riklam

سەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی فەڕەنسا پەلاماردانی كورد ئیدانە دەكەن

کوردستان 11:11 AM - 2022-12-24
وێنە... ئاژانسی رۆیتەرز

وێنە... ئاژانسی رۆیتەرز

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی پەلاماردانی رەوەندی كوردی لە پاریس بڵاوکردەوە و دەڵێت: "رووداوەكەی پاریس و هێرشكردنە سەر رەوەندی كوردی نیگەرانیكردین، دڵمان لەگەڵ كەسوكاری قوربانییەكانە و هاوخەمیانین".

 

سەرۆكی یەكێتیی دەڵێت: "بەدەنگەوەهاتنی سەرۆكی فەڕەنسا و دامەزراوە فەرمییەكان جێگەی رێزە و هیوادارم بەزووترین كات دادپەروەری جێبەجێبكرێت".

هەینی 23-12-2022، ناوەندی رۆشنبیری ئەحمەد كایە لە بازنەی (10)ـی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، لەلایەن تۆمەتبارێكی فەڕەنسی بەناوی ولیەم، تەمەن 69 ساڵەوە پەلاماردرا و سەرۆكی ناوەندەكە و دوو كەسی دیكە كە كوردن كوژران.

دوای رووداوەكە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا ئیدانەی پەلامارەكەی كرد و رایگەیاند: "كوردەكانی فەڕەنسا لە ناو دڵی پاریس دا كرانە ئامانجی پەلامارێكی نەخوازراو"، وتیشی: "هۆش و بیرمان لەلای ئەوانەیە كە بوونە قوربانی، بۆ ئەوانەی ململانێ بۆ ژیان ئەكەن و بیرمان لەلای خانەوادە و كەسوكاری قوربانییەكانە. پێزانینمان بۆ هێزەئەمنییەكان هەیە كە بە بوێری و هێمنانە كاریان كرد".

 

تۆمەتبارەكە ماوەی 11 رۆژە لە زیندان ئازادكراوە، چونكە ساڵی پار بە شمشێر هێرشی كردە سەر كەمپێكی پەناهەندە لە پاریس و چەند كەسێكی برینداركرد و لەسەر ئەو كارەی دەستگیركرابوو.

تۆمەتبارەكە دوای پەلاماردانی ناوەندەكە و كوشتنی سێ كەس رایكرد، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكەوە دەستگیركرا کە كوردن و سەرتاشخانەیان هەیە و چەكیان كرد و تەسلیم بە پۆلیسی فەڕەنسایان كرد.

PUKMEDIA / حەمە عوسمان - پاریس 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket