و دەستخۆشی لە کاک ئاسۆس عەلی دەکەم کە بە دڵسۆزانە کارەکانی ئەنجامداوە، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوور دەكەین و دواتریش لە بەشێك لە مەڵبەندەكان هەمان پڕۆسە ئەنجام دەدەین، كە یەكێتییەكان بە رۆحێكی سیاسیانەی حزبیانەی بەرزەوە پێشوازی لەم هەنگاوە دەكەن".

راشیگەیاند: "ئەمە قۆناغی دوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، قۆناغی هەستانەوەی یەکێتییە و وەک یەک تیم کارەکان جێبەجێ دەکەین و لە خەمی هاووڵاتییان و داخوازییەکانیاندا دەبین"، سەرکەوت زەکی وادەڵێت.

لە مەراسیمەکەدا عومەری حاجی ئەحمەد لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "راسپاردە و گۆڕانکارییەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی دەستیپێکردووە کە ئامانج لێی خزمەتکردنی خەڵک و ریشەکێشکردنی گەندەڵییە".

"بەڵین دەدەم خزمەتکاری خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور و پێنجوێن بم و خزمەتی زیاتریان بکەم، چوکە دەستبەکاربوونمان وەک لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوور ئەرکێکە بۆ خزمەتی خەڵک و ئەگەر زویربوونێکیش لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لە حزبەکەمان هەبێت هەوڵی ئاشتبوونەوەی خەڵکە تێکۆشەرەکەی شارەزوور لەگەڵ حزبی شەهیدان دەدەین"، لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور وایوت.

وتیشی: "جێی خۆیەتی لەم مەراسیمەدا سوپاسی مەکتەبی رێکخستن و مەکتەبی سیاسی بکەم کە بەندەیان پێشنیار کردووە بۆ ئەو پۆستە، هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسی بێپایان ئاڕاستەی سەرۆک بافڵ بکەم بۆ قبوڵکردنی پێشنیارەکەی مەکتەبی رێکخستن و مەکتەبی سیاسی و بەڵێن دووپات دەکەمەوە کە خزمەتکاری حزبی شەهیدان و خەڵکی شارەزووربم".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket