riklam

وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌ت هێڵی جیاوازی تۆخده‌كاته‌وه‌

کوردستان 08:58 PM - 2023-01-03
وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌ت هێڵی جیاوازی تۆخده‌كاته‌وه‌

وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌ت هێڵی جیاوازی تۆخده‌كاته‌وه‌

بێده‌نگییه‌كانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاست ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ هه‌ولێر رووده‌دات و به‌یاننامه‌ حازره‌كانی بۆ رووداوه‌كانی سلێمانی، وایكردووه‌ وه‌ك وته‌بێژی حزبێك ده‌ركه‌وت نه‌ك حكومه‌ت، سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانیش ده‌ڵێت:" جیاكارییه‌كانی وته‌بێژی حكومه‌ت وایكردوه‌ خه‌ڵكی ئاسایی هه‌ست به‌و جیاوازییه‌ بكه‌ن و به‌ بانێك و دوو هه‌وا هه‌ڵوێسته‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنن".

شه‌وی سه‌ری ساڵ له‌هه‌ولێر دوو حاڵه‌تی په‌لامار و هێرشی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی هوانه‌ی سلێمانی هه‌بوو، به‌ڵام وته‌بێژی حكومه‌ت كه‌ وته‌و به‌ڵاغه‌كانی ته‌عبیر له‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌ت ده‌كات ته‌واو جیاوازبوو، بۆ ئه‌وه‌ی سلێمانی ده‌نگی هه‌ڵبڕی و بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ولێریش بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، له‌كاتێكدا ده‌بێت حكومه‌ت و وته‌بێژه‌كه‌ی دووربن له‌ رێره‌وی جیاكاری.

لای وته‌بێژ بانێك و دوو هه‌وایه‌

 

وته‌بیژی حكومه‌ت له‌پیشه‌كه‌یدا به‌ روونی جیاوازی له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كات و وایكردوه‌ خه‌ڵكی ئاسایی-ش هه‌ست به‌و دوو هه‌ڵوێسته‌ی وته‌بێژ بكه‌ن.

كاروان ئه‌نوه‌ر سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: " وته‌بێژی حكومه‌ت، وته‌بێژی حكومه‌تێكه‌ له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین، ناكرێت بانێك و دوو هه‌وا بێت، به‌جۆرێك له‌ كاتێكدا 72 رۆژنامه‌نووس له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركران و به‌مادده‌ی جۆراوجۆر حوكمدران، حكومه‌ت هه‌ڵوێستێكی كاڵ و كرچی نواند، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سلێمانی رۆژنامه‌نوسێك ده‌ستگیربكرێت له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌مدا به‌یاننامه‌و روونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌رده‌كات". 

"نه‌ك هه‌ر له‌ رووی رۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ به‌ڵكو له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیشه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ وته‌بێژی حكومه‌ت جیاوازی له‌ نێوان هه‌ولێر و سلێمانی دا ده‌كات، كرداره‌كانی گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی به‌ روونی هه‌ستی پێبكرێت، له‌ئێستادا چه‌ندین وتار له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ جیاكانی نوسراوه‌ به‌جۆرێك خه‌ڵكی ئاسایی لێی تێگه‌یشتوون و له‌ ئه‌كاونته‌ ته‌یبه‌تییه‌كانیان باسی ئه‌و هه‌ڵوێستییه‌ی وته‌بێژی حكومه‌ت ده‌كه‌ن" كاروان ئه‌نوه‌ر وای وات.

حكومه‌ت ئه‌قڵیه‌تی زۆن تێپه‌ڕێنێت

 

له‌ هه‌ولێر دوو حاڵه‌تی په‌لامار و هێرشی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی هوانه‌ی سلێمانی هه‌بوو، به‌ڵام وته‌بێژی حكومه‌ت كه‌ وته‌و به‌ڵاغه‌كانی ته‌عبیر له‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌ت ده‌كات ته‌واو جیاوازه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی سلێمانی ده‌نگی هه‌ڵبڕی و بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ولێریش بێده‌نگه‌ و هه‌ڵوێستی نییه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بێت حكومه‌ت دووربێت له‌ رێره‌وی جیاكاری .

ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ لێدوانێكیدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند: "پێویسته‌ لێدوانی ره‌سمی حكومه‌ت ئه‌قڵیه‌تی زۆن تێپه‌ڕێنێت و به‌چاوی سیاسه‌ت و حزبایه‌تییه‌وه‌ ته‌ماشای ناوچه‌كان نه‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و رووداوانه‌ی بۆ هه‌ولێر ئازار به‌خشن به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش ئازار به‌خشن".

حكومڕانییه‌كی ناره‌شید له‌ كوردستانێكی ره‌شیدا

 

تیمی پارتی له‌حكومه‌ت سلێمانییان به‌ ئامانج گرتووه‌و هه‌ر رووداوێك له‌ سلێمانی رووبدات گه‌وره‌ی ده‌كه‌ن و به‌رووداوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆشیان دیزه‌به‌خونه‌ی ده‌كه‌ن.

ئاریان محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:"كۆی جومگه‌كانی حكومڕانی له‌سۆنگه‌ی تیمی پارتییه‌وه‌، ته‌نها به‌ ئامانجگرتنی سلێمانییه‌ و بۆ ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانه‌وێت مێشێك له‌سلێمانی ده‌كه‌نه‌ گامێشێك و ئه‌وه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆشیان دیزه‌به‌خونه‌ ده‌كه‌ن".

ده‌شڵێت: "حكومه‌ت له‌رێی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ر روداوێك له‌سلێمانی رووبدات هه‌ر زوو به‌یاننامه‌ی حازره‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و شتانه‌ی له‌ شوێنی تر و له‌سایه‌ی خۆیان رووده‌ده‌ن بێده‌نگه‌ی لێده‌كات، ئه‌مه‌ش خه‌وشێكه‌ له‌ حكومڕانییه‌كی ناره‌شید له‌ كوردستانێكی ره‌شیدا".

زیاتر له‌ دوو رۆژه‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێر بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌ به‌رامبه‌ر دوو حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی و گێچه‌ڵكردن به‌ ژماره‌یه‌ك كچ و ژن كه‌ له‌شه‌وی ساڵی نوێ له‌و شاره‌ ئه‌نجامدرا، به‌پێی زانیارییه‌كانی PUKMEDIA ، تائێستا هیچ تۆمه‌تبارێكیش له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا حاڵه‌تێكی هاوشێوه‌ به‌رامبه‌ر به‌كچێك له‌هوانه‌ی سلێمانی ئه‌نجامدراو 19 كه‌س له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ده‌ستگیركراون.

PUIKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket