riklam

لێپرسراوی نوێی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی ده‌ستبه‌كار ده‌بێت

کوردستان 11:26 AM - 2023-11-22
دەستبەکاربوونی لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی PUKMEDIA

دەستبەکاربوونی لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ چوار شەممە 22-11-2023، بە ئامادەبوونی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی  و ئەندام و کادیرانی مەڵبەند، لە مەراسیمێکی تایبەتدا ئاڵوگۆڕی پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا.

لە مەڕاسیمەکەدا زیاد جەبار ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی دەستبەکاربوو، پێزانینیش ئاڕاستەی جەزا سەید مەجید وەک لێپرسراوی پێشووی مەڵبەند کرا لەپای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا جێدەستی دیاربووە و لەگەڵ ئەرکە حزبییەکەیدا خزمەتی بە سلێمانی کردووە.

هاوکاری هەموو لایەک بووین

جەزا سەید مەجید لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی سلێمانی وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "ئێمە هەموومان خوێندکاری رێبازەکەی مام-ین و لەسەر ئەو رێبازەش ئامادەین بۆ هەر ئاڵوگۆڕێکی دەسەڵات کە بە بڕیاری حزب ئەنجام بدرێت، کە ئەم ئاڵوگۆڕەش لەسەر راسپاردەی کۆنگرەی پێنجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ-ە و پابەند دەبین پێوەی، داواش لە هەموو هەڤاڵانمان دەکەم کە هاوکار و پشتیوانی لێپرسراوی نوێی مەڵبەند بن".

"لە ماوەی یەک ساڵ کارکردنماندا 1357 چالاکی ئەنجامدراوە و سەردانی پێنج هەزار ماڵە شەهیدمان کردووە و 761 کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەگەڵ ناوەند و بنکەکان، بەپێی پێویست هاوکاری هەڤاڵان و کادیران و هاووڵاتیانمان کردووە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ نەخۆشخانەی ئاسیای نێودەوڵەتی رێککەوتنمان کردووە بۆ داشکاندن لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە بۆ ئەو کەسانەی کە لەرێگای مەڵبەندەوە سەردانیان دەکەن"، جەزا سەید مەجید وایوت.

ئاڵوگۆڕ لە ناو یەکێتیدا نەریتێکی سروشتییە

هەر لە مەراسیمەکەدا سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان لەناو یەکێتی دا نەریتێکی سروشتییە و ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی دەکەین و دواتریش لە بەشێک لە مەڵبەندەکان هەمان پرۆسە ئەنجام دەدەین، کە یەکێتییەکان بە رۆحێکی سیاسیانەی حزبیانەی بەرزەوە پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن".

"کاک جەزای سەید مەجید کەسێکی تێکۆشەرە و لە بنەماڵەیەکی تیکۆشەرە و ماندووبوونی زۆری بینیوە و لە کاروانی خەبات جێنەماوە، هەمیشە رۆحی داهێنەرانە و گیانی هاوکاری هەبووە، ئێمەش هەوڵدەدەین ئەوەی کە پێشکەشمان کردووە زیادی بکەین و کەمتەرخەمیەکانمان نەهێڵین و یەکێتییەکی گەشتر و سەرکەوتوتر پێشکەش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین چونکە گەشەکردنی یەکێتی یەکسانە بە گەشەکردنی کوردستان"، سەرکەوت زەکی وادەڵێت.

لێپرسراوی نوێی مەڵبەند: وەک یەک تیم کاردەکەین

هەر لە مەراسیمەکەدا زیاد جەبار لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ بۆمن شانازییەکی گەورەیە کە لە مەڵبەند دەستبەکار دەبم، دڵنیابن لەگەڵ هاوکارانم پێکەوە وەک تیمێک کار دەکەین بۆ سەرکەوتنی سیاسەت و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".

"مەڵبەندەکان بە گشتی ئۆرگانی گرنگ و کاریگەری یەکێتین، مەڵبەندی سلێمانی مەڵبەندێکی زیندووە لە شارێکی زیندودا، لە سەرەتای دروستبوونییەوە گرنگی و کاریگەری خۆی هەبووە، هەروەها هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە کۆکەرەوەی هەڤاڵەکانمان دەبین و وەک یەک تیم کارەکانمان جێبەجێ دەکەین"، لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی وایوت.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا لەلایەن جەزای سەید مەجیدەوە چەپکەگوڵی پیرۆزبایی ئاڕاستەی زیاد جەبار لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی کرا و بەڵێنی بە هەڤاڵانی مەڵبەند دا وەک رابردوو پاڵپشت و پشتیوانیان بێت، لەبەرامبەریشدا زیاد جەبار سوپاسی لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی سلێمانی کرد کە هەمیشە بە رۆحیەتێکی حزبیانە ئەرکەکانی جێبەجێکردووە و هیوای خواست لە ئەرکی داهاتویدا سەرکەوتووبێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket