riklam

هه‌ولێر و دهۆكیش داوای شه‌فافیه‌تی داهات ده‌كه‌ن

کوردستان 01:01 PM - 2022-12-27
 هه‌ولێر و دهۆكیش داوای شه‌فافیه‌تی داهات ده‌كه‌ن

هه‌ولێر و دهۆكیش داوای شه‌فافیه‌تی داهات ده‌كه‌ن

هه‌ولێر و دهۆكیش داوا ده‌كه‌ن شه‌فافیه‌ت له‌ داهات دا هه‌بێت و وه‌ك سلێمانی "شه‌فافیه‌ت" هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی له‌ رێیی چه‌ندین خاڵی سنوورییه‌وه‌ داهاتێكی زۆر كۆده‌كرێته‌وه‌ و كه‌س نازانێت چه‌نده‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی داهاتی ناوخۆییش هه‌یه‌ و نادیاره‌.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم بۆیه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی 30ساڵه‌ی حوكمڕانیدا له‌ هه‌رێم له‌ رێی پرۆژه‌ی شه‌فافیه‌ته‌وه‌ داهاتی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی راپه‌رین و گه‌رمیان به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێت، به‌ڵام داهاتی هه‌ولێر و دهۆك و ئیداره‌كانی ئه‌و سنووره‌" نادیاره‌" و ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆكیش ده‌ڵێت:" حكومه‌تی هه‌رێم خۆی له‌ شه‌فافیه‌ت ده‌دزێته‌وه‌.

هه‌ولێر له‌شه‌فافییه‌ت بێ به‌ش نه‌كرێت

 

شه‌فافییه‌ت پێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم جێگیر ده‌كات و متمانه‌ بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌‌ڕێنێته‌وه‌.

رێباز بیركۆتی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: " قوباد تاڵه‌بانی له‌راگه‌یاندنی پرۆژه‌ی شه‌فافییه‌تدا خزمه‌تێكی باشی به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌سلێمانی كرد و له‌ هه‌موو جیهاندا پرسی شه‌فافیه‌ت پرسێكی گشتییه‌ ".

"پێویسته‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر پشتگیری پرۆژه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی بكه‌ن، چونكه‌ مافی خۆیانه‌ وه‌ك خه‌ڵكی سلێمانی بزانن داهات و خه‌رجی پارێزگاكه‌یان چه‌نده‌و چۆن خه‌رج ده‌كرێت". سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر وایوت.

شاراوه‌یی داهات و خه‌رجی حكومه‌ت وایكردووه‌ كه‌ متمانه‌ لاوازبێت، به‌تایبه‌تی له‌لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شداربووی حكومه‌تی هه‌رێم و هاوڵاتیانیش به‌گشتی، بۆیه‌ شه‌فافیه‌ت ئه‌و متمانه‌ له‌ ده‌ستدراوه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

رێباز بیركۆتی ده‌ڵێت:"پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم به‌ گرنگی و له‌روانگه‌ی دڵسۆزییه‌وه‌ له‌پرۆژه‌ی شه‌فافییه‌ت بڕوانن، چونكه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ له‌خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت" .

" شه‌فافییه‌ت جۆرێكه‌ له‌خواستی گشتی، هاووڵاتیان ده‌یانه‌وێت داهات و خه‌رجی بزانن، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌ك مافێكی تاك خه‌ڵكی لێ بێبه‌ش نه‌كرێت و "نه‌ك ته‌نها بۆ سلێمانی، ئه‌م پرسه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌ و پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر بكات و گه‌شه‌ به‌شه‌فافییه‌ت بدات" سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر واده‌ڵێت.

حكومه‌ت خۆی له‌شه‌فافییه‌تی دهۆك ده‌دزێته‌وه‌

 

پارێزگای دهۆك له‌رووی جوگرافییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوو وڵاتی گه‌وره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاوسنووره‌و داهاتێكی زۆر بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی شه‌فافییه‌ت به‌تایبه‌ت بۆ دهۆك به‌گرنگ ده‌زانرێت، به‌ڵام حكومه‌ت خۆی لێده‌دزێته‌وه‌.

عیماد شوكر گۆران سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتی PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "شه‌فافییه‌ت پرۆژه‌یه‌كی گرنگ و پیرۆزه‌و به‌تایبه‌ت پێویسته‌ له‌پارێزگای دهۆك جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ دهۆك داهاتێكی زۆر بۆ حكومه‌ت ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، له‌كاتێكدا حكومه‌ت خۆی له‌شه‌فافییه‌ت ده‌دزێته‌وه‌".

" نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت له‌دهۆك وایكردوه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ هیچ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت به‌رپرسی خاڵه‌ سنوورییه‌كه‌ش ئاگاداری داهاتی خاڵی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل نه‌بێت و خه‌ڵكی دهۆكیش مافی خۆیانه‌ وه‌ك سلێمانی ئاگاداری داهات و خه‌رجی پارێزگاكه‌یان بن، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ چه‌ندین خاڵی سنووری گه‌وره‌ی ره‌سمی و ناڕه‌سمی له‌نێوان ئه‌م پارێزگایه‌و دوو وڵاتی گه‌وره‌ی وه‌ك توركیا و سوریادا هه‌یه‌"." عیماد گۆران وای وت.

شه‌فافییه‌ت داهات زیاد ده‌كات

 

پرۆژه‌ی شه‌فاییه‌ت به‌هۆكارێكی گرنگ ده‌زانرێت بۆ زیادكردنی داهات و هانی خه‌ڵك ده‌دات له‌كاتی خۆیدا پابه‌ندی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بن كه‌ وه‌ك كرێی ئاو و كاره‌با و هیتر... لێیان وه‌رده‌گیرێت.

هۆشیار ئیسماعیل مسته‌فا پیرۆت  ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" خه‌ڵكی هه‌ولێر و دهۆكیش مافی خۆیانه‌ وه‌ك خه‌ڵكی سلێمانی بزانن داهاتی پارێزگاكه‌یان چه‌نده‌ و شه‌فافه‌،پرۆژه‌ی شه‌فافیه‌ت هۆكارێكی دیكه‌یه‌ بۆ زیاد كردنی داهات، چونكه‌ كاتێك خه‌ڵك بزانێت ئه‌و رسومان و باج و كرێیه‌ی ده‌یدات به‌حكومه‌ت شوێنی خۆی ده‌گرێت و بۆ پرۆژه‌ خه‌رج ده‌كرێت، بێگومان پابه‌ند ده‌بێت له‌كاتی خۆیدا پاره‌ بدات" هۆشیار ئیسماعیل مسته‌فا وای وت.

" پێشتر نه‌مانده‌زانی به‌دیاریكراوی داهاتی سلێمانی چه‌نده‌، به‌ڵام ئێستا نه‌ك ئێمه‌ و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ڵكو هه‌موو كه‌سێك له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌زانێت داهاتی سلێمانی چه‌نده‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌داهاتوودا خه‌رجییه‌كانیش ئاشكرا ده‌كرێت، به‌مه‌ش هاووڵاتیان داهات و خه‌رجی پارێزگای سلێمانییان له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت". ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وایوت.

رۆژی 15-12-2022 دوای 30 ساڵ ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی قوباد تاڵه‌بانی بوو به‌خاوه‌نی پرۆژه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ داهات و خه‌رجی.

ئێستا رۆژانه‌ ده‌توانیت سه‌رجه‌م داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕ‌ین له‌سایتی شه‌فافییه‌ته‌وه‌ بزانیت.

به‌پێی نوێترین ئاماری سایتی شه‌فافییه‌ت   www.shafafiat.com، دوێنی دووشه‌ممه‌ 26-12-2022، داهاتی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕ‌ین 821 ملیۆن و 634 هه‌زار دیناربووه‌.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket