riklam

PUKMEDIA پەیام و بەرنامەی لیستی یەكێتی لە پارێزگای دیالە بڵاودەكاتەوە

کوردستان 09:13 AM - 2023-11-02
لیستی یەكێتی لە پارێزگای دیالە PUKMEDIA

لیستی یەكێتی لە پارێزگای دیالە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لیستی (ی.ن.ك) لە پارێزگای دیالە بە ژمارە 120، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە پەیام و بەرنامەی خۆی ئاشكرا دەكات تێیدا رایدەگەیەنێت: "لیستی یەكیتیی نیشتمانیی كوردستان تێدەكۆشێت بۆ پابەندبوون بە دەستور و جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی ماددەی (140)ی دەستوری عێراق و پاراستنی مافە دەستورییەكانی هاوڵاتیانی ناوچەكە و بەهێزكردنی بنەما دیموكراتیيەكان".

 

لەپەیام و بەرنامەی لیستی (ی.ن.ك) لە پارێزگای دیالە، كە كۆپییەكی بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA نێردراوە، رایدەگەیەنێت: " بەرنامەیەكی نوێی واقیعبینانەمان داڕشتووە و كاندیدەكانیشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، نوێنەرایەتی سەرجەم چین و تویژەكانی كۆمەڵگە دەكەن و لە كەسانی بە ئەزمون و دڵسۆز و خاكی ناو كۆمەڵگە پێكدێن".

 

هەروەك لەبەرنامەی كاردا هاتووە، لیستی (ی.ن.ك) لە پارێزگای دیالە كاردەكات بۆ، " بە دەستهێنانەوەی ئەو پۆستانەی كە مافی كوردە و بەهۆی رووداوەكانی دوای ریفراندۆمەوە كورد لە دەستی داوە و رەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە پۆستە حكومیەكان بەشداری بكەن و رۆڵی سەرەكییان هەبێت لەسەرجەم كایەكانی ژیان  و بە دەستهێنانی مافەكانیان".

 

لیستی (ی.ن.ك) لە پارێزگای دیالە، كە بەژمارە 120 بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەكات، 30 كاندیدی هەیە، كە كەسانی پسپۆڕ و شارەزان و سەرجەمیان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە پەسەند كراون، كەمەرجەكانی كاندیدبونیان تێدایە و هیچیان پێشینەی تاوانكارییان نییە و دەستپاكن و بەعسی نەبوون.

 

بەگوێرەی بەرنامەی كاری لیستی (ی.ن.ك) لە پارێزگای دیالە كە كۆپییەكی بۆ PUKMEDIA نێردراوە، بایەخ بە حەوت بواری گرنگی دیالە دەدات و كە بریتین لە بواری ( ئیداری، ئەمنی، تەندروستی و ژینگەیی، پیشەسازی و وزە، پەروەردە و خوێندنی باڵا، هونەری و وەرزشی و لاوان، كشتوكاڵ و ئاو و ئاودێری).

دەقی پەیام و بەرنامەی لیستی (ی.ن.ك) لە پارێزگای دیالە:

- جەماوەری تێكۆشەری پارێزگای دیالە .
- جەماوەری خانەقینی پایتەختی گەرمەسێری مەڵبەندی تیكۆشان و كۆڵنەدان .
- دڵسۆزانی شەهیدپەروەر و تیرۆربەزێنی جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە و جەبارە و مەندەلی و دەڤەری گەرمەسێر بە گشتی .

ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان بەگشتی و ناوچە دابڕێنراوەكانی سنوری پارێزگای دیالە بەتایبەتی لە پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی جۆراوجۆر پێكدێت و مافەكانیان لە دەستوری هەمیشەیی عێراق دیاریكراوە، لەم روانگەیەوە لیستی یەكیتیی نیشتمانیی كوردستان تێدەكۆشێت بۆ پابەندبوون بە دەستور و جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی ماددەی (140)ی دەستوری عێراق و پاراستنی مافە دەستورییەكانی هاوڵاتیانی ناوچەكە و بەهێزكردنی بنەما دیموكراتیەكان و پشتیوانیكردنی رێكخراوكانی كۆمەڵەی مەدەنی ، هەروەك تێدەكۆشێت بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی دەڤەری گەرمەسێر كە بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە ناوچەكە دۆخێكی ناهەمواری (ئیداری ، سیاسی ، ئەمنی ، خزمەتگوزاری) بەخۆیەوە دەبینێت.

 

بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەیەكی نوێی واقیعبینانەمان داڕشتووە و كاندیدەكانیشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، نوێنەرایەتی سەرجەم چین و تویژەكانی كۆمەڵگە دەكەن و لە كەسانی بە ئەزمون و دڵسۆز و خاكی ناو كۆمەڵگە پێكدێن.

تەوەرەكانی بەرنامەی لیستی (ی.ن.ك) پێكدێن لە :

یەكەم / كەرتی ئیداری:

 - چەسپاندنی گیانی تەبایی و ئاشتی و پێكەوە ژیانی هاوڵاتیانی پارێزگای دیالە و هەموو شار و شارۆچكەكانی پارێزگای دیالە بەبێ جیاوازی (ئایینی ، مەزهەبی ، نەتەوەیی) .
- ئەركی سەرەكیمان ئاسایكردنەوەی دۆخی ناسەقامگیری ناوچە دابڕێنراوەكانی سەر بە پارێزگای دیالەیە .
- نەهێشتنی ئاسەواری بڕیارەكانی (مەجلسی قیادەی سەورە) و بڕیارەكانی (لیژنەی شئونی شیمال) و چارەسەركردنی كێشەی جوتیارانی كورد لە پارێزگای دیالە.
- كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی دەڤەری گەرمەسێر بۆ سەر زێدی خۆیان .
- دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لە نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی ناوچەكە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە .
- دابینكردنی پیداویستیە كارگێڕییەكان بۆ ئیدارە خۆجێیەكەی پاریزگای دیالە .
- كاردەكەین بۆ بەكارهێنانی سیستەمی یەك پەنجەرە (النافژە الواحدە) بۆ رایكردنی كاری هاوڵاتیان لە فەرمانگە و دامەزراوە حكومیەكان .
- ڕوبەروبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لەسەر بنەمای (شەفافیەت) لە داهات و خەرجیە گشتیەكان.
- كاركردن لەسەر بنەمای پاداشت و سزاو و پەرەپێدانی توانا كەسییەكان لە تەواوی دامودەزگاكاندا .
- ڕێگریگرتن لە بەكارهێنانی دامودەزگا حكومیەكان بۆ بەرژەوەندی كەسی و تایبەت و بنبڕكردنی دەستوەردانی حزبی .
- بە دەستهێنانەوەی ئەو پۆستانەی كە مافی كوردە و بەهۆی رووداوەكانی دوای ریفراندۆمەوە كورد لە دەستی داوە .
- كاردەكەین بۆ نەهێشتنی ئەو نادادپەروەریەی كە لە بوجەی قەزاكانی سەر بە پارێزگای دیالە پەیڕەو دەكرێت . 
- پیادەكردنی سیاسەتێكی واقیعبینانە و پتەوكردنی گیانی یەكتر قبوڵكردن و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی دیالە .
- كاردەكەین بۆ دانانی ماستەرپلانێكی نوێ بۆ شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكە بە تایبەتی لە سنوری خانەقین و رێكخستنی گەڕەكە تازە دروستكراوەكان بەشێوەیەكی یاسایی .
 - رێگریكردن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی گشتی بەشێوەیەكی نایاسایی .   
- هەوڵدان بۆ ئەوەی لەڕێی نوێنەرانی یەكێتی لە بەغداد ماددەی (140)ی دەستوری عیراقی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە .
- كاركردن بۆ ئەوەی زمانی كوردی وەك لە دەستوری عێراقیدا هاتووە، شان بەشانی زمانی عەرەبی لە فەرمانگە حكومیەكاندا لەناوچە دابڕێنراوەكانی دیالەدا بەفەرمی بەكاربێت .
- رەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە پۆستە حكومیەكان بەشداری بكەن و رۆڵی سەرەكییان هەبێت لەسەرجەم كایەكانی ژیان  و بە دەستهێنانی مافەكانیان . 
- نۆژەنكردنەوەی شەقام و جادەی ناوشار و شارۆچكەكان و ڕێگای نێوان دێهاتەكان . 
- كاردەكەین بۆ ئەوەی لەڕێی نوێنەرانی (ی.ن.ك) لە حكومەتی فیدراڵەوە بڕیاری دادگای تاوانەكانی عیراقی تایبەت بە قەرەبوكردنەوەی كەس و كاری ئەنفال و زیان لێكەوتوان بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە .
- كاردەكەین بۆ ئەوەی بنەمای لامەركەزی ئیداری و دارایی لە پارێزگاوە شوڕ ببێتەوە بۆ قەزا و ناحیەكان .

 

دووەم / كەرتی ئەمنی: 

 - نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی كە بەهۆی جموجوڵی تیرۆرستانی داعشەوە لە هەندێك دێهاتی ناوچەكە بەدی دەكرێت . 
- هەوڵدان بۆ نەهێشتنی فكری توندڕەوی و توندوتیژی تیرۆرستانی داعش و هاوبیر و هاوشێوەكانی .
- رێگریكردن لەو عەقلیەتەی كە هەوڵی سەر لەنوێ تەعریبكردنی ناوچەكانی گەرمەسێر دەدەن و گۆشارە سەربازییەكان بەكاردێنن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار و موڵكی جوتیارانی كورد لە ناوچەكە .
- دروستكردنی پردی پەیوەندی و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان پێكهاتە ڕەسەنەكانی ناوچەكە ، ئەمەش كەشێكی ئارام و سەقامگیر بە دوای خۆیدا دەهێنێت .
- كاردەكەین بۆ ئەوەی لەڕووی ئەمنیەوە كۆتایی بەو ناسەقامگیریە بێت و ئەركی پاراستنی ناوشار تەنها بكەوێتە سەرشانی پۆلیس و هێزە ناوخۆییەكانی شار و شاروچكەكانی ناوچە دابڕێنراوەكانی پارێزگای دیالە .
- دانانی پلانێكی گونجاو بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی دیاردەی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و كردنەوەی سەنتەری چارەسەری ئاڵودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان .
- كاردەكەین بۆ كۆتایی هێنان بە سیاسەت و عەقلیەت و دەسەڵاتی خۆسەپێن و تاكڕەوانەی هاوبیرەكانی ڕژێمی بەعس لە سنوری ناوچە دابڕێنراوەكان .


سێ یەم / كەرتی تەندروستی و ژینگەیی:

- گرنگیدان بە كەرتی ژینگە و ئەنجامدانی هەڵمەتی پاككردنەوەی شار و شاروچكەكانی دەڤەرەكە و رواندنی دار و درەخت .
- زیادكردنی باخچە و رێژەی سەوزایی لە سنوری دەڤەرەكە . 
- دابینكردنی پێداویستیە مرۆیی و لۆجستیەكانی تایبەت بە كۆكردنەوە و لەناوبردنی خۆڵ و خاشاكی ناوشار و شاروچكەكان .
- كونترۆڵكردنی سیستەمی هێنانی دەرمان و پەیڕەوكردنی هاوتاكردنی نرخەكانیان.
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی بنكەی تەندروستی لە گوندەكان. 
- نەهێشتنی ئەو سەرچاوانەی كە هۆكاری پیسبوونی ژینگەن . 
- گەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری كە هەلی كار دەرەخسێنێت و خزمەت بە لایەنی ژینگەیی دەكات، لەم روانگەیە و كار دەكەین بۆ گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزاری لە دەڤەری خانەقین كە شوێنكی گونجاوە و دانانی بەرنامەێیكی گونجاو بۆ راگێشانی سەرنجی  گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق.
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی كولێژێك یان پەیمانگایەكی تایبەتی ژینگە لە خانەقین . 
- پەروەردەكردن و پێگەیاندنی كادیری ئەكادیمی تایبەت بە هۆشیاری و پاراستنی ژینگە .
- كاركردن بۆ گەشەپێدانی كەرتی تەندروستی لە سەر ئاستی گشتی و تایبەت .
- كاردەكەین بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی پێویست لە سنوری پارێزگاكە .

 

چوارەم/ كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا:

 - گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە خانەقین و دەوروبەری .
- دانانی پلانێكی گونجاو بۆ ئەوەی لەڕێی تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە لە بەغداد كێشەی مامۆستایانی زمانی كوردی لە سنوری پارێزگای دیالە چارەسەر بكەین و میلاكیان بخرێتە سەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ .
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی پەیمانگا و كولێژی زیاتر لە خانەقین .
- كاردەكەین بۆ دروستكردن و نوژەنكردنەوەی خوێندنگە و باخچەی ساوایان و دایەنگە بەشێوەیەكی هاوچەرخ .
- گەشەپێدانی تواناكانی مامۆستایان و كارمەندانی بواری پەروەردە .
- كاردەكەین بۆ ئەوەی لە بەغداد دان بە زانكۆی گەرمیان بنرێت بۆ ئەوەی دەرچووانی كولیژەكانی خانەقین كە سەر بە زانكۆی گەرمیانن لە دەزگاكانی ئیدارەی دیالە دابمەزرێن .
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی زانكۆیەكی حكومی لە خانەقین. 

پێنجەم / كەرتی هونەری و وەرزشی و لاوان:

 - دانانی بەرنامەێیكی گونجاو بۆ رەخساندنی  هەلی كار بۆ گەنجان لە بوارە جیاوازەكاندا و چارەسەركردنی كێشەی بێكاری . 
- دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ رێگریكردن لە كۆچكردنی گەنجانی ناوچەكە .
- ئەنجامدانی ڤێستڤاڵی تایبەتی هونەری و وەرزشی .
- یارمەتیدانی گەنجانی بەهرەمەند لە بوارە جیاوازەكاندا . 
- گرنگیدان بە گەنجان و خوێندكاران و ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی .
- ئەنجامدانی كۆر و سیمیناری هونەری و ئەدەبی و وەرزشی .
- كاردەكەین بۆ دروستكردنی یاریگا و كردنەوەی یانەی وەرزشی و خول و دابینكردنی پێداویستیە وەرزشییەكان .
- كاردەكەین بۆ دروستكردنی پەیكەری تایبەت بۆ هونەرمەندان و شاعیران و وەرزشوانانی نەمر.

شەشەم / كەرتی كشتوكاڵ و ئاو و ئاودێری:

 - كاركردن بۆ ئەوەی گرنگیەكی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵی بدرێت لە ناوچەكە و پێداویستیە لۆجستیەكانی كەرتی كشتوكاڵی بۆ جوتیاران دابین بكرێت .
- گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆی جوتیارانی ناوچەكە . 
- كاردەكەین بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵی لە گوندەكان .
- كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە و ئاوی ئاودێری لە سنوری دەڤەری خانەقین و دەوروبەری .
- كاردەكەین بۆ گەشەپێدانی كەرتی ئاودێری لە سنوری پارێزگاكە .
- ئەنجامدانی ڤیستڤاڵی تایبەت بۆ خستنەڕووی بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی ناوچەكە وەكو (خورما ، پرتەقاڵ ، لالەنگی ، هتد....) .
- لەڕێی نوێنەرانمان لە حكومەتی فیدراڵ كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی رووباری ئەڵوەن.
- كاردەكەین بۆ پێشخستنی كەرتەكانی ئاژەڵداری و ماسی و گرنگیدان بە كردنەوەی نۆرینگەی ڤێرتەرنەری لە ناوچە جیاجیاكانی دەڤەرەكە.
- گرنگیدانی زیاتر بە بەنداوی ئەڵوەن بدرێت كە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی ئاودێری و سامانی ماسی و گەشت و گوزاری . 
- دابینكردنی كۆگای تایبەت بۆ هەڵگرتنی گەنمی جوتیاران .

حەوتەم / كەرتی پیشەسازی و وزە:

 - چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لەناو شار و شارۆچكە و گوندەكانی پارێزگاكە و دابینكردنی وێستگەی زیاتری كارەبا .
- لەڕێی تیمی یەكێتی لە حكومەتی فیدراڵ كاردەكەین گەڕانەوەی پاڵاوتگەی نەوت ، كە هەلی كار زیاد دەكات و دەبێتە هۆی دابینكردنی پێداویستەكانی هاوڵاتیان لە ڕووی سوتەمەنییەوە. 
- پێشخستنی پیشەسازی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگاكە كە دەبیتە هۆی رەخساندنی هەلی كار.


جەماوەری دەڤەری گەرمەسێری خۆڕاگر:
لەهەموو وێستگە جیاوازەكانی خەباتدا ئێوە بە خوێنی خۆتان یان بە دەنگی خۆتان سەربەرزانە ناسنامەی كوردستانی بوونی خانەقین و دەڤەری گەمەسێرتان سەلماندووە . دە با ئەمجارەش دەنگی زوڵاڵتان بكەنە گەردەلولێكی بەهێز لە دژی پیلانی پاشماوەكانی داعش و هاوبیر و دوستەكانیان كە چەندین ساڵە پیلانی ژەهراوی لە دژی دەڤەرەكەتان دادەڕێژن . با ئەمجارەش وەك هەمیشە پێكەوە سرودی سەركەوتن لەسەر پردی ئەڵوەن بڵێینەوە و ئەم سەركەوتنە بكەینە بەڵگەنامەیەكی دیكەی مێژوویی و كوردستانی بوونی خانەقین و هەموو ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی پارێزگای دیالە بسەلمێنین و بەم سەركەوتنەش روحیانەتی شەهیدان شاد بكەین .

لیستی (ی.ن.ك) لە پارێزگای دیالە

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket