riklam

حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی نیازپاكی به‌رامبه‌ر هه‌رێم نیشانده‌دات

کوردستان 11:19 AM - 2022-12-14
 حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی نیازپاكی به‌رامبه‌ر هه‌رێم نیشانده‌دات

حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی نیازپاكی به‌رامبه‌ر هه‌رێم نیشانده‌دات

هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك حكومه‌تی عیراق بۆ هه‌رێمی كوردستانی ده‌نێرێت، پێویسته‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران خه‌رج بكرێت و وه‌ك 400 ملیار دیناره‌كه‌ی پێشوو به‌ بیانوی قه‌رزدانه‌وه‌وه‌ سه‌رنگوم نه‌كرێت.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕیاریدا 400 ملیار دینار بۆ مانگه‌كانی 11 و 12 ی ئه‌مساڵ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، بڕ‌یاره‌كه‌ پاڵپشته‌ به‌ كارنامه‌ی وه‌زاری كه‌ ده‌ره‌ئه‌نجامی رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ی نێوان هێز و لایه‌نه‌كانی نێو هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته‌.

پاره‌كه‌ بۆ مووچه‌ هاتووه‌

پێویسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت، بخرێته‌ خزمه‌ت خه‌ڵك، چونكه‌ له‌ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم به‌ زیاده‌وه‌ له‌و داهاته‌ی مانگانه‌ ده‌ستیده‌كه‌وێت، به‌شی دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا ده‌كات.

د.بڕیار ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" حكومه‌تی هه‌رێمی له‌ئێستادا به‌ زیاده‌وه‌ مانگانه‌ توانای دابه‌شكردنی مووچه‌ی له‌كاتی خۆیدا هه‌یه‌و ئه‌و 400 ملیار دیناره‌ی بۆ هه‌رێم هاتووه‌، پێویسته‌ بخرێته‌ خزمه‌ت خه‌ڵك".

" حكومه‌تی عیراق ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناردوه‌، به‌ڵام حكومه‌ت خۆی توانای دابه‌شكردنی مووچه‌ی هه‌یه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری پارێزگاكان بێ جیاوازی خه‌رج بكات، نه‌ك وه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی ئێستا له‌هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت " بڕیار ره‌شید وای وت.

ئه‌م 400 ملیاره‌ش سه‌رنگوم نه‌كرێت

داوا ده‌كرێت ئه‌م 400 ملیار دیناره‌ش به‌ ده‌ردی 400 ملیاره‌كه‌ی پێشوو كه‌له‌ 19-5-2020 حكومه‌تی عیراق بۆ هه‌رێمی ناردبوو به‌ناوی قه‌رزدانه‌وه‌و سه‌رنگوم نه‌كرێت.

عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان  رایگه‌یاندوه‌:"بڕیاری حكومه‌تی عیراق به‌ ناردنی 400 ملیار دینار، تایبه‌ته‌ ته‌نها به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگه‌كانی 11 و 12 ی ئه‌مساڵه‌".

"ئه‌گه‌رچی هه‌مووان ده‌زانین كه‌ پاره‌یه‌كی زۆر و داهاتی پێویست هه‌یه‌ كه‌ به‌بێ به‌غدا و له‌كاتی خۆیدا مووچه‌ دابه‌شبكرێت، به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ر حه‌زی به‌ عه‌زێتدانی خه‌ڵك و ماندوكردنیانه‌ و خوی به‌ دزی و تاڵانكردنی داهاتی گشتی و گیرفانبڕینی خه‌ڵكه‌وه‌ گرتووه‌ "، عه‌بدولستار مه‌جید وای وت.

ده‌شڵێت:" پێویسته‌ ئه‌و 400 ملیار دیناره‌ی كه‌ له‌به‌غداوه‌ هاتووه‌، به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران وه‌ك مووچه‌ی مانگی 12 دابه‌شبكرێت، چونكه‌ بۆ ئه‌وان هاتووه‌و مافی خۆیانه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت:" نابێت رێگه‌ بدرێت ئه‌م 400 ملیاره‌ش وه‌ك 400 میلیاره‌كه‌ی پێشوو كه‌له‌ سه‌رده‌می مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وسای عیراق بۆ هه‌رێم نێدرا سه‌رنگوم بكرێت، چونكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ فێره‌ هه‌ر به‌غدا پاره‌ بنێرێت، ده‌ڵێن قه‌رزمان كردووه‌و ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ به‌ قه‌رز ".

به‌پاره‌كه‌ی به‌غدا مووچه‌ی مانگی 12 دابه‌شبكرێت

له‌ بودجه‌ی ساڵی 2021 ی عیراقدا هاتووه‌، هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك حكومه‌تی عیراق بۆ هه‌رێمی بنێرێت، پێویسته‌ بۆ مووچه‌ خه‌رج بكرێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم نیازی پاك بێت ده‌بێت ئه‌و 400 ملیاره‌ بۆ مووچه‌ی مانگی 12 ، هه‌ر له‌م مانگه‌دا خه‌رج بكات.

شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" ئه‌و پاره‌یه‌ی حكومه‌تی عیراق بۆ هه‌رێمی ناردوه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك نیاز پاكییه‌ك راسته‌وخۆ دابه‌شی بكات به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا".

 ده‌شڵێت:" حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌ی مانگی 12ی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌ران قه‌رزداره‌، پێویسته‌ وه‌ك مووچه‌ی مانگی 12 هه‌ر له‌م مانگه‌دا دابه‌شیبكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌بودجه‌ی ساڵی 2021 ی عیراقدا هاتووه‌، هه‌ر پاره‌یه‌ك حكومه‌تی عیراق بۆ هه‌رێمی بنێرێت، پێویسته‌ بۆ مووچه‌ خه‌رجی بكات".

له‌باره‌ی ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم، تیمی وه‌زاری یه‌كێتی له‌حكومه‌ت له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: "دیاری كردنی بڕی 400 ملیاره‌كه‌ش بۆ مانگی 11 و 12ی 2022، له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای بودجه‌ی 2021 بووه‌ كه‌ ئه‌وكات وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق رێككه‌وتن و له‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌و ساڵه‌ جێگیر كراو ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ دیاری كرا له‌ رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و دواتر حكومه‌تی عیراقی خستییه‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ وه‌ك هه‌موو بڕگه‌كانی تری رێككه‌وتنه‌كه‌.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر له‌ پێكهاته‌ی هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت دایه‌و پێشتریش سه‌رۆك بافڵ سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ ئاشكرا رایگه‌یاند كه‌ :"سازش له‌سه‌ر مافی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێم ناكه‌ین" و له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، كارنامه‌ی سیاسیی یه‌كێتی بۆ به‌شداری و پشتیوانی پێراگه‌یاند، كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ماف و هه‌قبه‌شی هه‌رێم.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket