riklam

"شه‌فافییه‌ت" گه‌نده‌ڵی راده‌ماڵێت

کوردستان 09:27 AM - 2022-12-20
 "شه‌فافییه‌ت" گه‌نده‌ڵی راده‌ماڵێت

"شه‌فافییه‌ت" گه‌نده‌ڵی راده‌ماڵێت

داوا ده‌كرێت له‌ هه‌ولێرو دهۆكیش پرۆژه‌ی شه‌فافییه‌ت جێبه‌جێ بكرێت و خه‌ڵك له‌وێش مافی خۆیانه‌ ئاگاداری داهاتی پارێزگاكه‌یان بن، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌هه‌ولێرو دهۆك جێبه‌جێ نه‌كرێت، گومانی گه‌نده‌ڵی و دیارنه‌مان و به‌هه‌ده‌ردانی داهات و ناشه‌فافیه‌ت له‌و دوو پارێزگایه‌ تۆختر ده‌كاته‌وه‌".

شه‌فافییه‌ت چاودێره‌

 

شه‌فافییه‌ت گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌ حكومڕانی ئه‌نجامده‌دات و گه‌نده‌ڵی راده‌ماڵێت، واده‌كات هاووڵاتیان و په‌رله‌مانتاران بتوانن چاودێری داهاته‌كان بن. 

سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "شه‌فافییه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی زۆر باش و گرنگه‌ بۆ هاووڵاتیان و په‌رله‌مانتاران كه‌ بتوانن به‌باشی چاودێری هه‌موو ئه‌و داهاته‌ نانه‌وتییانه‌ی پارێزگای سلێمانی بن ".

 

" ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌و داهات و خه‌رجی به‌ دامه‌زراوه‌یی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ به‌رووی راماڵی گه‌نده‌ڵی ده‌كاته‌وه‌ و پێویسته‌ پرۆژه‌كه‌ سه‌رتاسه‌ریی بێت"  سه‌ركۆ ئازاد واده‌ڵێت.

خه‌ڵكی هه‌ولێر و دهۆكیش مافی خۆیانه‌ بیزانن

 

پرۆژه‌ی شه‌فافیه‌ت له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمه‌وه‌ راگه‌ندراو پێشوازیی گه‌رمی لێكراو وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م داهاتی نانه‌وتی سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ له‌ وێبسایتی شه‌فافیه‌ته‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

 

ئه‌ندامەکەی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "هیوادارین ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و دهۆكیش، ئه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ له‌ نێوان هاووڵاتی و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا".

"ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌هه‌ولێر و دهۆكیش ئه‌نجامنه‌درێت، گومانه‌كان له‌سه‌ر داهات و خه‌رجی ئه‌و دوو پارێزگایه‌ تۆختر ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر و دهۆكیش مافی خۆیانه‌ وه‌كو سلێمانی ئاگاداری داهات و خه‌رجی بن".ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان واده‌ڵێت.

شه‌فافییه‌ت به‌رگێكی نوێ به‌به‌ر رۆژنامه‌نوسیدا ده‌كات 

شه‌فافییه‌ت واده‌كات كه‌ رۆژنامه‌نوسان ئاگاداری داهاته‌كان بن و زانیاری پێویست به‌ئاسانی به‌ده‌ستبهێنن، چونكه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ شه‌فافییه‌ت ئاشكرایان ده‌كات سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ستن به‌ ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌و مافی خۆیانه‌ بیزانن.

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كه‌ ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "له‌رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان درێژه‌ پێده‌ری ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی رژێم بوو كه‌ زانیاری كه‌م ده‌ستده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا جیاوازه‌و به‌رگێكی نوێی به‌به‌ر پیشه‌ی رۆژنامه‌نوسیدا كراوه‌و زۆر به‌ئاسانی رۆژنامه‌نوس ده‌توانێت زانیاری ته‌واو له‌بواری دارایی له‌سلێمانی ده‌ستبكه‌وێت".

"پێدانی زانیاریی، شه‌فافییه‌ت به‌هێز ده‌كات و پره‌نسیپی لێپرسینه‌وه‌ فراوانتر ده‌كات له‌ حكومه‌ت و داموده‌زگاكاندا، بۆیه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی قوباد تاڵه‌بانی هه‌نگاوێكه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی شه‌فافییه‌تی زیاتر و پێدانی زانیاری زیاتر به‌ هاووڵاتی و رۆژنامه‌نوسان"، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان واده‌ڵێت. 

شه‌فافییه‌ت تۆمه‌ته‌ دروستكراوه‌كان بێ بایه‌خ ده‌كات

 

شه‌فافییه‌ت له‌سلێمانی واده‌كات ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ هه‌ڵده‌به‌ستران، ئیتر بایه‌خیان نه‌مێنێت و راستییه‌كان بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا ببێت.

د.بڕیار ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌  PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "شه‌فافییه‌ت كۆڵه‌كه‌ی دروستبوونی متمانه‌یه‌ له‌ نێوان هاوڵاتی و حكومه‌ت".

"به‌م پرۆژه‌یه‌ی باڵی شه‌فافیه‌ت له‌حكومه‌تی هه‌رێم وا ده‌كات چیتر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆ یه‌كێتی دروستده‌كران هیچ بایه‌خێكیان نه‌مێنێت هاووڵاتیان روونتر بزانن كه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ هه‌رێم و عیراق له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ و خزمه‌تگوزاری و داواكاری هاووڵاتیان"، د. بڕیار واده‌ڵێت.

شه‌فافییه‌ت گۆڕانكاری گه‌وره‌ دروستده‌كات

 

ئابووریناسان ده‌ستخۆشی له‌هه‌وڵه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن بۆ راگه‌یاندنی پرۆژه‌ی شه‌فافیه‌ت و پێیان وایه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ شه‌فافیه‌ت ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌.

كامه‌ران شێخ عوسمان ئابوریناس و راوێژكاری ئابوری له‌ ژوری بازرگانی سلێمانی به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "قوباد تاڵه‌بانی كارێكی زۆر گه‌وره‌ و گرنگی ئه‌نجامداوه‌ به‌ راگه‌یاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، وه‌ك ئابووری ناسان پێمان باشبووه‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ هه‌بێت".

"به‌ راگه‌یاندنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بێگومان گۆڕانكاری گه‌وره‌ی شه‌فافیه‌ت له‌سنووری پارێزگای رووده‌دات و هیوادارین له‌پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ئه‌و پرۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت". راوێژكاری ئابوری له‌ ژووری بازرگانی سلێمانی وایوت

رۆژی 15-12-2022 دوای 30 ساڵ ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی قوباد تاڵه‌بانی بوو به‌خاوه‌نی پرۆژه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ داهات و خه‌رجی.

ئێستا رۆژانه‌ ده‌توانیت سه‌رجه‌م داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕین له‌سایتی شه‌فافییه‌ته‌وه‌ بزانیت.

به‌پێی نوێترین ئاماری سایتی شه‌فافییه‌ت   www.shafafiat.com، دوێنی یه‌كشه‌ممه‌ 19-12-2022، داهاتی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین 6 ملیار و 273 ملیۆن و 3 هه‌زار دیناربووه‌، بڕیاریشه‌ هه‌موو رۆژێك داهاتی ئه‌و شوێنانه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket