riklam

یه‌كێتی سیاسه‌ت ده‌خاته‌وه‌ خزمه‌ت خه‌ڵك

کوردستان 02:13 PM - 2023-01-02
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵه‌كانی بۆ ناردنی مافه‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ چڕ‌ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی كارنامه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق كه‌ سه‌رۆك بافڵ پێشكه‌شی كردبوو بریتیبووه‌ له‌: تێكه‌ڵ نه‌كردنی بژێوی خه‌ڵك به‌ ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداو پێویسته‌ سیاسه‌ت بخرێته‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك.

له‌چوارچێوه‌ی دیداره‌كانی له‌به‌غدا‌‎، سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی (ی.ن.ك) جه‌خت له‌یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان ده‌كاته‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی نیشتمانی له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم و دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كان و رایده‌گه‌یه‌نێت، "ساڵانێكه‌ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی باجی ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌ده‌ن و كراونه‌ته‌ قوربانیی ململانێكان، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ براو دۆسته‌كانمان له‌ به‌غدا چاره‌سه‌رێكی نیشتمانی و یه‌كجاره‌كی ئه‌م كێشه‌یه‌ بكه‌ین و كۆتایی به‌و دۆخه‌ بهێنین، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ نسبه‌ت یه‌كێتییه‌وه‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌ و هه‌موو هه‌وڵێكی له‌پێناودا ده‌ده‌ین".

یه‌كێتی هه‌وڵه‌كانی چڕ‌ده‌كاته‌وه‌ 

 

له‌تیف نێروه‌یی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ لێدوانێكیدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند: "سیاسه‌تی نه‌گۆڕ‌ی یه‌كێتی بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان وایكردووه‌ كه‌ ئه‌م حزبه‌ به‌به‌راورد به‌ حزبه‌كانی دیكه‌ جیاواز بێت و جێی ئومێدی خه‌ڵك بێت، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ هه‌وڵه‌كانی چڕ‌كردووه‌ته‌وه‌ تا بژێوی ژیانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان تێكه‌ڵی ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌كرێت".


"پێشتر قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 20 جار سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌ هه‌تا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عیراق جێگیر بكات، هه‌وڵه‌كانی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش درێژه‌پێده‌ری سیاسه‌ته‌ نه‌گۆڕ‌ه‌كه‌ی یه‌كێتییه‌ له‌ناو حكومه‌ت و حزب و له‌چوارچێوه‌ی دروشمی ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و خۆشگوزه‌رانی زیاتره‌ بۆ ساڵی نوێ په‌یڕه‌وی ده‌كات " نێروه‌یی واده‌ڵێت.

یه‌كێتی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كردوه‌ته‌ ئامانجی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ وه‌فده‌ باڵاكانی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان به‌رده‌وامیی هه‌یه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌شڵێت: "سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق كارنامه‌ی حزبه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كردووه‌و یه‌كێك له‌خاڵه‌ گرنگه‌كانی كارنامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بژێوی ژیانی خه‌ڵك تێكه‌ڵ به‌ ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌كرێت، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی باڵای حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامیی به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌دات".

هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌عیراق

هه‌ڵوێستێكی نیشتمانیی له‌ عیراق بۆ چارسه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروستبووه‌و سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق پێی وایه‌ ده‌توانرێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

كه‌ریم شكور ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "یه‌كێتی پێیوایه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆیه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی چڕتر كردوه‌ته‌وه‌و توانیویه‌تی لێتێگه‌یشتنێكی نیشتمانیی له‌سه‌ر پرسی هه‌رێم و به‌غدا دروست بكات".

" هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی سیستمێكی فیدڕ‌اڵیدایه‌ و به‌شێكه‌ له‌ عیراق، بۆیه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراقیش باوه‌ڕ‌ی وایه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌دی ده‌كرێت و پێویسته‌ به‌جددی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بده‌ین" كه‌ریم شكور واده‌ڵێت.

كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ری ریشه‌یی ده‌وێت

 

هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عیراقدا كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عیراقیش له‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ڵێت:" كاتی ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ریشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن".

زه‌هره‌ ئه‌لبجاری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ PUKMEDIA ی رایگه‌یاند: كاتی ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن".

ده‌شڵێت:" ناكرێت هه‌موو ساڵێك له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عیراقدا ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری ریشه‌ی بۆ پرسه‌ داراییه‌كانی نێوانیان بدۆزرێته‌وه‌".

له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕ‌ۆژه‌یه‌كی پێشكه‌شكردو له‌ئێستادا هه‌ندێك له‌ بڕ‌گه‌كانی ئه‌و پڕ‌ۆژه‌یه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، سه‌رۆكی یه‌كێتییش هه‌وڵه‌كانی بۆ جێبه‌جێ كردنی بڕه‌كانی دیكه‌ی بڕگه‌كانی دیكه‌ی پرۆژه‌كه‌ چڕكردوه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت پرسی ناردنی مافه‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌، كه‌له‌ئێستادا یه‌كهه‌ڵوێستی نیشتمانیی لێكه‌وه‌ته‌وه‌و هه‌وڵی چارسه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌درێت كه‌ ساڵانێكه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان پێوه‌ی ده‌ناڵێنن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket