riklam

گەندەڵی ئیداری و دەرئەنجامە ئابورییەکانی

بیروڕا 10:07 AM - 2022-12-10
د.نەرمین معروف

د.نەرمین معروف

نووسینی... د.نەرمین معروف غەفور

وەك ئاشکرایە گەندەڵی ئیداری یەکێکە لەو دیاردە جیهانیانەی کە لە زۆر کۆنەوە لەدام و دەزگاکانی حوکمەتانی دنیادا ،چ پێشکەوتوو یان دواکەوتوو بەڕێـژەی جیاواز بەدی دەکرێـت، بەڵام بێگومان شێوازو هۆکارو دەرەنجامەکانی لەکۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازی هەیە بەپێ قەوارەی کەرتی گشتی و سنوری دەستێوەردانی حوکمەت لە ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەوڵەتدا کە لە دەوڵتێک بۆ دەوڵتێکی ترو لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی ترجیاوازی هەیە ...بۆیە قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە زیاتر لەسەر بنەمای سنوردارکردن و کەمکردنەوەیەتی نەک بە تەواوی بنەبڕکردن و ڕیشەکێشکردنی، چونکە بۆ هەموو قۆناغێک لەسیستمی ئیداری و ئابوری سیاسی جۆرێک لە گەندەڵی ئیداری هەیە دەیکاتە تەوئەمێکی سروشتی و ناحەز و ناشرینی ئەو سیستەمە.بەڵام کارەسات کاتێک رودەدات کە لەدیاردەیەکی نەخوازراوەوە دەبێتە یەکێک لە راستەیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و دەبێتە بنەمای رێبازی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی دەوڵەت.

یەکەم- شێوازەکانی گەندەڵی ئیداری
ئەگەر چی ئەم دیاردەیە کۆنە و شێوازی جۆراو جۆری باوی هەیە، بەڵام وەک دیاردەیەکی بەردەوام هەمیسە لە نوێبونەوەدایە. واتە لە گەڵ گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و گۆڕانی فەلسەفە و سیستەمە سیاسی و ئیداری و ئابوریەکان لە جیهاندا ئەم دیاردەیەش شێوازی پیادەکردنی گەشەی کردووە. لە پاڵ شێوازەکانی بەرتیل و ئیختلاس ساختەکردن واسیتەدا، بازرگانی قاچاغ و قۆرخکردنی پۆستی ئیداری و بە کارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری وسپیکردنەوەی ماڵی پیس و ئاودیوکردنی سەرمایە و سامانی نەتەوەیی....هتد بونەتە شێوازی ئەم دیاردەیە.

دووەم -هۆکارەکانی گەندەڵی ئیداری
1. کۆنی و کەموکورتی یاساو ڕێنمایەکانی تایبەت بەشێوازی بەڕێوەبردن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، بوونی (ثغرات قانونیه)کەڕێگا خۆشدەکات بۆ ئەنجامدانی شێوازە جیاجیاکانی گەندەڵی...
2. نەبونی یان لاوازی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لە لایەن دەسەڵاتە جیا جیاکانی وەک پەرلەمان و دەسەڵاتی یاساو چاودیری دارایی...بۆ سەرجەم دامودەزگا حکومیەکان و جێبە جێنەکردنی سزا یاسایەکان بەرامبەر بەو کەس و لایەنانەی کە کەمتەرخەم و تاوانبار دەکرێن بە تۆمەتی گەندەڵی ئیداری و پەردە پۆشکردنی تاوانە ئیداری و دارایەکانی ناو دەزگا حکومیەکان کە ڕێگا خۆش دەکات بۆ بەردەوامبوون و دووبارەبونەوەی دیاردەکە...
3. بەناوارۆچونی (تغلغل) دەستێوەردانی دەسەڵاتی سیاسی و حزبی لەکاروباری بەڕێوەبردنی فەرمانگە حکومیەکان و کارکردن بەپێوەری وەلائی حزبی و دڵسۆزی بۆ حزب لە مەسەلەی دامەزراندنی فەرمانبەران و پاداشتکردنی کارمەندان و پلە بەرزکردنەوە و ڕەنگە سزادانیش و..هتد، وە زۆربەی جار ئەم دەستتێەوەردانەش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی حوکمی یاسا و سزا یاسایەکان بەسەر ئەو فەرمانبەر و کارمەندانەی کە بە گەندەڵی ئیداری تۆمەتباردەکرێن . وەک بڵی ئەندامێتی لە حزبی دەسەڵاتدار پارێزبەندی یاسایی و ئیداری دەبەخشێتە خاوەنەکەی و دەیپارێزێت لە گشت جۆرەکانی لێپرسینەوەو سزادان... جگە لەوەی ئەو دەستتێوەردانەی حزب دەبێتە هۆی:
1. نەبوونی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو.
2. دروستکردنی پۆستی ئیداری تایبەت (دادورێنی کورسی) بۆ کەسانی دیاریکراو.
3. قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان لەدەست کەسانی دیاریکراودا، و ڕێگە نەدان بە کەسانی شیاوو تەکنۆکرات بۆ هاتنە پیشەوە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی.
4. دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی بەرژەوەندی بەرامبەری (مصالح متبادلة) لە نێوان سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەپێوەری وەلائی حزبی دادەمەزرێن یا پاداشت و خەڵات دەکرێن بە پۆستی ئیداری، بە جۆرێک کە هەریەکێک لەو کەسانە دەبێتە بەدیهێنەرو پارێزەری بەرژەوەندی کەسانی سەرو خۆی و خوار خۆی. بۆیە لەکاتی تاوانبارکردنیا بێخەمە لەوەی کە کەس ناوێرێ باسی بکات و سزای بدات، بەم جۆرە بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی گەندەڵی و دەبێتە نمونە بۆکەسانی تر بۆلاسایکردنەوەی و هەوڵدان بۆ خۆهەڵواسین بە حزب و لایەنی دەسەڵاتداردا.
5. نەبونی شەفافیەت لە کاروچالاکیەکانی حکومەتدا، حوکومەت لەکاتێکدا فەلسەفەی دروستبونی لەسەر بنەمای پڕکردنەوەی پێداویستییە بە کۆمەڵەکانی کۆمەڵگا دامەزراوە، واتە دەسەڵتێکە بۆ خزمەت کردنی کۆمەڵگە.. دەبێتە ناوەند و دەزگایەک بۆ ڕوتاندنەوە و فێڵکردن لە کۆمەڵگا، لەبەرامبەر بەدیهێنانی خواست و پێداویستییەکانی چینی دەسەڵاتدار بە تایبەتی لە کاتی جەهلی هاوڵاتیان بە مافەکانیان، دەرئەنجامیش دەبێتە هۆی :
هەوڵدانی تاکەکان بۆ ئیعتیماد کردنە سەر خۆیان لە پڕکردنەوەی پێداویستیەکان هەریەک لەسەر حسابی بەرژەوەندی ئەوی تر، و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە ناوەندە حکومییەکان لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی مافی خۆت بەدەستی خۆت ،و قۆستنەوەی بوونی دەسەڵات لە ئێستاداو چاوەڕوان نەکردنی پاشەڕۆژ، و...هتد.
فراوانبوونی جیاوازی کۆمەڵایەتی و چینایەتی لە بەینی چینی دەسەڵاتداری سوودمەند و چینی زەرەرمەند، هەوڵدانی چینی دووەم بۆ لاساییکردنەوەی چینی یەکەم، وە بەکارهێنانی شێوازی جیاواز بۆ بەدەستکەوتنی مافەکانی لە چینی یەکەم وەک واسیتە و بەرتیل و خۆپیشاندان، و ..هتد.
پڕنەبوونەوەی بەشێکی زۆر لە خواست و پێداویستییەکانی کۆمەڵگا،و دروستبوونی هەستی نائومێدی لەلای کەسانی دەرەوەی چینی سوودمەند، دواتر دابڕانی حکومەت لە کۆمەڵگا.
دەقگرتنی کۆموڵگا بەدیاردەی گەندەڵی و ڕەگداکوتانی دیاردەکە بەهۆی خراپی باری دەرامەت و بژێوی توێژی فەرمانبەران لەماوەی ساڵانی گەمارۆی ئابوری و پەنابردنە بەر شێوازە نادروستەکان بۆ بەدەستهێنانی دەرامەتی زیاترو لەدەستدانی زۆرێک لەبەها کۆمەڵایەتی و جوانەکانی کۆمەڵگا، بیرکردنەوە تەنها لەبەرژەوەندی تایبەت، و دەقگرتنی کۆمەڵگا بەم دیاردە دزێوانەوە دوای باشبوونی ئاستی دەرامەت و بژێویش.
لاوازبونی هەستی نەتەوایەتی لای کۆمەڵانی خەڵک و بەتایبەتی بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسان لە بەدیهێنانی بەڵێن و پەیمانەکانیان بۆ گەل و نەتەوە، کە جۆرێک لە نائومێدی یان پەشیمانی دروستکردووە لە گیانی خەبات و خۆبەختکردن لەپێناو خاک و نەتەوە و بۆتە هۆی بەلاوەنانی بەرژەوەندی گشتی و کارکردن بۆ بەرژەوەندی تایبەت لەلایەن زۆرێک لە هاوڵاتیانەوە.
زۆری دامودەزگا و ناوەندەکانی بڕیاردان لەسەر گرفت و کێشە و بابەتەکانی پەیوەست بە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاوە، کە زۆری ئەم لایەن و ناوەندانە و جیاوازی بڕیارو بۆ چوونەکانیان زەمینە سازدەکات بۆ دەستێوەردان لە کاری فەرمانگە حکومییەکان و دواتر بۆ سەرهەڵدان و فراوانبوون و بەردەوامبوونی دیاردەی گەندەڵی..
نەبوونی ئازادی تەواو بۆ گفتوگۆکردن و ڕوبەروبوونەوەی دیاردە نادروست و نەگەتیڤەکانی کۆمەڵگا بە گەندەڵی ئیداریشەوە بەشێوەیەکی زانستی و ئاشکرا، ڕاستی ئەمەش پەنابردنە بەر شێوازە ناڕاستەوخۆکانە لەلایەن ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و رۆژنامەنوسانەوە لەرێگەی نووسراو و چیرۆک و درامای کاریکاتێری و تەنز و ...هتد.

سێیەم - دەرئەنجامە ئابوورییەکانی گەندەڵی ئیداری
1. سەرهەڵدان و زۆربوونی بێکاری بەهۆی ئیعتیماد کردنە سەر تەزکیە و وەلائی حزبی لە دامەزران و قۆرخکردنی بوارەکانی کارکردن لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ چینێکی کۆمەڵگا، یان بڵاوبونەوەی بێکاری دەمامکدار (البطالة المقنعة) لەناو فەرمانگە حکومیەکان بەهۆی دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لە دەستی کار لەسەر بنەمای پێشوو، وە دوور لە پێداویستی فەرمانگەکان و تواناو لێهاتویی زانستی و پسپۆڕیان. کە دەبێتە هۆی بەفیرۆچونی بەشێک لە سامانی مرۆیی و سامانی نەتەوەیی ودارایی دەوڵەت بەهۆی بارگرانبوونی بوودجەی حکومەت بە موچەو کرێی ئەو کارمەندانە جگە لە کەمبووەی دەستی کار لە ناوەندەکانی کارکردنی دەرەوەی جیهازی حکومی و بەرزبونەوەی کرێی کرێکار دواتر تێچونی بەرهەمهێنان بە گشتی.
2. دابەشبوونەوەی نایەکسانی سامان و داهاتی نەتەوەیی لەکۆمەڵگا و زیادبوونی جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە نێوان سوودمەند و زەرەرمەندی دیاردەکە، هەوڵدانی خەڵکی دەرەوەی دەزگا حکومییەکان بۆ خۆدامەزراندن لە فەرمانگە حکومییەکان بە ڕێگا و شێوازی نادروست و لەرێگەی بەرتیل و واسیتە و..هتد، کە دەبێتە هۆی ڕۆژ بە ڕۆژ تەشەنەکردنی دیاردەکە و جگە لە چۆڵکردنی بوارەکانی تری کارکردن لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی کەشەوە نەگەیشتن بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئەو بەرژەوەندیانە لەلای توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و گەشەکردنی توندووتیژی و دیاردەی کۆمەڵایەتی نەشیاو و تاوان و دواتریش گرفتی سیاسی و ڕەنگە توندڕەوی و تیرۆر..
3. پڕنەبوونەوەی بەشێکی زۆر لە پێداویستییە بە کۆمەڵەکانی کۆمەڵگا و خراپی و کەمووکورتی ئەو بەشەش کە دابیندەکرێت، وە لە دەستدانی تواناکانی دەوڵەت بۆ فراوانکردن و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری گشتی بەهۆی بەفیرۆدان و بەتاڵانبردن وقۆرخکردنی سەرچاوە دەرامەتییەکانی دەوڵەت بە کاریگەری گەندەڵی ئیداری کە لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرجەستە نەبوونی تەواوی فەلسەفەی دروستبوونی حکومەت لە دەوڵەتدا.
4. لەدەستەدانی تواناکانی دەوڵەت بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دەرامەتی گونجاو بۆ بودجەی گشتی و زیادبوونی دیاردەی (التهرب الضريبي)،و کاریگەری خراپی ئەم دیاردەیە لەسەر داهاتی گشتی و بودجەی حکومەت و دابەشبوونی داهات و سامانی نەتەوەو چینایەتی کۆمەڵگا..هتد.
5. نەمان و لاوازی متمانە بە بارودۆخی ئێستا و ئایندەی ئابوری وڵات، و هەڵاتنی سەرمایە، و هێزی کار و توانا مرۆییەکان بەرەو جیهانی دەرەوە، و بەفیرۆدانی هەلومەرجی هاتنی سەرمایەی بیانی بۆ ناوخۆو درووستکردنی پێگە و ناوەدێکی باش بۆ ئەنجامدانی کاری ئابوری نایاسایی و سوودوەرگرتنی کەسان و لایەن و دەوڵەتانی بێگانە لەم بارودۆخە بۆ سپیکردنەوەی ماڵی پیس(غسیل الاموال القذرة).
6. شێواندنی بڕیارەکانی وەبەرهێنان (القرارات الاستثمارية)و دابەشکردنەوەی دەرامەتە ئابورییەکان بەشێوەیەکی نەگونجاو لەگەڵ توانا و خواستەکانی کۆمەڵگا، و بەفیرۆدانی ئەو دەرامەتانە لە پرۆژەی بێسوود و بێ بەرهەم، یان ئەو بوارانەی تەنها بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراو دەستەبەر دەکات.
7. بەرزبونەوەی ئاستی گشتی تێچوونی بەرهەمهێنان و نزمبونەوەی ئاستی جۆرایەتی(مستوی الجودة) لە کەرتی گشتی کە دواتر دەبێتە فاکتەرێک بۆ بانگەشەکردن و خێراترکردنی پرۆسەی بەتایبەتکردنی موڵکەکانی حکومەت(عملیات الخصخصة)، کە دووبارە بە کاریگەری گەندەڵی ئیداری ئەم پرۆسەیەش لە بارودۆخێکی دوور لە مونافەسە و ئازاد و گونجاو ئەنجامدەدرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ بەهەرزان فرۆشتن و بەتاڵانبردنی ئەم موڵکانە.
8. لاوازبوونی گەشەی ئابوری بەهۆی لاوازبونی ئاستی گشتی خواست و خستنەروو بەهۆی دووبارە دابەشبوونەوەی دەرامەتەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی نایەکسان لە بەرژەوەندی چینێکی کەم لەسەر حسابی زۆرینە بە تایبەتی کە ئەگەر کەرتی گشتی بەشێکی زۆری ئابوری پێکبهێنێت.
9. دروستبوونی بازنەیەکی داخراو لە هۆکارو دەرئەنجامە ئابوریەکان وگەندەڵی ئیداری، چونکە دیاردەکە دەبێتە هۆی ئەو دەرەنجامانەی لای سەرەوە کە ئەمانەش دەبێنە فاکتەری بەهێز بۆ پاڵنان بە ئەندامانی کۆمەڵگاوە بۆ گەڕان بەدوای بەدەستهێنانی دەرامەتی زیاتر بەشێوەیەکی نایاسایی و نەشیاو، و فراوانکردنی سنووری دیاردەی گەندەڵی و بەمجۆرە.. هتد.

چوارەم- چارەسەرکردنی گەندەڵی ئیداری
1. دەرکردن و جێبەجێکردنی یاسایەک لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی دیاردەی گەندەڵی ئیداری.
2. پاراستنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادگا، دوور لەدەستتێوەردانی حزب و دەسەڵاتی حکومەت.
3. سزادانی سەرجەم ئەو کەس و کارمەندانەی کە تێوەگلاون لەم دیاردەیەوە لە هەر پلە و پایەکی وەزیفیدابن بە بێ هیچ هەڵاوێرکردنێک (استثناء)، باشترە لە فەرمانبەران و بەرپرسانی پلە بەرزەوە دەست پێبکرێت دواتر بۆ پلە نزمەکان..وە لەناوەندە حزبی و سیاسیەکانەوە دواتر بۆ ناوەندە حکومیەکان.
4. چالاککردن و ئازادکردنی زیاتری ڕۆڵی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و تاوانی ئەو کەسانەی تۆمەتبار و تێوەگلاون لە هەر پلەو پایەکدابن لەلایەن سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن، و پەردە هەڵماڵین لەسەر تاوانەکانیان بەبێ هیچ پاساو و هەڵاوێرێک.
5. چاوخشاندنەوە بە یاساو ڕێنمایەکانی کارکردن و دامەزراندن لە دامودەزگاکانی حکومەت، و ڕێگەگرتن بە یاسا لە دیاردەی واسیتە و بەرتیل و..هتد. و جەختکردن لەسەر ئەخلاقیەتی وەزیفی و توانای زانستی و لێهاتوویی لە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە و پاداشتکردن و ..هتد.
6. کردنەوەی نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە دیاردەی گەندەڵی ئیداری سەر بە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و بەدواداچوونی سەرجەم ئەو ناڕەزایی و سکاڵا و هەواڵانەی دەگەنە ئەو نووسینگانە لەو باریەوە.
7. دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوە و بەگژاچوونەوەی دیاردەکەو مەحکومکردنی، وهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بە مافەکانیان و راهێنانیان لەسەر بەگژاچونەوەی گەندەڵی ئیداری و ڕاهێنان لەسەر مامەڵکردن لەگەڵ دەزگاکانی حکومەت لەسەر بنەمای داواکردنی مافەکانیان نەک سەندنەوەی ئەو مافانە.
8. کارکردن بە سیستمی (التدویر الوظيفي)، و گۆڕینی شوێنی بەڕێوبەران و بەرپرسان لە ماوەی نزیک نزیکدا بۆ ڕێگەگرتن لە دروستکردنی تۆڕو باندی گەندەڵی.
9. بەردەوام چاوخشاندنەوە بە سیستمی دابەشکردنی موچەوکرێ و ڕاگرتنی هاوسەنگی باری بژێویی لە نێوان چینی موچەخۆران و چینەکانی تری کۆمەڵگا.
10. چاودێریکردنی لایەنەکانی خەرجکردنی سامان و ماڵی دەوڵەت و لێپرسینەوە لە سامان و ماڵی بەرپرسان لەسەر بنەمای (من این لک هذا)، و مصادەرکردنی ئەو سامان و دەرامەتانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی بە دەستهێنراون.
11. کارکردن بە شەفافیەت لە بواری بەستنی گرێبەست و فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکەکانی دەوڵەت.
12. دەستهەڵگرتنی حزب و لایەنە سیاسیەکان لە کاری دەستێوەردانی دەزگا حکومی و یاساییەکاندا.
13. کارکردن با بنەمای دانانی (کەسی شیاو لە شوێنی شیاو)،وە جاڕدان و بانگەوازکردنی ئاشکرا لەکاتی بوونی فرسەتی کارکردن لە دەزگا حکومییەکان، لەسەر بنەمای منافەسە و توانا و لێهاتویی فەرمانبەران دابمەزرێن دوور لە واسیتە و تەزکیەی حزبی..هتد.
14. کارکردن بە سیستمی (خۆ پاراستن لە چارەسەرکردن باشترە)،واتە هەوڵدان بۆ رونەدانی گەندەڵی نەک گەڕان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە دوای روودانی.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket