riklam

وه‌به‌رهێنه‌رانی كورد روو له‌ عیراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن

کوردستان 05:45 PM - 2022-12-12

به‌شێكی زۆر له‌ وه‌به‌رهێن و سه‌رمایه‌دارانی كورد به‌ داهاته‌كانیانه‌وه‌ روو له‌ به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی عیراق ده‌كه‌ن و په‌رله‌مانتارێكی كوردستانیش له‌ پشكی گۆڕان ده‌ڵێت:" به‌هۆی نائارامی سیاسیی و زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی حزب به‌سه‌ر یاسادا، بازرگانه‌كانی هه‌ولێر ئه‌و شاره‌ جێده‌هێڵن و به‌ره‌و به‌غدا بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌ڕۆن" به‌وته‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌"چه‌ندین به‌ڵگه‌ی له‌لایه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی په‌رله‌مان ئه‌و مه‌ترسیه‌ ئاشكرا ده‌كات".

 

سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كه‌ی هه‌رێم سه‌رمایه‌داران راوده‌نێت

سیاسه‌تی چه‌وتی حوكمڕانی له‌ هه‌رێم به‌تایبه‌ت له‌ مامه‌ڵه‌ی دارایی و ئابووری و قه‌یرانی دارایی و رۆتینات، وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌تۆرێنێت و روو له‌ جێگه‌ی دیكه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌رەو شاره‌كانی عیراق دیكه‌ی عیراق ده‌ڕۆن.

یاسین خزر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی گۆڕان تایبه‌ت به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA راگه‌یاند:" به‌هۆی نائارامی سیاسیی و زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی حزب به‌سه‌ر یاسادا، بازرگانه‌كانی هه‌ولێر ئه‌و شاره‌ جێده‌هێڵن و به‌ره‌و به‌غدا بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌ڕۆن، كه‌ چه‌ندین نموونه‌ی وام لایه‌".

"سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌هه‌ولێر پاره‌یان پێ نادرێت و سوكایه‌تییان پێ ده‌كرێت دوور نیه‌ سه‌رانه‌شیان لێ وه‌ربگیرێت، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیاره‌ كه‌ سه‌دان سه‌رمایه‌دار هه‌ولێر چۆڵبكه‌ن و بچنه‌ به‌غدا، چونكه‌ پێیان وایه‌ له‌وێ زیاتر پارێزراو ده‌بن و مافه‌كانیان ده‌پارێزرێت". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان له‌فراكسیۆنی گۆڕان وایوت.

به‌شێكی وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌رێمی كوردستانیان به‌جێهێشتووه‌

وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری پێویستی به‌ دڵنیایی و ئارامی هه‌یه‌ و ئاسانكاریی ته‌واویان  بۆ بكرێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی سه‌رمایه‌گوزرار و وه‌به‌رهێنانی نه‌دا و كردی به‌چه‌كی بانكی و زیانی گه‌وره‌ به‌رسه‌رمایه‌داره‌كان كه‌وت.

مه‌لا یاسین مه‌حمود سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنانی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: " ئێستا به‌شێكی وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌رێمی كوردستانیان جێهێشتووه‌، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌ت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران به‌مشێوه‌یه‌ بێت دوو به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌ره‌و به‌غداو وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕۆن".

 

"سوكایه‌تی و سه‌رانه‌وه‌رگرتن له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هه‌ولێر قبوڵ ناكه‌ین و داواكارین ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌رێزه‌ هاوئاهه‌نگیمان له‌گه‌ڵدا بكات تاوه‌كو پێكه‌وه‌ دژی ئه‌و كاره‌ بوه‌ستینه‌وه‌". سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنانی كوردستان وایوت.

خه‌ڵك له‌ ژیانی خۆی دڵنیا نییه‌

پێشتر ده‌وترا گوایه‌: "وه‌به‌رهێن و سه‌رمایه‌گوزاره‌كانی سلێمانی ده‌چنه‌ هه‌ولێر بۆ دڵنیایی" به‌ڵام ئێستا" ئه‌وانه‌ی هه‌ولێریش هه‌ڵدێن".

یاسین خزر په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان راشكاوانه‌ به‌ PUKMEDIA ده‌ڵێت:" خه‌ڵك له‌ ژیانی خۆی دڵنیا نییه‌، كاتێك یاسا سه‌روه‌ر نابێت و چوارده‌وری ماڵی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌هه‌ولێر ده‌گیرێت، ئیتر بازرگان و خه‌ڵكی هه‌ژارو بێ ده‌سه‌ڵات بڕوای چی به‌ ئارامی له‌هه‌ولێر هه‌بێت وه‌به‌رهێنان بكات، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردوه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك خاوه‌نی هیچ شتێك نه‌بێت له‌ هه‌ولێر".

"چه‌ندین به‌ڵگه‌ و ناوی ده‌وڵه‌مه‌ندم لایه‌ كه‌ هه‌ڵهاتوون بۆ به‌غدا و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌ پاره‌یه‌كی زۆر پاسپۆرتی دۆمۆنیكایان كڕیوه‌، یان موڵكه‌كانیان فرۆشتووه‌و ده‌ڕۆن كۆچ ده‌كه‌ن، سه‌رمایه‌داره‌كان له‌ هه‌ولێر له‌ژیانی خۆیان دڵنیا نین و ده‌ڕۆن، ئه‌م دۆخه‌ چاكسازی راسته‌قینه‌ی ده‌وێت، نه‌ك ته‌نها دروشم و وته‌ی بێ كردار"، یاسین خزری په‌رله‌مانتاری كوردستان وایوت.

رۆتین و نادادی و نائارامیی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران دروستده‌كرێت 

 

چه‌ندین وه‌به‌رهێن پاره‌ی له‌بانك داناوه‌، كاتێك ده‌چێت وه‌ریبگرێته‌وه‌ ده‌بینێت حكومه‌تی هه‌رێم خه‌رجی كردوه‌، ئه‌مه‌ش چه‌وتی حكومڕانی و نه‌زانی ئیداره‌دان له‌هه‌رێمی كوردستان نیشانده‌دات و وایكردوه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران متمانه‌یان به‌م حكومه‌ته‌ نه‌مێنێت.

مه‌لا یاسین مه‌حمود ده‌ڵێت:" ژماره‌یه‌كی زۆر وه‌به‌رهێن هه‌رێمی كوردستانیان به‌جێده‌هێشتووه‌ و به‌ره‌و شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ رۆیشتوون، ته‌نانه‌ت وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێم چوونه‌ته‌ وڵاتانی دیكه‌ش".

" جگه‌ له‌و هه‌موو رۆتین و نادادی و نائارامییه‌ی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران دروستده‌كرێت، سیاسه‌تێكی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیش له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ رێگره‌ له‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان زیاتر پێشبكه‌وێت، بۆیه‌ وه‌به‌رهێنه‌كانمان هه‌رێمی كوردستان جێده‌هێڵن و ده‌چنه‌ به‌غداو وڵاتانی دیكه‌ داوای مۆڵه‌تی كاركردن ده‌كه‌ن"، سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنانی كوردستان وایوت.
 

هه‌لی كار و سه‌رمایه‌گوزاریی له‌ هه‌رێم له‌ ده‌ستده‌درێت

 

پسپۆڕێكی ئابووریش ئه‌م دۆخه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی پایته‌ختی هه‌رێم و پارێزگاكانی دیكه‌ و رۆیشتنیان بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ به‌مه‌ترسی ده‌زانێت.

د. خالید حه‌یده‌ر مامۆستای زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی بواری ئابووری به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" وه‌به‌رهێن مافی خۆیه‌تی مه‌ودای كاركردنی فراوانتر بكات، به‌ڵام كاتێك وه‌به‌رهێنێك كۆتایی به‌كاره‌كانی له‌هه‌رێم ده‌هێنێت و ده‌چێته‌ به‌غدا یان وڵاتێكی دیكه‌ داوای مۆڵه‌تی كاركردن ده‌كات ئه‌مه‌ خراپه‌".

 " كۆچكردنی وه‌به‌رهێنان بۆ به‌غدا كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌لی كارو داهاتی وڵات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی له‌ رابردوودا بینیومانه‌ كه‌ داڕمانی ئابووری وڵات و كۆچی گه‌نجانی لێكه‌وتووته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی حكومه‌ته‌ كه‌ بارودۆخێك بگونجێنێت هه‌تا وه‌به‌رهێنه‌كانمان هه‌ست بكه‌ن خواست هه‌یه‌و پاره‌كه‌یان بخه‌نه‌ پرۆژه‌كانه‌وه‌ "، د. خالید حه‌یده‌ر وای وت.

به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ران گیراوه‌ته‌به‌ر، رۆژ دوای رۆژ وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌رێم جێده‌هێڵن و بۆ مۆڵه‌تی كاركردن روو له‌به‌غدا ده‌كه‌ن، به‌پێی ئامارێك كه‌ ده‌ست PUKMEDIA كه‌وتووه‌، 60% ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خواری عیراق ده‌كه‌ن، وه‌به‌رهێنه‌ری هه‌رێمی كوردستانن و له‌وێ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket