riklam

مافی پێكهاته‌كانی هه‌رێم له‌په‌رله‌مان زه‌وت ده‌كرێت

کوردستان 10:40 AM - 2023-01-10
پەرلەمانی کوردستان

پەرلەمانی کوردستان

به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان نایشارنه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ نین و رۆڵی خۆیان ناگێڕن و ده‌بێت ئه‌و مافه‌ زه‌وتكراوه‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووش ده‌ڵێت: "پێویسته‌ پێكهاته‌كان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن، چونكه‌ كورسییه‌كانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك لاسه‌نگی له‌هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌ و مافیشیان زه‌وتكراوه‌".

پێویسته‌ پێكهاته‌كان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌ڵبژێرن

 

به‌كارهێنانی كورسی پێكهاته‌كان له‌لایه‌ن حزبێكه‌وه‌ وایكردوه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ په‌رله‌مان به‌رزببێته‌وه‌و داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای پێكهاته‌كان بكرێت.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "به‌كارهێنانی كورسی پێكهاته‌كان یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ی كه‌سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه‌".

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كورسی تایبه‌ت به‌ خۆیانیان هه‌بێت، به‌ڵام پێویسته‌ پێكهاته‌كان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن و ره‌چاوی جوگرافیای پێكهاته‌كانیش بكرێت كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ئێستادا وانییه‌".

 

"له‌ئێستادا كورسی پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان لاسه‌نگی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك دروستكردووه‌ و ده‌مانه‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ڕێی هه‌مواری یاساكه‌وه‌ ئه‌و لاسه‌نگییه‌ هاوسه‌نگ بكه‌ینه‌وه‌" هه‌ڵه‌دنی واده‌ڵێت.

ناكرێت حزبێك كورسی پێكهاته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاربهێنێت

تێبینی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌و داواده‌كرێت پێكهاته‌كان رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان بگێڕن و نه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری هیچ حزبێكه‌وه‌.
 
حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی بۆردی پێكهاته‌كانی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "تێبینیمان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و جوگرافیای كورسی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای پێكهاته‌كان، چونكه‌ ناكرێت كورسییه‌كانیان لایه‌نێكی دیكه‌ بیبات و بخرێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبێكی دیاریكراو و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاریان بهێنێت".

"كورسی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مسیلێكی كارتۆنی ده‌كات، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ پێكهاته‌كان رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان بگێڕن و  ویست و داواكاری و گرفت و پرۆژه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی پشتیوانیان بێت و نوێنه‌ری پێكهاته‌كانیش به‌ فیعلی خزمه‌تی ده‌نگده‌رانیان بكه‌ن" حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا واده‌ڵێت.

مافی پێكهاته‌كان زه‌وت نه‌كرێت

 

سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ خولی یه‌كه‌م و دووه‌می په‌رله‌ماندا كورسی پێكهاته‌كانی ده‌ستنیشانكردوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك مافێكی ره‌وای خۆیان تا له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ داكۆكیكاری داوا ره‌واكانیان بن، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌و هه‌له‌یان قۆستۆته‌وه‌و له‌و سنورانه‌ كادری خۆیان ده‌كه‌ن به‌ نوێنه‌ری پێكهاته‌كان.

عه‌بدولناسر ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "وه‌كو فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی ئه‌وه‌ بووین كه‌ مافی پێكهاته‌كان زه‌وت نه‌كرێت و له‌په‌رله‌مان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مانه‌وێت نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی دیكه‌ش ده‌نگ و ره‌نگی خۆیان بن له‌ په‌رله‌مان".

"له‌ئێستادا نوێنه‌ری پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان نه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكی خۆیانن نه‌ ده‌شتوانن قسه‌ی خۆیان بكه‌ن، پێشتریش سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ خولی یه‌كه‌م و دووه‌می په‌رله‌مان هه‌وڵیداوه‌ پێكهاته‌كان نوێنه‌ری خۆیانیان هه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌و هه‌له‌یان قۆستۆته‌وه‌و له‌و سنوورانه‌ كادری خۆیان ده‌كه‌ن به‌ نوێنه‌ری پێكهاته‌كان". عه‌بدولناسر ئه‌حمه‌د واده‌ڵێت.

پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان خاوه‌نی 11 كورسین كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش بوون: هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی 3 كورسی، پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی 2 كورسی، پارتی چاكسازی توركمان 1 كورسی، ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشوری 1 كورسی، لیستی رافیده‌ین 1 كورسی، به‌ره‌ی توركمانی 1 كورسی، لیستی میله‌ت 1 كورسی، لیستی ئه‌رمه‌ن 1 كورسی.

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket