riklam

یەكێتی بەدوای چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداوەیە

ڕیپۆرتاژ 02:10 PM - 2023-01-04
یەكێتی بەدوای چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداوەیە

یەكێتی بەدوای چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداوەیە

حكومەتی هەرێم حسابی خیتامی بۆ عیراق نانێرێت و بەوهۆیەشەوە وەزیری دارایی عیراق ئامادەنییە 400 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بنێرێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "تیمی پارتی لەحكومەت و بەرپرسانی هەولێر هیچ دۆسیەیەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێشكەش بەبەغدا نەكردووە و بەپێچەوانەوە دژی یەكێتی وەستاونەتەوە كەبەدوای چارەسەری كێشەكانەوەیە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆبوونەوەكانی ئەمدواییەی لەگەڵ عەممار حەكیم و هادی عامری رایگەیاندبوو:"نیەتێكی نیشتمانی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، بۆ ئەمەش دەبێت هەموو لایەنەكان هاوكار و پشتیوانبن بۆ كۆتاییهێنان بەم كێشەیە و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندییە سیاسییەكانمان تاوەكو هەموومان پێكەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان بكەین و داهاتوویەكی پرشنگدارتر بونیاد بنێین".

چارەسەری كێشەكان هەولێر و بەغدا لەیەك نزیكدەكاتەوە

عائید هلالی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "حكومەتی نوێی عیراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات چارەسەری كێشەكانی هەرێم و عیراقی خستوەتە بەر نامەی كارییەوە، كە چارەسەری كێشەكان وادەكات هەردوو حكومەت بە سەركەوتویی بگەن بە ئامانجەكانیان و لێكنـزیك ببنەوە.

"جێی داخە حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی پارتی لە حكومەت و بەرپرسانی هەولێر هیچ دۆسیەیەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێشكەش بەبەغدا نەكردوەو بەپێچەوانەوە دژی لایەنی ترن لەهەرێم وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەبەدوای چارەسەری كێشەكانەوەن"، هلالی وایوت.

دەشڵێت: "پێویستە بەرپرسانی هەولێر هەست بەوە بكەن كە زۆر پێویستە لەگەڵ هەموو حزبە كوردییەكان بگەنە رێككەوتن و بە یەكگرتووی و یەك تیمی بچنە بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان، ئێمە پشتگیری پێشنیارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ قوت و مووچە و گوزەرانی هاووڵاتیان دەكەین و نابێت خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی كێشە سیاسییەكان بدەن".

تیمی پارتی لەحكومەت هۆكارن

تا ئێستا حكومەتی هەرێم حساباتی ختامی نەناردوە بۆ عیراق و بەو هۆیەشەوە وەزیری دارایی بڕیاری داوە 400 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم نەنێرێت و ئاشكرایە كە تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم و ئاڕاستەیەكی ئەو حزبە هۆكارن كە كێشەی بودجە و دارایی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەكرێت.

كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە سایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "وەزیری دارایی بەكەسێكی زۆر پیشەیی لە بوارەكەی خۆیدا ناسراوەو بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكات، ئەمەش وای كردوە بۆ ناردنی 400 ملیار دینارەكەی هەرێم بەپێی یاسا مامەڵە بكات".

"نەناردنی حساباتی ختامی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ بەغدا وایكردوە وەزیری دارایی بڕیار بدات ئەو 400 ملیار دینارەی كە سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاری داوە بینێرێت بۆ هەرێم، رابگرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە حكومەتی هەرێم خۆی كەمتەرخەم بوەو گرفتی بۆ ناردنی 400 ملیار دینارەكە دروستكردوە"، كاروان یاروەیس وایوت.

دەشڵێت: "یەكێك لە كێشەكانی تری نەناردنی 400 ملیار دینارەكە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق ناكات و ئامادە نییە هیچ داتایەكی هەرێم پێشكەش بە وەزارەتی دارایی عیراق بكات".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام هەوڵی نزیككردنەوەی لایەنەكان و دروستكردنی حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانی دەدات كە مافەكانی گەلی كوردی تێدا پارێزراوبێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش لەكۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكید لەپاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوەو رایگەیاندوە:" دەستوور دەكەینە بنەمای چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket