riklam

بەهەوڵی یەكێتی خانوەكانی شەنگال تاپۆدەكرێن و پلاسخارتیش دەستخۆشی دەكات

کوردستان 12:41 PM - 2023-01-06
بڕیاری تاپۆكردنی خانووەكانی شەنگال بەهەوڵی یەكێتی و سەرۆكەكەی پەسەندكرا

بڕیاری تاپۆكردنی خانووەكانی شەنگال بەهەوڵی یەكێتی و سەرۆكەكەی پەسەندكرا

بڕیاری تاپۆكردنی خانووەكانی شەنگال بەهەوڵی یەكێتی و سەرۆكەكەی پەسەندكرا و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ستایشی بڕیاری تاپۆكردنی زەوی و موڵكی ئێزیدییەكان لە شەنگال دەكات، كە پێش پێكهێنانی حكومەت سەرۆك بافڵ داوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەی كردبوو.

بڕیاری تاپۆكردنی خانووەكانی شەنگال بە بەرهەمی هەوڵەكانی سەرۆك بافل دەزانرێت، چونكە یەكێتی رۆڵی كاریگەری بینی لە چارەسەركردنی كێشەكە و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەكانیان و هەوڵ و رۆڵی سەرۆك بافڵ و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانی عیراق بووە هۆی دەركردنی ئەم بڕیارە.


رۆژی 4-1-2023، سەرۆك وەزیرانی عیراق و نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر بڕیاری (بە تاپۆكردنی زەوی و موڵك و خانووی ئێزدییەكان دوای 47 ساڵ بیبەشكردن) راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا كە نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە هاتووە: "بەهۆی سیاسەتی جیاكارییەوە، لە ساڵی 1975ەوە تا ئێستا رێگە بە زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتی ئێزیدی نەدراوە كە  خاوەنی ماڵ و موڵكی خۆیان بن و زەوی نیشتەجێبوونیان هەبێت".

هەر لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: "لە 12ی كانوونی یەكەمی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیارێكی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گشتگیر و هەمیشەیی بۆ ئێزدییەكانی شەنگال پەسەند كرد، هەروەها بەپێی ئەم بڕیارە ئەم زەویانە لە 11 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون تاپۆ دەكرێن لەسەر خاوەنەكانیان".

 لای خۆشیەوە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق و سەرۆكی نێردەی هاریكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، پێشوازیكرد لەو هەنگاوە یەكلاكەرەوەی كە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كە بووە هۆی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هەزاران ئێزدی بەشێوەیەكی ئارام.

جەختیشیكردەوە: "بڕیارەكە بە رەسمی ناسینی خاوەندارێتی موڵك و ماڵەكانیان پێكدێنێت و كۆتایی بە دەیان ساڵ لە جیاكاریی دەهێنێت و هیوادارین لە ئازارەكانی ئێزدییەكان كەم بكاتەوە و هانی گەڕانەوەیان بدات بۆ شەنگال ".


بڕیارەكە دوای هەوڵەكانی یەكێتی و سەرۆكەكەی هات

 

لەو بارەیەوە شێخ ئیلیاس بابە شێخ كەسایەتی ئێزدی و نوێنەری پێشووی سەرۆك مام جەلال لە مەڵبەندی رێكخستنی دهۆكی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بە سایتی رەسمیی یەكیتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بڕیارەكەی حكومەتی فیدراڵی بۆ تاپۆكردنی زەوی و خانووی نیشتەجێبوون بۆ برایانی ئێزدی بڕیارێكی راستە و دەمێكە لە چاوەڕوانیداین ".


راشیگەیاند: "یەكێتی رۆڵێكی كاریگەری بینی لە چارەسەركردنی كێشەكە و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەكانیان و هەوڵ و رۆڵی سەرۆك بافڵ و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانی عیراق بووە هۆی دەركردنی ئەم بڕیارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە".

" فایلی شەنگال فایلێكی ئاڵۆزە كە چەندین لایەنی تێوەگلاوە و دەسەڵاتی هەرێم نایەوێت كێشەكان لەو ناوچانە چارەسەر بكرێت، كێشەی شەنگال پێویستی بەهەوڵی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بەچارەسەری كۆتایی". شێخ ئیلیاس بابە شێخ وایوت.

 

بڕیارەكە بەرهەمی هەوڵەكانی سەرۆك بافل جەلال تاڵەبانی-ە

پێشتریش داود جندی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشمانیی كوردستان راگەیاند: "بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق سەبارەت بە تاپۆكردنی زەوی و موڵك و خانووی ئێزدییەكان، لەسەر داواكاریی سەرۆكی یەكێتی بووە و لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەت بەفەرمی سەرۆك بافڵ داوایكردووە".

دەشڵێت: "پێش پێكهێنانی حكومەت سەرۆك بافڵ داوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەی كردبوو، بۆیە بڕیارەكە بەرهەمی هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ-ە، ئەگەر ئەو نەبوایە جێبەجێ نەدەكرا".

باسی لەوەشكرد: "سەرۆكی یەكێتی پێشتر پێی وتبوون كە دەبێتە پارێزەری ئیزدییەكان و مافەكانیان بۆ بەدەستدەهێنێت".

"لەسەردەمی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراقەوە هەوڵدرا ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەدەكرا". ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی وای وت.

 

 

بڕیارەكەی حكومەتی فیدراڵی لەسەر خاوەنداریكردن لە خاكی ئێزدی لە شەنگال:

 

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەدانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی كە رۆژی 28 / 12 / 2022 بەڕێوەچوو، بڕیاریدا برایانی ئێزدی خاوەنی ماڵ و موڵكی خۆیان بن و زەوی نیشتەجێبوونیان هەبێت.

هەروەها بڕیارەكە ئاماژە بەوە دەكات: "خاوەنداریكردن بەهای مەزەندەكراوە لەلایەن لیژنەكانی هەڵسەنگاندنەوە بەپێی بڕگەكانی مادەی (7 و 8) لە یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی دەرماڵەی دەوڵەت (21ی ساڵی 2013) وەك هەمواركراو و وەك جیاكەرەوەیەك بۆ بەندەكانی مەزادی گشتی بەپێی بڕگەكانی مادەی (40) ی یاسای ناوبراو دواتر پارەی فرۆشتنەكە بەپێی بڕیاری كابینەی (28ی 2020) بەپێی بڕیارەكە كۆدەكرێتەوە".

بڕیارەكە روونیشی كردەووەتەوە: وەزارەتەكانی دارایی و كشتوكاڵ ڕێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنەبەر بۆ گۆڕینی بەكارهێنانی جیاوازی ئەو زەوییانەی خانووەكان لەسەری دروست كراون.

 

 

سەرۆك بافڵ ستایشی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات

 

 

هاوكات لە پەیامێكدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ستایشی بڕیارەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراقی كردوو رایگەیاند: "ستایشی بڕیارەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەكەین سەبارەت بە تەملیككردنی ئەو زەوی، موڵك و خانووانەی كە خوشك و برا ئێزدییەكان لە شەنگال لە ساڵی 1975 ەوە تێیدا نیشتەجێن و لەلایەن حكومەتی بەعسی رووخاوەوە لێی بێبەشكرابوون".

راشیگەیاند: "ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم بڕیارە بە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشك و برا ئێزدییەكان دادەنێین پاش بێبەشكردن و پەراوێزخستنیان بۆماوەی چەندین ساڵ. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیران دەكەین بۆ ئەم بڕیارە بوێرانەیە".

روونیشیكردەوە: "كە ئەم رێوشوێن و بڕیارانە لە چوارچێوەی داواكاری و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ گێڕانەوەی مافی ئێزدییەكان لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا كە بە سوپاسەوە حكومەت وەڵامی دایەوە".

جەختیشیكردەوە: "ئەم هەنگاوە بە شێوەیەكی كارا یارمەتیدەر دەبێت لە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشك و برا ئێزدییەكانمان و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی كە چەندین ساڵە لە سەریانە. هەنگاوێكیشە بە ئاڕاستەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، سەقامگیری ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و ئەو سنوورانەی دیكە كە نەهامەتی زۆریان چەشت بەهۆی داگیركردنیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و كۆتاییهێنان بەو ئازار و نەهامەتییانەی دووچاری كەسوكارەكانمان بووەوە".
PUKMEDIA









ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket