riklam

مەترسی و چارەسەر بۆ چەند كێشەیەكی هەرێم و عیراق لە دیداری سلێمانیدا خرایەڕوو

کوردستان 11:33 AM - 2023-03-15
حەوتەمین دیداری سلێمانی كوردسات نيوز

حەوتەمین دیداری سلێمانی

دیداری سلێمانی

لە حەوتەمین دیداری سلێمانیدا لەدوای وتاری بەخێرهێنانی سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی عیراق-سلێمانی، بۆ میوانانی دیدارەكە د. بەرهەم ساڵح و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكوەزیرانی عیراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق وتەیان پێشكەشكرد و مەترسی و چارەسەریان بۆ چەند كێشەیەكی هەرێم و عیراق خستەڕوو.
 

 

حەوتەمین دیداری سلێمانی دەرفەتێك بێت بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەكان

 

 

د. بروس فێرگسۆن سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی، لە سەرەتای دیدارەكەدا وتەیەكی پێشكەشكرد و بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و رایگەیاند: "هیوادارین حەوتەمین دیداری سلێمانی دەرفەتێك بێت بۆ گفتوگۆی تێروتەسەل و دۆزینەوەی رێگا چارەكان بەتایبەت كە ئێمە باس لە (پاش 20 ساڵ عیراق و ناوچەكە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەكان) دەكەین، هەوڵێك بێت بۆ پەنجە خستنەسەر كێشەكان و چارەسەر كردنیان".

 

كۆتایی هێنان بە رژێمی پێشووی عیراق گەورەترین دەستكەوتی سەدەی رابردوو بوو

 

 

پاشان د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری پێشووی عیراق بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی دیداری سلێمانی دەرفەتێك بووە بۆ كۆبوونەوەی كەسایەتییە سیاسییەكان و پسپۆڕان و ئاماژەی بەوەدا: "زانكۆی ئەمریكی زانكۆیەكی قازانج نەویست و بێ لایەنە و ئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیارە، بۆیە ئەم دیدارەی زانكۆكە دەرفەتێكە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسە هەستیارەكان". .

د. بەرهەم ساڵح رایگەیاند: "پرس و باسی خزمەتی هاووڵاتیان تەوەرێكی گرنگی دیدارەكە دەبێت بەتایبەت لەدوای ئەوەی ئەمڕۆ 20 ساڵە رژێمی پێشووی عیراق رووخێندراوە، پێویستە بزانین لەو ماوەیەدا چیمان كردووە و پێویستە چی بكەین؟ چونكە خەڵك چاوەڕوانی زیاتری لێمان هەیە".


"سبەی یادی هەڵەبجەیە، كەلەسەر دەستی رژێمی پێشووی عیراق كیمیاباران كرا، هێشتا خەڵكی ئەو پارێزگایە چاویان لە خزمەتگوزاری زیاتر و ژیانێكی باشترە، كۆتایی هێنان بە رژێمی پێشووی عیراق گەورەترین دەستكەوتی سەدەی رابردوومان بوو، بۆیە پێویستە دەستكەوتەكانی پڕۆسەی سیاسی عیراق بپارێزین" د. بەرهەم ساڵح وادەڵێت.

 

گەندەڵی بنبڕبكرێت و مافی مرۆڤ پارێزراوبێت

ئەنتۆنیۆ گۆنتێرێز سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامێكی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی دیداری سلێمانی كرد و لە پەیامەكەیدا وتی: "دەمانەوێت لە تەواوی عیراق و ناوچەكە گرنگی زیاتر بە كاركانمان بدەین بەتایبەت لە عیراق، كە دەزانین عیراقییەكان توانای چاكسازیان هەیە". 

راشیگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا سەردانی عیراقم كرد و بۆم دەركەوت كە دەكرێت بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆوە ببینێت و هەلی زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت، هەروەها گەندەڵی بنبڕبكرێت و مافی مرۆڤ پارێزراوبێت و كێشەكانی كەشوهەوا چارەسەر بكرێن و رێگانەدرێت عیراق كە وڵاتی دوو روبارە نابێت سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق وشك بكرێن".

 

هەرێم بەهێز بێت، عیراق بەهێز دەبێت 

 

هاوكات محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە وتارێكیدا لە دیداری سلێمانی  ئاشكرایكرد: "كە لە كابینەكەیدا زۆرترین كارنامەی ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێكراوە و سەقامگیری سیاسیی و ئابووری بەدەست دەهێنێت".

هەروەك ئاماژەی بە كارەساتی كیمیبارانی هەڵەبجەكرد و وتی: "سبەی 16/3 یاد كارەساتی هەڵبجەیە كە لەلایەن رژێمی پێشووەوە تاوانی بەرامبەر ئەو شارە ئەنجامداوە و رایگەیاند:" بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كەمترین خزمەتە بۆ ئەو پارێزگایە ".

 

هەر لەتەكەیدا سەرۆكوەزیرانی عیراق وتی:" هەرێم بەهێز بێت، عیراق بەهێز دەبێت و ئەگەر عیراقیش بەهێز بێت، هەرێم بەهێز دەبێت و پشتیوانی لە یەكریزی سەركردەكانی كورد دەكەین".

 

 سەبارەت بە دەستوەردان و سنور بەزادنی خاكی هەرێم و عیراق سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند:" رێگە نادەین عیراق ببێتەسەرچاوەی هەرەشە بۆ هیچ لایەك و رێگەش نادەین دەستوەردانی دەرەكی بۆ ناوخۆی عیراق هەبێت و بەهەموو شێوەیەك كەرامەت و سەروەری عیراق دەپارێزین و سنوورەكانمان بەهێز دەكەین و رێگە بەهیچ وڵاتێكی دراوسێش نادەین سنوور و سەروەریی خاكی عیراق پێشێل بكات هەم لە هەرێم و هەم لە عیراق". 

 

 

پێكەوە لە شكست و سەركەوتنەكانی عیراق بەشدارین

 

هەر لە دیدارەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی سەرۆكایەتی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق كرد بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە و رایگەیاند: "بەناوی خەڵكی هەڵەبجە و هەرێمی كوردستان و عیراقیشەوە سوپاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەم كە زۆر دڵسۆزانە هەوڵیدا بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هەر لێرەشەوە داوادەكەم حكومەتی عیراق قەرەبووی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بكاتەوە و بەدەستوور ژیانێكی باشتریان بۆ بڕەخسێنێت و بودجەیەكی تایبەت بۆ هەڵەبجە تەرخان بكات".

"هەموومان پێكەوە لە شكست و سەركەوتنەكانی عیراق بەشدارین، بەتایبەت پاش 20 ساڵ لەدوای رووخاندنی رژێمی پێشوو، هەروەها بەرپرسیارێتی گرنگمان لەسەر شانە بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی شایستەتر بۆ عیراقییەكان، لێرەوە داوا دەكەم بەپێی دەستوور و لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی كوردستان و عیراق پێویستە یاسایەكی شایستە بۆ پرسی نەوت و غاز دەربكرێت" سەرۆكی هەرێمی كوردستان وادەڵێت.

هەر لە دیدارەكەدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "پرسی كەشوهەوا بابەتێكی گرنگە و پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بكەین بەتایبەت دوای ئەوەی زانیارییەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە لە ساڵی 2050 دا بەشێكی زۆری وڵاتان بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە ناچار بە كۆچكردن دەبن، كە عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە، بۆیە پێویستە داوا لە ئێران و توركیا بكرێت رێگری لە بەردانەوەی ئاو بۆ عیراق نەكەن تا وڵاتەكەمان لەو مەترسییە دووربخرێتەوە".

لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشەوە سەرۆكی هەرێم رایگەیاند: "خۆشحاڵم لێكنز نزیك بوونەوەی لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و ئەو دۆخە چەقبەستووەی پێشتر هەبووە كاڵ بووەتەوە و ئێمەش وەك سەرۆكایەتی هەرێم هەموو هەوڵێك دەدەین كە لەمساڵدا رۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەین".

 

عیراق نەیتوانیوە دیالۆگ بكاتە چارەسەری كێشەكان

 

جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق لە دیداری سلێمانی وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: "لە ساڵانی رابردوودا عیراق بە ئاڵنگاری زۆردا تێپەڕی تا كار گەیشتە ئەوەی چەندین خرپیشاندان بكرێت  كە ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر كوژران و بریندار بوون، تەنانەت سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتەی عیراق دەستی لەكار كێشایەوە و بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق ئەنجام بدرێت و حكومەتی نوێی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی پێكبهێنرێت كە گەشبینین بە هەوڵەكانی".

"ئێستا عیراق دەستوورێكی نوێی هەیە و توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی هەیە و سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق دەتوانێت كاری جددی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكات و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و كار بۆ بەدیهێنانی مافی پێكهاتەكان و چارەسەركردنی خاڵە لاوازەكانی وڵاتەكە بكات" جینین پلاسخار وادەڵێت.

 

راشیگەیاند: "عیراق لەبەردەم سەرەتای گەشەی دیموكراسیدایە و نابێت هیچ كام لە پێكهاتەكان لە عیراقدا ئەو گەشە دیموكراسییە پەڕاوێز بخەن، گەورەترین كێشەی عیراق ئەوەیە تا ئێستا نەیتوانیوە دیالۆگ بكاتە چارەسەری كێشەكان، لە كاتێكدا گفتوگۆكان بەردەوامیان هەبووە، بۆیە نابێت هێزی چەكدار لەدەرەوەی حكومەت هەبێت، تانەبێتە مەترسی بۆسەر دەسەڵات".

 

یەكەمین دیداری سلێمانی لە ساڵی 2013 لە زانكۆی ئەمریكی رێكخرا بە ناونیشانی "گۆڕانی جیۆپۆلیتیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، هەروەها ساڵی 2014 دیداری دووەم و ساڵی 2015 دیداری سێهەم و 2016 دیداری چوارەم و 2017 دیداری پێنجەم و 2019 دیداری شەشەم رێكخراوە و بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ساڵی 2020 تا ساڵی 2022 دیداری سلێمانی رێكنەخراوە، لە ساڵی 2023 دا، حەوتەمین دیدار لەژێر ناونیشانی "پاش 20 ساڵ عیراق و ناوچەكە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانیە نوێیەكان" رێكدەخرێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket