riklam

سەرۆک بافڵ: رێگە نادەین لەسەر حسابی خەبات هیچ کەسێک خۆی پارەدار بکات

کوردستان 09:31 PM - 2023-01-14

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بورهان سەعید سۆفی، لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان و عەبدوڵا کانی بەردی، لێپرسراوی بۆردی تێکۆشەران ئامادەبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی کۆمەڵەکە بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان، ئەو بەربەستانەی بۆیان دروستدەکرێت و بەوهۆیەشەوە ناتوانن خزمەتەکانیان لەئاست خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە دێرینەکان بێت. لەوڕووەشەوە وەستا فاروق، سەرۆکی کۆمەڵەکە راپۆرتێکی پێشکەشکرد و داوای لە سەرۆکی یەکێتی کرد بەدواداچوونی جدی و کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بکرێت.

لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە دێرینەکانی کرد لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و رایگەیاند، ئێوە شانازیی ئێمە و کوردستانن، مێژووی خەباتی ئێوە بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین.

لە بەرامبەر داواکاری و پێداویستییەکانیانشیان سەرۆک بافڵ بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروستبکرێت و وتی، ئێوە پایە و پشتیوانی یەکێتی بوون، کوردستان قەرزاری جوامێری و ئازایەتی ئێوەیە و بەخوێنی خۆتان شۆڕشی نوێتان هەڵگیرساند. بۆیە خزمەتکردنتان ئەرکە لەسەر شانمان و بەهەمووشێوەیەک لەخزمەتتاندا دەبین.

 

وتیشی، ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان قەرزاری تێکۆشانی ئێوەیە، بەڵام بەداخەوە بێباکییەکە گەیشتووەتە ئەو رادەیەی شۆڕشگێڕەکانی رابردوو و بونیادنەرانی ئەزموونەکە فەرامۆشبکرێن و ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانتان نەدرێتەوە، بۆ ئەمەش یەکێتی بۆ ئەم جیاکاری و نادادییە داوای لێبوردنتان لێدەکات و بەڵێنتان پێدەدەین ئەم رێڕەوە چەوتەی حوکمڕانی راستدەکەینەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانی وڵات و خراپی دۆخی حوکمڕانی لە هەرێم بەرچاوروونیدایە ئامادەبووان و دڵنیایکردنەوە درێژە بە سیاسەتێک دەدەین کە خەڵک داوای دەکات و لەخزمەتی گشتی و قوربانییەکانی ئێوەی قارەماندا بێت.

 

وتیشی، دڵنیابن چیتر ناهێڵین هیچ کەس و لایەنێک رەنج و خەباتی ئێوە بۆ خۆیان ببەن و لەسەر حسابی خەباتی ئێوە خۆیان پارەدار بکەن، شکۆ و شانازی ئەم میللەتە لای ئێمە پیرۆزە و ناهێڵین یاری بە چارەنووسییەوە بکرێت.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket