riklam

سەرۆك بافڵ ستایشی بڕیارەكەی سودانی دەكات

کوردستان 02:42 PM - 2022-12-29
سەرۆک بافڵ و محەمەد شیاع سودانی

سەرۆک بافڵ و محەمەد شیاع سودانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بڕیارێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ تەملیككردنی زەوی و موڵك و خانووی ئێزدییەكان لە شەنگال پەیامێكی بڵاوكردەوە ستایشتی بڕیارەكە دەكات و دەڵێت، "ئەم ڕێوشوێن و بڕیارانە لە چوارچێوەی داواكاری و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ گێڕانەوەی مافی ئێزدییەكان".

دەقی پەیامەكە:

ستایشی بڕیارەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەكەین سەبارەت بە تەملیككردنی ئەو زەوی، موڵك و خانووانەی كە خوشك و برا ئێزدییەكان لە شەنگال لە ساڵی 1975 ەوە تێیدا نیشتەجێن و لەلایەن حكومەتی بەعسی رووخاوەوە لێی بێبەشكرابوون.

ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم بڕیارە بە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشك و برا ئێزدییەكان دادەنێین پاش بێبەشكردن و پەراوێزخستنیان بۆماوەی چەندین ساڵ. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیران دەكەین بۆ ئەم بڕیارە بوێرانەیە.

روونیشیدەكەینەوە كە ئەم ڕێوشوێن و بڕیارانە لە چوارچێوەی داواكاری و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ گێڕانەوەی مافی ئێزدییەكان لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا كە بە سوپاسەوە حكومەت وەڵامی دایەوە.

ئەم هەنگاوە بە شێوەیەكی كارا یارمەتیدەر دەبێت لە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشك و برا ئێزدییەكانمان و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی كە چەندین ساڵە لە سەریانە. هەنگاوێكیشە بە ئاڕاستەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، سەقامگیری ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و ئەو سنوورانەی دیكە كە نەهامەتی زۆریان چەشت بەهۆی داگیركردنیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و كۆتاییهێنان بەو ئازار و نەهامەتییانەی دووچاری كەسوكارەكانمان بووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٢٩ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢

PUKMEDIA




ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket