riklam

د.یوسف گۆران: روئیای یه‌كێتی بۆ ده‌ستووری هه‌رێم په‌رله‌مانی و دیموكراسی و لامه‌ركه‌زییه‌

کوردستان 03:25 PM - 2023-01-11
فۆتۆ.. PUKMEDIA

فۆتۆ.. PUKMEDIA

هه‌رێمی كوردستان سێ ده‌یه‌یه‌ به‌بێ ده‌ستووره‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پرۆژه‌یه‌كی راسپارده‌ی ده‌ستووریی ئاماده‌كردووه‌و ده‌یخاته‌ به‌رده‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان، تاكو له‌پرۆژه‌یاسای ده‌ستووری هه‌رێم دا جێگه‌یان بكرێته‌وه‌و پرۆژه‌كه‌ش پێشكه‌ش به‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ په‌رله‌مان كراوه‌.

تێروانینی یه‌كێتی بۆ سیستمی حوكمڕانی هه‌رێم 

 

د.یوسف گۆران لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستوور و سیستمی سیاسیی له‌ لیژنه‌ی باڵای دیداری یه‌كێتی به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" لیژنه‌ی ده‌ستوور و سیستمی سیاسیی پرۆژه‌ی راسپارده‌ ده‌ستوورییه‌كانی ته‌واو كردووه‌ و بڕیاره‌ بیخاته‌ به‌رده‌م هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پرۆژه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم سوودی لێوه‌ربگیرێت".

"تێڕوانینكی یه‌كێتی بۆ سیستمی حوكمڕانی له‌و پرۆژه‌یه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سیستمی په‌رله‌مانی و دیموكراسی  و لامه‌ركه‌زی دایه‌" د.یوسف گۆران پسپۆڕی یاسای ده‌ستووری وایوت.

پرۆژه‌یه‌ك له‌لای فراكسیۆنی یه‌كیتیه‌ له‌ په‌رله‌مان

یه‌كه‌مین دیداری یه‌كێتی كه‌ 28/5 تا 31/5/2022 له‌ سلێمانی به‌سترا، ته‌واوی راسپارده‌ی لیژنه‌كانی له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركرایه‌تی په‌سندكراوه‌ و لیژنه‌ی ده‌ستوور و سیستمی سیاسیی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پرۆژه‌ راسپارده‌یه‌كی ئاماده‌كرد و بۆ كاركردن ته‌سلیمی فراكسیۆنی یه‌كێتیی كردووه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

د.یوسف گۆران ده‌ڵێت : "راسپارده‌كانی دیدار له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی په‌سندكراوه‌ و  دوای ئه‌وه‌ لیژنه‌ی ده‌ستوور و سیستمی سیاسیی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌یوه‌ندیكردووه‌ و سه‌رجه‌م پێشنیازه‌كانیش له‌ پرۆژیه‌كدا پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فراكسیۆن كراوه‌، بۆئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكرێت، تێیدا روئیای یه‌كێتی روونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ " سیستمی په‌رله‌مانی ، دیموكراسیی، لامه‌ركه‌زیدایه‌" بۆ كوردستان كه‌ مافی هه‌موانی تێدا بێت".

"ناوه‌ندی یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانیش پرۆژه‌یه‌كی هه‌بووه‌ بۆ ده‌ستووری هه‌رێم و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش به‌شێكی زۆری ئه‌و بیروبۆچونانه‌یه‌ كه‌ له‌ دیداردا هاتووه‌، بۆیه‌ راسپارده‌كان كه‌ په‌سندكراوه‌ ئێستا ته‌سلیم به‌  فراكسیۆن كراوه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت و ئێستا له‌لای ئه‌وانه‌" د.یوسف گۆران وایوت.  

وه‌ك پرسێكی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی باڵا و بۆ سوودی گشتی كاری تێداكراوه‌

هه‌رێمی كوردستان 30 ساڵه‌ خاوه‌نی ئه‌زموون و حوكمڕانی خۆیه‌تی، به‌ڵام تائێستا ده‌ستووری نییه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار هه‌وڵی نوسینه‌وه‌ی دراوه‌و لیژنه‌ هه‌بووه‌ و ره‌شنووسی ده‌ستووریش هه‌یه‌، به‌ڵام به‌بێ ده‌ستوور ماوه‌ته‌وه‌.

د.یوسف گۆران ده‌ڵێت:" دیداری یه‌كێتی پرسی ده‌ستووری به‌گرنگ زانیوه‌ و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ پێكهێناوه‌ و له‌لایه‌ن كه‌سانی پسپۆر و شاره‌زاوه‌ راسپارده‌كان كۆكراونه‌ته‌وه‌ و ته‌ته‌ڵه‌كراون و پرۆژه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ ئاماده‌كراوه‌ كه‌ ره‌هه‌نده‌كانی له‌به‌رچاو گرتووه‌ و بڕیاریشه‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستوور درێژه‌ پێبده‌ن".

"ئه‌م پرۆژه‌ی دیدوبۆچوونی یه‌كێتی تێدا گه‌ڵاڵه‌كراوه‌و وه‌ك پرسێكی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی باڵا و بۆ سوودی گشتی كاری تێداكراوه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراقیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بڕگه‌ و مادده‌كان كراوه‌ كه‌ ناكۆك و پێچه‌وانه‌ نه‌بێت" سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستوور وایوت.

مادده‌ی 120 له‌ ده‌ستووری عیراق كه‌ ئه‌و مافه‌ ده‌دات هه‌رێمی كوردستان ده‌ستووری خۆی هه‌بێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عیراق گونجاو بێت و ئه‌وه‌بوو له‌ مانگی 6/2009 پرۆژه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌و له‌ڕێی بریكاره‌كانی دابه‌شكردنی خۆراكه‌وه‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیان دا دابه‌شكرا، به‌ڵام تائێستاش "هه‌رێم بێ ده‌ستووره‌".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket