riklam

پارتی و نەوەی نوێ لە دژی گێڕانەوەی پاشەکەوت هاوهەڵوێستن

کوردستان 07:51 PM - 2023-06-09
 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق PUKMEDIA

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ لە مەسەلەی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دا هاوهەڵوێستن و دژی ئەو حزب و لایەنانە دەوەستنەوە کە داوای دابینکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییانی هەرێم و گێڕانەوەی پاشەکەوتن، لەپشت بیانووی یەکڕیزییەوە، مەرامی تر دەچنن.

پاش تویتەکانی سەرۆکی حکومەت و هێمن هەورامی، شاسوار عەبدولواحید و پەرلەمانتارەکانی هاوهەڵوێستیان راگەیاند و لەگەڵ پارتی دژی سەرجەم ئەو حزب و لایەنانە وەستاونەتەوە کە لە خەمی خەڵک و دابینکردنی موچە و مافەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانن لە پێش هەمووشیانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هەمیشە ماف و داواکارییەکانی هاووڵاتیانی لە پێشینەی داواکارییەکانی داناوە.

 مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم لە تویتێکدا هیوا دەخوازێت فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە هەستی بەرپرسیارێتی نیشتمانپەروەرییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆژەیاسای بودجە بکەن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم  بکەن و دژی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم بوەستنەوە.

دوای تویتەکەی سەرۆکی حکومەت، هێمن هەورامی ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەمان شێوە لە تویتێکدا دەڵێت: "هەڵوێست بۆ پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان لەو کردارەدایە کە دژی ھەر ھەولێک بێت بۆ لەتکردنی ھەرێم و لاوازکردنی " ئەویش ئومێدیوایە  فراکسێۆنە کوردستانییەکان، قەوارەی ھەرێم بپارێزن.

نەوەی نوێ هاوهەڵوێستی پارتی-ە

بە هەمان شێوەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوەی نوێش هاوهەڵوێستی بۆ پارتی دەربڕیوە و سەرۆکی نەوەی نوێ و ئەندام پەرلەمانێکی ئەو حزبە دژی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان وەستاونەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ لە تویتێکدا وەک هاوهەڵوێستی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان نووسیویەتی: "هەوڵدان بۆ لەتلەتکردن و لاوازکردنی هەرێم و دامەزراوەکانی هەرێم، هیچ ئازایەتی و شەهامەتی تیا نییە، هەموو کەس دەتوانێت شتگەلێک تێک بدات، بەڵام تەنها مرۆڤە رەسەنەکان و سەرکردەکان دەتوانن چاکسازی بکەن و وڵاتەکەیان پێشبخەن، لە بری تێکدان و لەتکردن. خەونی ئێمە خۆشگوزەرانیە بۆ خەلک و گۆرانکارییە لە سیستەمی سیاسی و ئیداری هەرێم بەرەو دامەزراوەیی بەهێز، لەسەر خاکێکی سەقامگیر، نەک گەرانەوە بۆ خاڵی سفر. بۆیە دژی هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە دەبین لە داهاتودا. وە لە ئێستاشدا دەستبەرداری مافی هاوڵاتییان نابین لە پەرلەمان، لە نێویشیاندا گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە".

بە هەمان شێوەی سەرۆکی حزبەکەی، رێبوار ئەورەحمان ئەندامی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێکدا دەڵێت: "قەوارەی هەرێمی کوردستان لای ئێمە هێڵی سورە، دەستبردن بۆ یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان هێڵی سورە".

 

لەلایەکی دیکەشەوە سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "لەکۆبونەوەکەی بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامری و کوتلەکان بڕگەی پاشەکەوتیان لادا، بەندەو کاک خالید شوانی لەوێ زۆر دژی بوین سروە خانیش هات و کاک هەرێمیش دژی ئەوەبوین، بە هادی عامریم وت ئەوە مافی خەڵکە چۆن لایدەبەن وتی حکوموتی هەرێم تەحەمولی ناکات، یوسف کلابی وتی من لەکۆبونەوە دەیخوێنمەوە لاینادەین".

 

لێدوان و نووسینەکانی هەردوو حزبی پارتی و نەوەی نوێ لەکاتێکدایە کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی دیکە لە خەمی ئەوەدان کە بودجە و مافەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەن و پاشەکەوتەکانیان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام پارتی و نەوەی نوێ بە سەرجەم هێز و توانایانەوە کەوتوونەتە دژایەتی یەکێتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی دیکە و بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان لە پێش بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان داناوە، سەرەڕای ئەوەی نەوەی نوێ دەڵێت ئێمە حزبێکی بێلایەنین، بەڵام لە سەرجەم پرسە گرنگەکاندا دژی یەکێتی و بەرژەوەندییە باڵاکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەوەستێتەوە. د. بریار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت:" پارتی لە لاوازیدا یەکریزی بیردەکەوێتەوە و داواکۆکیکردن و دەستەبەری ژیانی  شایستە بۆ خەڵکی هەرێم هیچ مەترسی نییە بۆ سەر قەوارەی هەرێم".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket