riklam

هاوپه‌یمانان هێزی یه‌كگرتووی ده‌وێت و پارتیش فه‌وجی لابه‌لا

کوردستان 02:08 PM - 2023-01-14
هاوپه‌یمانان هێزی یه‌كگرتووی ده‌وێت و پارتیش فه‌وجی لابه‌لا

هاوپه‌یمانان هێزی یه‌كگرتووی ده‌وێت و پارتیش فه‌وجی لابه‌لا

پارتی پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانان و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كارده‌كات و به‌ویستی خۆی هێز بۆ كه‌سانێك دروستده‌كات كه‌ شایسته‌ی ئه‌و هێزه‌ نین.

به‌پێی یاسای ژماره‌ 3ـی ساڵی 2006 ی تیرۆر له‌هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر هێزێك به‌ نایاسایی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروستبكرێت، وه‌كو هێزێكی تیرۆر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌ڵام پارتی له‌رێی تیمه‌كه‌یه‌وه‌ له‌حكومه‌ت بێ گوێدانه‌ یاسا، فه‌وج و هێز ده‌به‌خشێته‌وه‌.

تیمی پارتی له‌حكومه‌ت یاسا شێكێنی ده‌كات

 

باڵامبۆ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "هاوپه‌یمانان هه‌مووكات هانمان ده‌ده‌ن كه‌ هه‌رێمی كوردستان هێزێكی یه‌كگرتووی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ واقیعی هه‌رێمی كوردستان دا جێبه‌جێی ده‌كات ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانان و ته‌نانه‌ت یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌".

"پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌شێكی زۆر له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی لایه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان زیاتر پابه‌ندی یاساكانی هه‌رێمی كوردستان بێت، یاساشكێنی ده‌كات و بێگوێدانه‌ یاسا هێز بۆ كه‌سانێك دروست ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ ده‌ركراون یاخود تاوانبارن و له‌ یاسا هه‌ڵهاتوون و له‌ناو پارتی داڵده‌دراون"، باڵامبۆ محه‌مه‌د وایوت.

ده‌شڵێت: "سیاسه‌تی حزب ته‌واو حكومه‌تی قۆرغكردووه‌و حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می به‌رژه‌وه‌ندی حزبدایه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نیشتمانیی دا نیه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ش وایكردووه‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌هه‌ڵوێسته‌كانی پارتی له‌ناو حكومه‌ت نیگه‌ران بن و گرژی زیاتر له‌نێوان پارتی و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان دروست بكات".

حكومه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی حزبی لا گرنگه‌

 

داڵده‌دان و دروستكردنی هێزو به‌خشینه‌وه‌ی پله‌و پۆست بۆ كادره‌ زویره‌كانی لایه‌نه‌كان، كادر و لایه‌نگرانی پارتی نیگه‌ران ده‌كات و ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شایسته‌ی ئه‌و پله‌و پۆستانه‌ نازانن.

باڵامبۆ محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "پارتی سیاسه‌تی پێداره‌كان بگره‌ پێنه‌داره‌كان ماڵی خۆمانن له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كات و چاوی له‌سه‌ر داڵده‌دانی ئه‌ندامه‌ زویره‌كانی لایه‌نه‌كانی دیكه‌یه‌ و هێز و پله‌یان به‌سه‌ردا ده‌به‌خشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كادره‌كانی خۆی پشتگوێ بخرێن و لێی زویر بن".

"له‌هه‌رێم یاسای تیرۆری ژماره‌ 3ـی ساڵی 2006 هه‌یه‌، له‌م یاسایه‌دا به‌روونی ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو هه‌ر هێزێك به‌ نایاسایی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت، وه‌كو هێزێكی تیرۆر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، هیوادارین پارتی كۆتایی به‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی خۆی بهێنێت و بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نیشتمانی بكاته‌وه‌ نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی حزبی"، باڵامبۆ محه‌مه‌د وایوت.

تیمی پارتی له‌ حكومه‌ت سلێمانی ده‌كه‌ن ئامانج

 

ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو سیاسه‌تی پارتی جێبه‌جێ ده‌كات، له‌كاتێكدا ئاماده‌یه‌ هێزو فه‌وج له‌سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ كه‌سانێك بكاته‌وه‌ كه‌ شایسته‌ نین، به‌ڵام له‌هه‌ولێر و دهۆك رێگه‌ به‌هیچ كه‌سێك نادات هێزو فه‌وجی تایبه‌تی هه‌بێت.

ره‌وه‌ند شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كانی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "پارتی له‌سه‌ر داهاتی گشتی كادر و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ داڵده‌ ده‌دات و هێزیان بۆ دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی ته‌واو نیگه‌ران كردووه‌".

"سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ شێواندنی بارودۆخی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاماده‌یه‌ یاسا بشكێنێت و هێز بۆ كه‌سانێك دروست بكات كه‌ شایسته‌ی ئه‌و هێزه‌ نین، به‌ڵام بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی رێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك نادات هێزی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی دووفاقی تیمی پارتی له‌حكومه‌ت نیشانده‌دات و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردوه‌ یه‌كێتی داوای راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ چه‌وته‌ی حكومه‌ت بكات كه‌له‌ ئێستادا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی په‌یڕه‌وی ده‌كات"، ره‌وه‌ند شه‌هید غه‌ریب واده‌ڵێت.

ده‌شڵێت: "پارتی خۆی به‌ زۆرینه‌ و پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كه‌مین حزبه‌ كه‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یاساشكێنی ده‌كات و هێزی چه‌كدار بۆ كه‌سانێك دروست ده‌كات كه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئارامی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و سنووری پارێزگای سلێمانی به‌تایبه‌تی".

پارتی دیموكراتی كوردستان، داڵده‌ی تۆمه‌تباران و له‌ یاسا ده‌رچووان ده‌دات و زۆرجاریش به‌ مه‌به‌ست فه‌وج و هێزیان بۆ دروستده‌كات و ده‌یانپارێزێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ئاشكرا ده‌ست له‌ كاروباری دادگاكان وه‌رده‌دات، یاخود سیناریۆ بۆ كه‌یسه‌كان دروستده‌كات و به‌لاڕێیان دا ده‌بات، ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی نیگه‌ران كردوه‌و داوای راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ چه‌وته‌ ده‌كه‌ن كه‌ تیمی پارتی له‌حكومه‌ت جێبه‌جێی ده‌كات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket