riklam

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رێگره‌ له‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌

کوردستان 02:45 PM - 2023-01-17
تیمی پارتی لە حکومەت و لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە

تیمی پارتی لە حکومەت و لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ویستی راسته‌قینه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌و به‌هێزكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی هه‌یه‌، به‌ڵام تا هه‌نگاوێكی یه‌كخستنه‌وه‌ ده‌نرێت، ئه‌وا به‌ ئه‌نقه‌ست "سه‌رۆكه‌ فاشیله‌كه‌ی كابینه‌ی ٩" فه‌وجی نایاسایی و لابه‌لا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تاوانبارو له‌ یاسا هه‌ڵاتوون و چه‌كداریان ده‌كات.
به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م كاره‌ش له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی ئاسایش و هه‌واڵگیرییه‌كان ده‌كات، كه‌ ته‌نیا ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نایه‌وێت هێزی رێكخراو به‌هێزی نیشتمانی هه‌بێت، ئه‌م كاره‌ش بووه‌ته‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م ویستی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ن.

سه‌رۆكی حكومه‌ت دژی هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانان بڕیار ده‌دات

باڵامبۆ محه‌مه‌د جێگری لیژنه‌ی ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكیدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام داوای پێكهێنانی هێزێكی یه‌كگرتوو ده‌كه‌ن له‌ كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پارتی و تیمه‌كه‌یه‌تی له‌حكومه‌ت ده‌یكات دژی هه‌ڵوێسته‌كانی هاوپه‌یمانان و یاساكانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و رێگره‌ له‌به‌رده‌م پێكهێنانی هێزێكی یه‌كگرتوو".
ده‌شڵێت: "پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رۆك و تیمی پارتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندی یاساكانی هه‌رێمی كوردستان بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری پۆسته‌كانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان له‌ده‌ستی ئه‌واندایه‌، نه‌ك دژی یاساكان بن و هێز بۆ كه‌سانی راكردوو له‌یاسا بنیاد بنێن و داڵده‌یان بده‌ن".

فەوجی لابه‌لا پێچه‌وانه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دروستكردنی فه‌وجی لابه‌لا له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دژایه‌تی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی راگه‌یاندوه‌.
حاجی مه‌سیفی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتی PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "له‌ كوردستان ئه‌وانه‌ی تیرۆر ده‌كه‌ن له‌بری ئه‌وه‌ی بدرێنه‌ دادگا، ده‌چنه‌ ناو پارتی و سه‌رۆك و تیمه‌كه‌یان له‌حكومه‌ت فه‌وجیان بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌پایته‌خته‌وه‌ داڵده‌ده‌درێن و هێز و چه‌ك و پاسه‌وانیان به‌ مووچه‌ی خه‌یاڵی بۆ داده‌مه‌زرێنن".
"ئێستا زیاتر روونبوه‌ته‌وه‌ كه‌ كێ تیرۆری ده‌وێت و فه‌وجی لابه‌لا بۆ بكوژه‌كان ده‌كاته‌وه‌و داڵده‌یان ده‌دات و رێگره‌ له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبگرێته‌وه‌"، حاجی مه‌سیفی وای وت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌یه‌وێت هێزه‌كانی یه‌كێتی لاواز بكات

سه‌رۆك و تیمی پارتی له‌حكومه‌ت داڵده‌ی بكوژه‌كان ده‌ده‌ن و له‌بری ده‌ستگیركردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌یاسا له‌ پایته‌خته‌وه‌ فه‌وج و هێز ده‌كاته‌ خه‌ڵاتیان و به‌ په‌یامیش وه‌ك په‌رۆشی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ خۆی نیشان ده‌دات، له‌كاتێكدا به‌نهێنی هه‌وڵی لاوازكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتی ده‌دات.
كاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: "كه‌سانێك كه‌ هه‌ڵهاتوون له‌ یاسا كه‌ تاوانبار و تۆمه‌تبارن به‌ كوشتنی خه‌ڵكی تر ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌و هێزیشیان بۆ دابین ده‌كرێت و رۆژانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن".
" سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌دا نییه‌، به‌ڵكو بڕیاره‌كانی ته‌واو دژایه‌تی كردنی هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانه‌ له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و به‌كردار ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه‌، ئه‌وه‌تا بودجه‌ی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری یه‌كیتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیوه‌و نه‌سریه‌ی هێزه‌كانی 70 ی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌و  گه‌مارۆی خستوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتی و ده‌یه‌وێت ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتی لاواز بكات.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا هیچ هه‌نگاوێكی كرداری بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌ناوه‌ كه‌ خواستی هاوپه‌یمانان و یه‌كێتیش بووه‌، بۆیه‌ روونه‌ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا فه‌شه‌لی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌.
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket