riklam

ئامانجی یەكێتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە

کوردستان 08:55 AM - 2023-01-06
چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئامانجی یەكێتییە

چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئامانجی یەكێتییە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سوورە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و دەیەوێت سیاسەت بخاتە خزمەتی خەڵكەوە، بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەكانی سەرۆك بافڵ لەگەڵ وەفدە باڵاكانی حكومەت و لایەنە عیراقییەكان بەردەوامیی هەیە.

لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "سیاسەتی نەگۆڕ‌ی یەكێتی بۆ پرسە نیشتمانییەكان وایكردووە كە ئەم حزبە بەبەراورد بە حزبەكانی دیكە جیاواز بێت و جێی ئومێدی خەڵك بێت، بەتایبەت لەئێستادا كە هەوڵەكانی چڕ‌كردووەتەوە تا بژێوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان تێكەڵی ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەكرێت".

"پێشتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 20 جار سەردانی بەغدای كردووە هەتا شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی عیراق جێگیر بكات، هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش درێژەپێدەری سیاسەتە نەگۆڕ‌ەكەی یەكێتییە لەناو حكومەت و حزب و لەچوارچێوەی دروشمی ئاشتكردنەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و خۆشگوزەرانی زیاترە بۆ ساڵی نوێ پەیڕەوی دەكات " نێروەیی وادەڵێت.

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت: "سەرۆكی یەكێتی لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كارنامەی حزبەكەی پێشكەش بە سەرۆكوەزیرانی عیراق كردووەو یەكێك لەخاڵە گرنگەكانی كارنامەكە ئەوەیە كە بژێوی ژیانی خەڵك تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەكرێت، لەو روانگەیەشەوە لەگەڵ وەفدی باڵای حكومەت و لایەنە سیاسییەكان بەردەوامیی بە كۆبوونەوەكانی دەدات".

هەموو ساڵێك لەگەڵ پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی عیراقدا كێشەكانی هەولێر و بەغدا سەرهەڵدەداتەوە، ئەندامێكی پەرلەمانی عیراقیش لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت:" كاتی ئەوەیە كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەریشەوە چارەسەر بكرێن".

زەهرە ئەلبجاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە PUKMEDIA ی رایگەیاند: كاتی ئەوەیە كێشە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن، چونكە ناكرێت هەموو ساڵێك لەكاتی پەسەندكردنی بودجەی گشتی عیراقدا ئەو كێشەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا سەرهەڵداتەوە، بۆیە پێویستە چارەسەری ریشەی بۆ پرسە داراییەكانی نێوانیان بدۆزرێتەوە".

لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕ‌ۆژەیەكی پێشكەشكرد و لەئێستادا هەندێك لە بڕ‌گەكانی ئەو پڕ‌ۆژەیە كەوتوونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە، سەرۆكی یەكێتییش هەوڵەكانی بۆ جێبەجێ كردنی بڕەكانی دیكەی بڕگەكانی دیكەی پرۆژەكە چڕكردوەتەوە بەتایبەت پرسی ناردنی مافە داراییەكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، كەلەئێستادا یەكهەڵوێستی نیشتمانیی لێكەوەتەوەو هەوڵی چارسەركردنی ئەو كێشەیە دەدرێت كە ساڵانێكە خەڵكی هەرێمی كوردستان پێوەی دەناڵێنن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket