riklam

خەڵاتی زێڕینی بلە بە نۆ کەسی نمونەیی دەبەخشرێت

کوردستان 05:13 PM - 2023-05-20
دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە PUKMEDIA

دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 20-5-2023، مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی حکومی و حزبی و میوانان دەستیپێکرد.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بە هۆنراوەیەکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەستیپێکرد و پاشانیش هەردوو سرودی نیشتمانی کوردستان و عیراق پێشکەشکرا.

 

پاشان میوزیکی دوو سروود لە نووسینی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەلایەن ئۆکێسترای ماڵی میوزیک پێشکەشکرا، لەدواییدا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و بڕیارە درێژەی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە لە رۆژانی ئایندەدا لە کەناڵی کوردساتەوە پەخش بکرێت.

 

وتاری لیژنەی باڵای خەڵاتی زێڕنی بلە لەلایەن خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق خوێندرایەوە و رایگەیاند: "ئەم مەڕاسیمە ئاوڕدانەوەی جدییە لەو کەسایەتییانەی کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گەلی کورد و کوردستان تەرخان کردووە، هەروەها بۆ ئەو نووسەر و ئەدەبدۆست و مێژوونووسانەیە کە بە میللەتەکەمان بێگانەبوون، بەڵام رۆڵی گرنگیان لە دۆزی میللەتەکەمان بینیوە و ئێمەش پێیاندەڵێین کە ئێوە لەبیرناکەین".

 

"مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد نووسین و پڕۆژەکانی هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە و بەڕوونی لە نووسینەکانیدا ئاماژە بە باوەڕی دیموکراسی خۆی و خەباتی ژنان لە خەباتی سیاسیدا دەدات و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هزر و بیرکرنەوەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەبینین کە نووسینەکانی کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر رەوتی سیاسیش لە هەرێمی کوردستان و عیراق"، خانمی یەکەمی عیراق وادەڵێت.

 

خاتوو شاناز لە کۆتایی وتەکەیدا زۆر سوپاسی هەموو ئەو کەسەکانەی کرد کە هاوکار بوون لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم مەڕاسیمە و هیوای خواست لە ساڵی ئایندەدا بتوانن چەندین کەسایەتی دیکە کە خزمەتیان بە فەرهەنگ و مێژوو و دۆزی میللەتی کورد کردووە خەڵات بکەن.

 

لە پاشان مەڕاسیمی پێشکەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە دەستیپێکرد و لە مەڕاسیمەکەدا نۆ کەسی نمونەیی خەڵاتی زێڕینی بلەیان پێبەخشرا کە بریتیبوون لەم کەسایەتییانە:

 

- خاتوو نێرگز خەڵاتی دایکی نمونەیی پێبەخشرا، کە یەکێکە لە رزگاربووانی پڕۆسەی ئەنفال و بە مامانی ئەنفال ناسراوە.

- محەمەد عەلی قەرەداغی خەڵاتی نووسەری نمونەیی پێبەخشرا.

- ئاکۆ جەلیلیان خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ پاراستنی زمان پێبەخشرا.

- حاکم قاسم عوسمان خەڵاتی دادوەری نمونەیی پێبەخشرا.

- بوار نورەدین خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ توێژەری نمونەیی پێبەخشرا.

-مۆرین مەکلەکی خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ چالاکوانی نمونەیی پێبەخشرا.

- د. ئیسماعیل قەمەندار خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ نووسەر و ئەکادیمیستی نمونەیی پێبەخشرا.

- خاتوو ئانکلۆید خەڵاتی دۆستی نمونەیی کوردی پێبەخشرا.

- جەنگیز چاندار خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ رۆژنامەنووس و نووسەری نمونەیی دۆستی کورد پێبەخشرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket